IMAGE 2018 08 12 214436

بەشداری لاوان لە شۆڕش و کاروباری سیاسیدا وەکوو پێداویستییەکی کۆمەڵگا و شۆڕش بۆ کەڵک وەرگرتن لە هێز و توانای لاوان هەژمار دەکرێت

لە کۆنگرەی شانزەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کە بە کۆنگرەی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" ناودێر کرابوو، بەشداری توێژی لاوان بەرچاو بوو، ئەو بەشدارییە ڕەنگدانەوەی لە سەر هەڵبژێردراوانی ئەندامانی کۆنگرە بۆ ناوەندی سیاسی هەبوو، هەروەها بەشداری کردنی لاوان لە بوار و پلەی جیاوازدا لە بەشەکانی دیکەی کارگێڕی وەکوو کولتوورێک پەرە پێدەدرێت

لە ڕۆژی لاواندا بۆ باس کردن لە سەر ئەو مژارە و تیشک خستنە سەر کەڵک وەرگرتن لە هێزی مرۆیی لاوان، ماڵپەڕی لاوان وتوێژێکی لەگەڵ هاوڕێ ئەلبورز ڕۆئین‌تەن، لاوترین ئەندامی ناوەندی سیاسی پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ دەقی وتوێژەکە لە خوارەوە ڕادەکێشین

ماڵپەڕی لاوان: بە گوێرەی ئامارەکان ڕێژەی لاو لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕێژەیەکی بەرزە کە بە کۆمەڵگا لاوەکان دەناسرێ، ئێوە ئەو بابەتە چۆن دەنرخێنن

ڕۆئین‌تەن: سەرەتا بە بۆنەی ڕۆژی لاوان وێڕای پیرۆزبایی لە لاوانی کورد بە گشتی و لاوانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، هیوا دەخوازم لاوان پێکەوە دەست لە ناو دەستی یەکتر ڕۆژی لاوان لە وڵاتێکی ئازاد و پێشکەوتوودا، ڕۆژی لاوان بەرز و پیرۆز بکەن
لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بەرز بوونی ڕێژەی لاو لە هەر کۆمەڵگا و وڵاتێک بە یەکێک لە فاکتەرەکانی بەرەو پێش بردنی وڵات دەزانن، چونکە ئەوان بە بەرنامە و پلانی جۆراوجۆر هەوڵی پەروەردەی ئەو هێزە مرۆییە گەوەرەیە دەدەن کە بە داینەموی بەرهەم هێنانی زانستی و کار و داهێنان لە بواری جیاجیاکاندا دەزانرێت، بۆ ئەوەی کە بتوانن زیاتر لەو هێزە کەڵک وەرگرن، هەر بۆیەش بەرز بوونەوەی ڕێژەی گەنج یا ئاماری گەنج بوونی وڵاتێک بە دەرفەتێک هەژمار دەکەن. بەڵام ئەو بابەتە لە کۆمەڵگایی ئێمە دا لە ژێر حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا بە تەواوەتی جیاوازە نەک ئەو ڕێژەیە بە دەرفەت نەزانراوە بە ڵکوو وەکوو مەترسییەک لێی دەڕوانێت و هەر بۆیەش نەک هەوڵی پەروەردەی دروست نادات بەڵکوو پێی وایە دەبێ ئەو توێژە لە تاریکی و بێکاری و بە دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتی تر بناڵێنێت بۆ ئەوەی نەتوانێ هێزی خۆی بخاتە خزمەتی پێش خستنی نیشتمان یا داوا کردنی ماف و ئازادییەکان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خوێندنەوەی وردی بۆ ڕووداوەکانی کۆمەڵگا هەوڵ دەدات کار بکات بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە و ئەو هێزە مرۆییە گەورە بخاتە خزمەتی شۆڕش بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد و کامەران بۆ نەتەوەکەی ئێمە بەدی بێنێت. هەر لەو سۆنگەوەیە بوو کە کاتی ڕاگەیاندنی "ڕاسان" لە پەیامی نەورۆزیدا ڕووی لە لاوان کرد و داوایان لێکرا بێنە ڕێزی شۆڕش، بە حەق بڵێین کە لاوانیش بە باشی وەڵامیان داویەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێزی شۆڕش زیاتر دەخرۆشێنن

ماڵپەڕی لاوان: خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ ئامانجە نەتەوەییەکان لە ساڵانی دوایی لە ژێر ناوی "ڕاسان"ـدا زۆر بە بەرنامە و ئامادەیی تەواوە بەرەو پێش دەڕوات، هێزی لاوان دەتوانێ چە کاریگەرییەکی لە سەر ڕاسان هەبێت

ڕۆئین‌تەن: ڕاسان وەکوو شۆڕشی ئێستای گەلەکەمان بۆ دابین کردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەیی بە بەشداری توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرەو پێش بردنی شۆڕشی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا هەبووە و هەیە. نێوەڕۆکی ڕاسان کە خۆی لە لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموون و هێزی خاوەن ئەزموونەکانی نێو شۆڕش بە داینەمۆ و باوەڕی شۆڕشگێری و هێزی لاوان بەرەو پێش دەچێت. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات زۆر بە باشی درکمان بەو هێزەی لاوان کردووە بۆیە وێڕای پەیوەندی لەگەڵ توێژی لاوان بۆ بە کارهێنانی هێزی ئەوان، لاوانیش حیزبی دێموکراتیان بە هۆی هەبوونی بەرنامە پێشکەوتوو و سەردەمیانەی بە چوارچێوەیەک بۆ خەبات و تێکۆشانی خۆیان زانیوە
ئێمە پێمان وایە ڕێژەی سەروی لاو لە کۆمەڵگادا دەبێ بیکەین بەفاکتەرێک بۆ بەهێز بوونی شۆڕش و کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە هێزی لاوان. وێڕای پشتیوانی و پەروەردە کردن لە ناوەندەکانی بڕیاریش دەبێ بەشداریان پێ بکەین. هەروەها لە بیرمان نەچێ پشتیوانی ئێمە لە ڕێکخراوی یەکەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ سەرکەوتنی زیاتری ئەوان لە کاروبارەکانیان بە بێ دەست تێوەردان، بەشێکی تری هەوڵی ئێمە لەو ڕاستایەدا هەژمار دەکرێت. هەر ئەوەش لە کۆنگرەی شانزەهەمی حیزب بە باشی ڕەنگی دابووە کە ژمارەیەکی باشی لاوان تێیدا بەشدار ببوون و تەنانەت لە ناوندی سیاسی وەکوو ناوەندێکی یاسادانەر و داڕێژەری سیاسەتی گشتی حیزب هەبوونی ڕێژەیەکی باشی لاو بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنێم

ماڵپەڕی لاوان: ڕۆلی ڕێکخراوی یەکەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کار کردن بۆ توێژی لاو و هەروەها دەوڵەمەند کردنی بیر و هزری لاوان بە بیرێکی نەتەوەیی بۆ خزمەت کردن بە ئامانجە نەتەوەییەکان و داواکاری ئەم توێژە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەنرخێنێن

ڕۆئین‌تەن: دەمهەوێ سەرەتا ئەوە وەبیر بێنمەوە کە ڕێکخراوەکەتان وەکوو بەرهەمێکی کۆمار و هەروەها مێژووە زێڕینەکەی جێگایەکی تایبەتی بۆ من و هەموو لاوان و کۆمەڵگا هەیە، هەروەها بەشێکی بەرچاوی خەباتگێڕانی ئازادیخواز لە ڕێگای ڕێکخراوی ئێوەوە لە قوناغی جیاوازدا هاتوونەتە ناو ڕێزی شۆڕش و بە پێویستی دەزانم ناوی دوکتور قاسملوو ڕێبەری هەمیشە زیندوو کە یەکێک لەوانە، بهێنم. لە لایەکی دیکەوە هەبوونی بەرنامەیەکی پێشکەوتوو بۆ لاوان لە ئێستادا وێڕای شانازیەکی گەورە ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئێوە کە دەبێ زۆر کار بکەن بۆ ئەوەی خزمەتی هەرچی زیاتر بە لاوانی کورد بە گشتی و لاوانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بکەن. لاوانمان لە هەر شوێنێک بە گوێرەی تایبەتمەندییە پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پێویستی بە ڕێکخراوێکی وەکوو ڕێکخراوی ئێوە هەیە تا وێڕای پێگەیاندنی خۆیان لە بواری جیاجیادا هێزی خۆیان ڕێک بخەن لە پێناو خزمەتی زیاتر بە نیشتمان، بۆیە ئێوە وێڕای بەرفراون کردنی تۆڕی ئەندامەکانتان لە هەموو شوێنێک بۆ هەر شوێنێکیش بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی سەردەمیانە وەڵام دەرەوەی خواست و ویستی توێژی لاوان بن، ئێوە دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرنامەتان بۆ بوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی و وشیار کردنەوەی لاوان بۆ دوری کردن لە دیاردە ناپەسەندەکانی کۆمەڵگا بکەن کە لاوان بە لاڕێدا دەبات
لە نێوخۆی شۆڕشدا دەبێ هەنگاوی گرنگ بۆ پێگەیاندنی لاوان هەڵبگرن، لە دەرەوە وێڕای بوون بە دەنگی لاوانی ڕۆژهەڵات لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەولەتییەکان هەولی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لە نێو لاواندا بدەن، هەر وەکوو دەبینن ئەرکی زۆر قورستان هەیە کە دەبێ هەوڵی بۆ بدەن، سەرکەوتنتان لەو بوارانەدا خزمەتێکی زۆریش بە ڕاسان هەژمار دەکرێت
با ئەرکی ئێوەش قورس بێت بەڵام من باوەڕم بە هێزی ئێوە هەیە کە دەتوانن سەرکەوتوو بن ئێمەش ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ پشتگیرتان دەکەین

ماڵپەڕی لاوان: دەکرێ بە کورتی ئەزموونی خۆتان وەکوو لاوێک لە نێو حیزبی دێموکراتدا باس بکەن و لە کۆتایی دا ئەگەر وتەیەکتان هەبێ بۆ لاوان بفەرموون

ڕۆئین‌تەن: من شانازی ئەوەم هەیە وەکوو منداڵی شۆڕش هەر زوو تێکەڵ بە شۆڕش بم و دوای ئەوەی کە لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێ بووم، وەکوو ئەندامی ئاشکرای حیزب درێژەم بە کار و خەباتی خۆم دا، دوای وەرگرتنی متمانە بۆ ئەندام کۆمیتە لە دانمارک و دواتر بەرپرسی تەشکیلات لە کۆنفرانسی کۆنگرەی شانزەهەمدا توانیم متمانەی ئەندامان بۆ ئەندامی کۆنگرە وەکوو نوێنەری کۆمیتەی وڵاتی دانمارک بەدەست بێنێم، دواتریش لە کۆنگرەدا بە ئەندامی ناوەندی سیاسی هەڵبژێردرام . وەرگرتنی ئەو ئەرکە لە قوناغێکی وا هەستیاردا کە حیزب پێکهاتەی نوێی پەسند کردووە و هەروەها لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕاساندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە کە وا دەکات ئێمە بە خۆماندوو بوونێکی زۆرترەوە کارەکانمان ئەنجام بدەین
پێویستە ئێمە وەکوو توێژی لاوان هەموو هێز و توانامان بخەینە گەڕ بۆ پێش خستنی ڕاسان و بەشداری چالاکانەمان لەکاروباری شۆڕشدا بۆ ئەوەی ئەرکی خۆمان لە بەرانبەر نیشتمان بەجێ بگەینین، نیشتمانی جوانمان کوردستان و نەتەوە چەوساوەکەمان کورد شایانی کیانێکی ئازاد و ژیانێکی سەربەستە، ئەوەش بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک بەگشتی و بە تایبەتی لاوان دێتە دی، بۆیە دەبێ لەو ڕاستایەدا بۆ پێگەیاندنی خۆمان بە ئەنجام دانی کار و چالاکیمان تێبکۆشین. هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێکخراوەکەتان و ژیانێکی ئازادیش بۆ لاوانی کورد بە ئاوات دەخوازم

ئامادەکار : پێژمان شەریعەتی