Akounawa 21.9

 
 
لاوان میدیا: لە دڕێژەی کار و چالاکییەکانی ناوەندی ڕێکخستنی گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات
 کوردستانی ئێران، کۆنفرانسی کۆمیتەی "هەتاو" لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.
 
 
ڕۆژی هەینی ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۲۱ی سێپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، کۆنفرانسی کۆمیتەی "هەتاو" لە شاری سلێمانی بە بەشداری بەڕێز "فواد خاکی‌بەیگی" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سلێمانی و بەڕێز "پژمان شەریعەتی" جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان لە بنکەی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، بەڕێوە چوو.
 
 
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان بەڕێز "پژمان شەریعەتی" جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان باسێکی لە سەر کۆنگرەی نۆهەمی یەکیەتیی لاوان و ئاڵوگۆڕەکانی کۆنگرە و ئەرکەکانی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.
 
 
لە بڕگەیەکی‌تری کۆنفرانسەکەدا بەڕێز "واحێد ئەحمەدی" جێگر ناوەندی ڕێکخستنی گشتی یەکیەتیی لاوان باسێکی لە سەر چۆنییەتی بەڕێوە چوونی کۆنفرانسەکانی ناوەندی ڕێکخستن پێشکەش بە بەشدار بووان کرد، دواتر بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی کۆمیتەی هەتاو و یەکیەتیی لاوان بەگشتی، بەشدار بووان ڕەخنە و بۆچوون و تێبینییەکانیان خستە بەرباس و وتووێژیان لەسەر کرا.
 
 
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، بە شێوەی هەڵبژاردن لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی "هەتاو"ـی یەکیەتیی لاوان، بەڕێز "ئازاد شافێعی" بەرپرسی پێشووی ئەو کۆمیتەیە جارێکی‌تر وەکوو بەرپرسی کۆمیتە هەڵبژێردرایەوە و کۆنفرانسەکە کۆتایی پێهات.