mhabadyakanئەندامانی ناوەندێکی پەروەردەی فیکریی منداڵانی شاری مەهاباد، لە نێو ٢٦ وڵاتدا توانییان پلەی یەکەم بەدەست بێنن.

 

 

 حەوتووی ڕابردوو ١٢ کەس لە ئەندامانی ناوەندی ژمارە ٢ی ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی مەهاباد، پلەی یەکەمی " فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی نەقاشیی منداڵانی نەخۆش"یان لە شاری تاران بەدەست هێنا.
لەو فێستیڤاڵەدا، ٩٠٠ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە ٢٦ وڵاتی جیهان و لە ٤ گرووپی تەمەنیی جیاوازدا، بەشدارییان کردبوو.

کەوسەر قەهرەمانی، هانا بەنەفشە، سەبا سەید عەزیزی، لەیلا هەمە کۆسە، نارین فەرەجی، فەریبا جەوانمەردی و دیلان قەهرەمان‌پوور، سوهەیلا جاوید مێهر، سومەیە هەمە کۆسە، سەبا قوڕەیشی، سەمیرا دەرویشی و سەیران مەلال زادە، ئەندامانی هەڵبژێردراوی بەشی تیمی ناوەندی پەروەردەی منداڵانی مەهاباد بوون.

نێوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە بریتی بوو لە ئەزموونی منداڵان لەکاتی خەواندنیان لە نەخۆشخانە و تەندروستیی جەستەییان، کە بە شێوەی نەقاشی خرایە ڕوو. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر کاتژمێرێک‏دا ١٧ هەزار منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆکاری جیاواز دەمرن.

منداڵانی مەهابادی، خەڵاتەکان و هەروەها تەندیسی فێستیڤاڵەکەیان بە بەشداریی وەزیری بێهداشت، چارەسەری و بارهێنانی پزیشکی ئێران وەرگرت.
بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێوڕەسمێکدا و لە ٣٠ شاری جیهان دەخرێتە پێش چاوی خەڵک.

بڕیار وایە ئەم فێستیڤاڵە، ساڵی داهاتوو لە وڵاتی مەجارستان بەڕێوە بچێت.

 

ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا