فیلمێكی سینەمایی دەرهێنەرێكی بەغدادی، كە چیرۆكەكەی باس لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەكات، لە 10-ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رۆما لە ئیتاڵیا پیشاندەدرێت.sinamalaitalya

 

 

 

 

عەلی رەحیم، سینەماكارێكی عەرەبی عێراقە و خەڵكی شاری بەغدایە، لەبارەی فیلمەكە راگەیاند " فیلمەكە باس لە كارەساتی هەڵەبجە دەكات و ناوی فیلمەكەش (بەلەنج) یە، ئەمڕۆ من دەچمە ئیتاڵیا و لەكاتی نمایشكردنی فیلمەكە ئامادەدەبم".

گوتیشی "ئەم فیلمە لە دەیان فێستیڤاڵی گرنگی دونیا پیشاندراوە و ئێستاش كاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی ئاسیا پاسفیك-ی ناسراو بە ئۆسكاری ئاسیا".

فێستیڤاڵی سینەمایی رۆما، كە چالاكییەكانی تاوەكو 24 ی ئەم مانگە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەردەوامدەبێت، چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكەش بە فیلمی ئەمەریكی راستی دەرهێنەری بەنێوبانگ جەمیس ڤاندێربیڵت كرایەوە، كە فیلمێكی 121 خولەكییە و لە 16ی تشرینی یەكەم بۆیەكەمجار لە ئەمەریكا پیشاندرا.

فێستیڤاڵی سینەمایی رۆما لە ئیتاڵیا، بە یەكێك لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەمایییەكانی وڵاتی ئیتاڵیا دادەنرێت، یەكەمین خولی فێستیڤاڵەكەش لە ساڵی 2006 بەڕێوەچووە و تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی ساڵانە بەردەوامە.

 

Rudaw