هەواڵی سیاسی

hawram rahimiii

حەسەن لەماوەی نزیک بەچوار ساڵ سەرۆککۆماریدا کە لە رێگەی هەڵبژاردنی ساختەو درۆیینەوە ئەم پۆستەی پێدراوە، ئەوە جاری دووهەمە کە سەردانی پارێزگای سنە دەکات.

PDKI 95كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پەیامێكدا داوای لە چەكدارانی بەكرێگیراوی ڕێژیم لە كوردستاندا كرد واز لە خەیانەت بە گەل و نیشتمانەكەیان بهێنن و سەنگەرەكانیان لە بەرەی داگیركەرەوە بگوازنەوە بۆ بەرەی گەل. 

300709 8f2935e2ba7f533a34ea427a2564f3baسامانتا پاوێر باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە نابێ چاوپۆشی لە کردەوەکانی ئێران لە ناوچەدا بکرێت.

d. edris ahmadiگەڕانەوەی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بۆ شاخ لە بەهاری ٢٠١٥دا، وەرچەرخانێکی مێژووییە. ئەو هەنگاوە مێژووییە دەشێ دەسکەوتی نیزامی و سیاسی گرنگی کورتمەودا و دوورمەودای لێ بکەوێتەوە. وێڕای ئەوە، ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە ناوچە سنوورییەکان، هەر لە ئێستاوە بۆەتە هۆی تێکدانی دۆزی هەنووکە.


دۆزی هەنووکە – دۆزێک کە پاش تیرۆرکرانی د. شەرفەکەندی و دواتر ڕاگرتنی خەباتی چەکداری هاتە ئاراوە – تاکوو ئیستا بریتی بووە لە سەرکوت کردنی گەلی کورد لە لایەن ئێرانەوە بە بێ ئەوەی کاردانەوە یان بەرهەڵەستکاریی جیدی هێزە کوردییەکانی لێ بکەوێتەوە. لایەنێکی دیکەی دۆزی هەنووکە، لە رۆژێف کەوتنی پرسی کوردە لە رۆژهەڵات و تەنانەت لەبیرچوونەوەی ئەو پرسە لە ئاست نێودوەڵەتیدا. لەو شوێنەی زوڵم و داگیرکاری هەبێ، دواجار بەرهەڵەستکاریش دەبێ. ئەو بەرهەڵەستکارییە زەمینەی خۆی دەوێ، بەڵام زەمینەش لەبار بێ، لە نەبوونی هێزی رێکخراو، بەرهەڵەستکاری بە شێوەیەکی کاریگەر شکڵ ناگرێ.
سەرباری تێکدانی دۆزی هەنووکە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ شاخ سەرەتایەکە بۆ یەکریزی نێو بزووتنەوەی کورد و پێکهێنانەوەی هێزی رێکخراوەی رۆژهەڵات لە پێناو رزگاری گەلی کورددا. ئەم وتارەی بەردەست هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ لێکدانەوەی ئەو هەنگاوە مێژووییە بە ترکیزکردن لەسەر ئاکام و دەسکەوتەکانی، چ لە کورتمەودا و دوورمەودادا.

لە شۆڕسی ٦٧-٦٨ وە بۆ بەهاری ٢٠١٥

رەنگبێ مێژوویبوونی ئەو هەنگاوەمان لە کاتی ئێستادا بە ڕوونی بۆ دەرنەکەوێ، بەڵام بە تێپەڕینی زەمان، زۆرتر ڕوون دەبێتەوە. بە مانایەک، دەکرێ لە گەڵ شۆڕشی ٦٧-٦٨ (٤٦-٤٧) بەراوەردی بکەین. سەرەڕای نەبوونی پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە شۆڕشی ٦٧-٦٨ و لە گەڵ سنوورداربوونی ژماری پێشمەرگەی دێموکرات و ئەستەمبوونی وەدەسهێنانی لۆجیستیک بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی درێژماوە لەو سەردەمەدا، دیسان بە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخۆازی رۆژهەڵاتدا دێتە ئەژمار. راستە ئەو شۆڕشە نەک تەنیا بێبەری بوو لە پشتیوانی دەرەکی و تەنانەت لە باشوور دژایەتی کرا و هەروها سەرکردە بەرچاوەکانی حیزبی دێموکرات شەهید کران، بەڵام لە نێوان دامەزراندنی کۆماری کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکرات لە دوای شۆڕشی ئێران تاکوو ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لە نەوەدەکاندا، جێگای خۆی لە مێژووی کورددا کردوەتەوە.

هەرچەند تاکوو ئێستا پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و هێزی نیزامی ئێران ڕووی نەداوە، بەڵام گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ هەر لە ئێستاوە لە بوارەکانی دەروونی، راگەیاندن و سیاسییەوە شوێندانەر و خاوەن دەسکەوت بووە. ئەگەر حزووری پێشمەرگەی دێموکرات لە شاخ درێژەی هەبێ و ژمارەیان ڕوو لە زیادبوون بکا، ئەم هەنگاوە دەشێ وەک وەرچەرخانێکی مێژووی لە قەڵەم بدرێ.

شوێندانانی دەرروونی

پاش تیرۆرکرانی د. شەرەفکەندی، حیزبی دێموکرات قەندیلی چۆڵ کرد، بڕیارێک کە دەبێ بە یەکێک لە هەڵە ستراتژیکەکانی مێژووی ئەو حیزبە بێتە ئەژمار. بە لەدەسدانی قەندیل، حیزبی دێموکرات نەک تەنیا قوڵایی ستراتژیکی لەکیس چوو، بەڵکوو بە نیشتەجێ بوون لە باشووری کوردستان، ئەویش لە هەلوومەرجی دژواری سیاسی و ئابووری دەیەی نەوەددا، بنکەکانی کردە ئامانجی هێرشی زەویی کۆماری ئیسلامی و ئەندامانیشی کەوتنە بەر شەپۆلێکی رەشەکوژیی بەردەوام کە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناویندا وێنەی نەبووە. بە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، حیزبی دێموکرات نەک تەنیا قورسایی سیاسی خۆی لەدەسدا، بەڵکوو مەسەلەی کورد بەرە بەرە لە رۆژێڤ کەوت و لە ئاست نێودەوڵەتیشدا لەبیر چووەوە. یەکێکی دیکە لە ئاکامەکانی چۆڵکردنی قەندیل و ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، ئەوە بوو کە کوردی رۆژهەڵات بڕوای بە خۆی لەدەست دا. بە پێی زەمان، نەک تەنیا بەکەمگرتن و بێڕێزیکردن بە کوردی رۆژهەڵات بوو بە دیاردەی ئاسایی، بەڵکوو بەکەمگرتن و بێڕێزیکردن لە نێوان کوردی رۆژهەڵاتدا دەرهەق بەیەکتر بوو بە باو. هەروها رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات پرستیژ و تا ڕادەیەکیش ئوتۆریتەی دەروون حیزبی لەدەست دا و ئەوەش پەیتا پەیتا زەمینەی خۆش کرد بۆ سەرلێشێوایی سیاسی لە نێو خەڵکدا.

لەوەتا پێشمەرگە گەڕاوەتەوە شاخ، کوردی رۆژهەڵات لە پرۆسەی وەدەستهێنانەوەی بڕوابەخۆبووندایە. لە گەڵ ئەوەشدا، ئاسەواری نەرێنی چۆڵکردنی قەندیل و ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لە بۆاری دەروونییەوە لە سەر تاکی کورد و جەماوەری خەڵکی کوردستان هێشتا ماوە. بۆیە دروسترە ئەو مەسەلەیە وەکوو پرۆسەیەک ببینین. ئاکامی کۆتایی ئەو پرۆسەیە بەندە بە دەوری پێشمەرگە لە دوورمەودادا، بەڵام نیشانەکانی هەڵوەشانەوەی ئەو ئاسەوارە نەرێنییە لە ئێستاوە بەدی دەکرێ.

لێرەدایە شوپهاندنی دەوری پێشمەرگە لە خەباتی رزگاریخۆازیی کورددا بە دەوری دڵ لە جێگای خۆی دایە. دڵ، گرنگترین ئۆرگانی جەستەی مرۆڤە. بە بێ دڵ، هیچ ئۆرگانێکی دیکە ئیش ناکا. پێشمەرگەیە خوێن دەدا بە گەل و رێبەر. پاش تیرۆرکرانی د. شەرفکەندی، دڵە گەورەکەی رۆژهەڵات لە لێدان کەوت. تاکوو ئەو دڵە عەزیمە نەکەوێتەوە کار، هیچ ئۆرگانێکی ئێمە، بە گەل و سەرکردایەتییەوە، خوێنی بۆ ناڕوا.

کۆماری ئیسلامی لە هەموو لایەک چاکتر هێزی پێشمەرگەی دێموکرات دەناسێ. بۆیە بە کتێب، بە فیلم و لە رێگای "مێژووزانەکانی" وەزارەتی ئیتلاعاتەوە زیاتر لە دوو دەیە و بە بەردەوامی لە پەیکەری پێشمەرگەی داوە. لەم دوایانەدا، پاش پەیامی نەورۆزی مستەفا هیجری، رێبەری حیزبی دێموکرات، ئەو ترسەی زیاتر لە جاران دەردەبڕێ.

شوێندانانی میدیایی

گەڕانەوەی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ شاخ تاکوو ئێستا دەنگدانەوەی زۆری بووە. دەنگدانەوەی گەڕانەوەی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ شاخ بیدایەت بە هۆی ئەوەوە بوو کە جمووجۆڵێکی وا چاوەڕواننەکراو بوو. تەنانەت هێندێک لایەنی کوردی حەپەساند. هێرشی پارتی کرێکاران بۆ سەر پێشمەرگەکان و شەهیدکردنی قادر کەریمی و بریندارکردنی دوو پێشمەرگەی دیکە لە سەرەتای هاوینی ٢٠١٥دا قەیرانێکی خوڵقاند کە سرنجی چوار پارچەی کوردستانی بۆ لای ئەو جمووجۆڵەی حیزبی دێموکرات ڕاکێشاند. ئەو میدیایانەی کە دژ بە حیزبی دێموکرات نەبوون، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ و ئەو رووداوە تراژیدییەیان کرد بە هەواڵی یەکەم. هێندێک لایەنی دیکەی کوردی و چەند دەزگایەکی راگەیاندن سەر بەو لایەنانە هەوڵی زۆریان دا ئەو هەنگاوەی حیزبی دێموکرات کەمڕەنگ بکەنەوە و بە چەواشەکردن و بڵاوکردنەوەی فکری پیلانگێڕی ڕای گشتی بە لارێدا بەرن و زەربە لە حیزبی دێموکرات بدەن، بەڵام هەوڵەکانیان شکستیان هێنا. 
ئەو هەنگاوەی حیزبی دێموکرات پاش نزیک بە ساڵێک، هەر جێگای سرنجی راگەیاندنەکانە. بۆ نموونە، پەیامی ئەوساڵی رێبەری حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ساڵی تازەوە راستەوخۆ لە لایەن کانالێ "رووداو" بڵاو کرایەوە. شوێن و نێوەڕۆکی پەیامەکە لە چاو ساڵانی ڕابردوو جیاواز بوو و هەربۆیەش بایەخێکی تایبەتی پێ درا.

هەرچەند گەڕانەوەی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ شاخ تاکوو ئێستا زۆرتر لە میدیای کوردییدا دەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام سرنجی میدیای بیانیشی بۆ لای خۆی راکێشاوە. تەنانەت هەواڵی پێکدادانی نیزامی لە نێوان پێشمەرگە و پاسداری ئێرانی بڵاو بووەتە، بەڵام بە بێ ئەوەی بە فەرمی لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە پشتڕاست کرابێتەوە.

دەسکەوتی نیزامی و سیاسی

گەڕانەوەی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ شاخ هەنگاوێکی دەسپێشەخەرانە بوو. هەنگاوی دەستپێشخەرانەش لە سیاسەتدا شوێندانان و دەسکەوتی زۆرترە تاوەکوو هەنگاوی دژەکردەوانە یان کاردانەوەیی. هەڵبەت هەنگاوی دەستپێشخەرانەش ڕووبەڕوویی دژایەتی زۆرتریش دەبێتەوە، چوونکە دەتوانێ دۆزی هەنووکە تێک بدا و لەو پرۆسەیەدا بەرژوەندی لایەنی دیکە بخاتە مەترسییەوە.

ئەو هەنگاوە دەسپێشخەرانە هەروها دەوری بەرین و فرەرەهەندی پێشمەرگە دەخاتە ڕوو. بە واتاێکی دیکە، مەرج نییە پێشمەرگە عەمەلیاتی نیزامی ئەنجام بدا بۆ ئەوەی شوێندانەر بێ یان دەسکەوتی سیاسی هەبێ. بە هۆی درێژەکێشانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد، پێشمەرگە بووەتە رەمز. لەو کاتەوە کۆماری کوردستان دامەزرا، پێشمەرگە بووە بە یەکێک لە ماکە ئەساسییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. بۆ گەلی کورد، کە بەردەوام بەرەوڕووی زۆلم و زۆر و لە ژێر مەترسیی کۆمەڵکوژیدا ژیاوە، پێشمەرگە تەنیا پارێزەریەتی. بوونی پێشمەرگە لە شاخ لە بواری دەروونییەوە بۆ تاکی کورد سەرچاوەی سوکنایی، ورەبەرزی و شانازیی نەتەوەییە.

حزووری پێشمەرگە لە شاخ وەدەستهێنانەوەی قووڵای ستراتژیکە بۆ حیزبی دێموکرات. پاش ساڵێک، حزووری پێشمەرگە لە شاخ جێ کەوتووە و ئێستا لەوێ پێشمەرگەی نوێ دەورە دەبینن. حیزبی دێموکرات دەتوانێ لە شاخەوە هێز ڕەوانەی رۆژهەڵات بکا و دەستی بگا بە گوند و شاری کوردستان. هەروها پێشمەرگە دەتوانێ لە کاتی پێویستدا زەربە بدا لە مۆڵگە ستراتژیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێو قووڵای خاکی کوردستاندا و بە مانایەک هێزی نیزامی کۆماری ئیسلامی پەک بخا. بێ گومان، لە کاتی پێویستیشدا، پێشمەرگە دەتوانێ پاشەکشە بکا بۆ شاخ. بە وەدەستهێنانەوەی قووڵای ستراتژیک، سەنگی سیاسی حیزبی دێموکرات دەچێتەوە سەرێ. لە رۆژهەڵاتی ناویندا هێزی نیزامی بنەمای سەنگ و پرستیژ بۆ لایەنە سیاسییەکان پێک دێنێ، جا چ لە حکوومەتدا بن یان لە ئوپۆزیسیۆن. بۆ نموونە، کۆماری ئیسلامی پێگەی جەماوەری زۆر لاوازە ، بەڵام لە ڕووی نیزامییەوە وڵاتانی ناوچە و زلهێزانیش حسابی بۆ دەکەن و دەیانهەوێ لە گەڵیدا رێک کەون. رێکخراوی تاڵەبان نموونەیەکی دیکەیە کە هەڵگری فکرێکی دواکەوتوانەیە و خەڵکی ئەفغانستان لە گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات دەترسن، کە چی دواجار ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناچار بوون داوای دانسووستاندنی لەگەڵ بکەن. نموونەیەکی دیکە، کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو لە ساڵی ٢٠١٣. لەوێدا دەرکەوت کە ئیمکانی ئابووری و هێزی نیزامی سەرچاوەی نفوزن. بۆیە، حیزبەکانی رۆژهەلات، سەرەڕای ڕابردووی دوورودرێژی خەبات و پێگەیی جەماوەرییان، لە لایەن حیزبی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە بە هێند نەگیران و بە پێی پێویست، حسابیان بۆ نەکرا.

ئەگەر لە رۆژهەڵاتی ناویندا دێموکراسی مانادار جێ بکەوێ، لە سیاسەتدا پێگەی جەماوەری جێگای هێزی نیزامی دەگرێتەوە. دێموکراتیزاسۆن لە رۆژهەڵاتی ناویندا رەنگبێ چەندین دەیەی دیکە بخاێنێ. پرۆسەی دێموکراسی لە ئێران وێ دەچێ لەوەش زۆرتر بخاێنێ، چوونکە میلەتی فارس بۆ راگرتنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا ئامادەن ئازادی و دێموکراسی فیدای ئەو باڵادەسییە بکەن. گۆڕینی رێژیم لە ئێران دەتوانێ دەرفەتێکی کاتی بکاتەوە بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکە لە زوڵم رزگاریان بێ، بەڵام بۆ ئەوەی مافەکانیان دەستەبەر بێ، دەبێ ئەوەندە بەهێز بن کە نەتەوەی فارس ناچار بە تەنازوولکردن بکرێ یان ئەوەی دەبێ ناسیۆنالیزمی فارسی گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا بێ.

سەردەمی باڵادەسی نەتەوەیەک بە سەر نەتەوەی دیکەدا بەسەرچووە و بە پێچەوانەی ڕابردوو، هۆشیاری نەتەوەیی و خەبات لە پێناو رزگاریدا تەنیا سنووردار نییە بە کوردستان، بەڵکوو لە بەلووچستان، ئازربایجان و ئەهوازیش لە شكڵگرتن و پەرەئەستاندن دایە. لە باتی شۆڕشێکی دیکە لە بابەتی ئەوەی ١٩٧٩، ئەگەری هاوپەیمانیی و سەرکەوتنی خەباتی نەتەوە چەوساوەکان زۆرترە. سەرکەوتنی نەتەوە چەوساوەکان نەک تەنیا دەبێتە هۆی گۆڕینی رێژیم، بڵکوو پارسەنگی هێزیش لە ئێراندا بۆ هەمیشە دەگۆڕی. 
بۆیە، تاکوو گەیشتن بە دێموکراسی و گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئێراندا، هێزی نیزامی سەرچاوەی ئەساسیی گەلی کورد و باقی نەتەوە چەوساوەکان دەبێ. با باکووری کوردستان و کۆماری تورکیا وەک نموونە بێنینەوە. ئەگەر کورد هێزی نیزامی نەبایا، نە دان بە بوونی گەلی کورددا دەنرا و نە حیزبی بەناو یاسای وەکوو پارتی گەلان (HDP) دەیتوانی دەسکەوتی هەبێ. لە گەڵ ئەوەشدا، تورکیا ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێ و "پرۆسەی ئاشتی" بۆ حکومەتی تورکیا بریتییە لە پرۆسەی چەکدانان بە پارتی کرێکاران. هەڵبەت ئێران، تورکیا نییە و تاکوو ئەو جۆرە "دێموکراسییەی" لە تورکیا هەیە لە ئێرانیش نەیەتە کایەوە، گۆڕینی حکومەت لە ئێران تەنیا بە گۆڕینی رێژیم مەیسەر دەبێ. گۆڕینی رێژیمیش لە ئێران لە هەر شکڵێکدا بێ، دوور لە زەبرووزەنگ نابێ. لە بارودۆخێکی وادا، بە داڕمانی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆشایی ئاسایش دێتە ئاراوە ( هەروەک چۆن ئەمە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ ڕووی دا). لێرەدایە دەوری پێشمەرگە وەکوو دابینکاری ئاسایش لە کوردستاندا و پارێزەر لە بەرانبەر هەر مەترسییەک لەسەر گەلی کورد، بەرجەستە دەبێتەوە.

ئەوانە دەسکەوتی دوورمەودان. بەڵام دەسکەوتێکی جێگای ئاماژە لە کاتی ئێستادا، پتەوبوونی هاوپەیمانی نێوان کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتە. رەنگبێ لە داهاتوودا حزووری زیاتری پێشمەرگە و قووڵبوونەوەی هاوپەیمانی نێوان ئەو دوو حیزبە رێگاش خۆش بکا بۆ یەکگرتنەوەی هەرکام لەو حیزبانە لە گەڵ ئەو فراکسیۆنانەی لێیان جودا بوونەتەوە.

بە بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ، حیزبی دێموکرات نەیدەتوانی نە ئەو دەسکەوتانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ درا بەدەس بێنێ و نە خۆی بۆ ئامادە دەکرا بۆ هەنگاوی دیکەی دەسپێشخەرانە. هەنگاوی دەسپێشخەرانەی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ڕابردوودا دوو بایەخی دیکەی هەیە کە لە جێی خۆیدایە ئاماژەیان پێ بدرێ. یەکەمیان شکستهێنانە بە سیاسەتی گەمارۆدانی حیزبی دێموکرات و ئەوەی دیکەیان بەرجەستەکردنەوەی دەوری پێشمەرگەیە وەکوو هێزی دژە- هێژمۆنی لە بەستێنی سیاسی ئێستا ئێراندا.

شکستهێنانی سیاسەتی گەمارۆدانی دێموکرات

کۆماری ئیسلامی ستراتژیەکی بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە گرتووەتە بەر کە پێک هاتووە لە چەند ماکێک. لەنێوبردنی رێبەرانی کورد لە رۆژهەڵات، ئامانجی یەکەمی ئەو ستراتژییەی ئێران بووه. ئامانجی دووهەمی، ناچارکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات بووە بە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری. دوائامانجی کۆماری ئیسلامی، گەمارۆدانی حیزبە کوردییەکانە لە باشوور لە شێوەی کەمپنیشینی بۆ ئەوەی دواجار لە ژێر فشاری دەروونی ژیانی کەمپنشینیدا، دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیان و لەبەریەک هەڵوەشنەوە.

کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی یەکەم و دووهەم گەیشتووە، بەڵام بە دوائامانجی نەگەیشتوە. سەرەڕای دابڕان و دانیشتنی پەیتا پەیتای کادر و پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات و لاوازبوونیان لەو پرۆسەیەدا، وەکوو رێکخراوی سیاسی و نیزامی، هێشتا کاران یان لانی کەم مایەیی ئەوەیان تێدا ماوە.

هەنگاوی دەسپێشخەارنەی حیزبی دێموکرات لە بەهاری ٢٠١٥دا، شکستی بە سیاسەتی گەمارۆدانی هێنا. راستە سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات و بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی ئیستاشی لەگەڵ بێ لە باشووری کوردستان نیشتەجێن، بەڵام حیزبی دێموکرات قووڵای ستراتژیکی وەدەست هێناوەتەوە و گەرچی گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێ لەسەر وەدەستهێنانی ئامانجە ستراتژیکەکانی دژ بە بزووتنەوەی کورد، بەڵام لەمەوبەدوا تووشی بەربەستی جیدی دەبێتەوە.

پێشمەرگە وەک هێزی دژە-هێژمۆنی

کۆماری ئیسلامی هەوڵی وەدەسهێنانی هێژمۆنی دەدا. هێژمۆنی شێوەیکە لە حکومڕانی کە ئامانجی وەدسهێنانی رەزامەندی ئەوانەیە کە حکومەتیان بەسەردا دەکرێ. هەموو رێژیم و حکومەتێک هەوڵی وەدەسهێنانی هێژمۆنی دەدا، چوونکە لە درێژخایاندا ناکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی زۆرەوە حکومڕانی بکرێ. رێژیمێک کە بەردەوام زەبرووزەنگ بەکار بەرێ، دواجار گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ. بۆ ئەوەی زۆر بە بەردەوامی بەکار نەبرێ، دەسەڵاتداران دەبێ کار بکەن بۆ ئەوەی جیهانبینی یان ئایدیۆلۆژی خۆیان لە نێو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە و جێی بخەن.

حکومڕانیەک لە سەر بنەمای زۆرکردن راوەستابێ، ئامانجی تۆقاندن و کۆنترۆڵکردنی فیزیکی خەڵکە؛ حکومڕانی لەسەر بنەمای هێژمۆنی، ئامانجی وەدەسهێانی رەزامەندییە لە رێگای نفوزکردنە نێو فکری خەڵکەوە. هەموو حکوومەتێک تێکەڵاوێک لەو دوو شێوە دەسەڵاتە بەکار دەبا. هەڵبەت لە وڵاتانی دێموکراتیکدا، هێژمۆنی مەیسەر بووە، بەڵام رێژیمە دیکتاتۆرەکان دەبێ بە بەردەوامی زۆر لە خەڵک بکەن بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا. 
لە ئێرانی ئەوڕۆدا، پرۆژەی هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی دوو بنەمای فکری هەیە؛ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە لایەک و تایفەگەریی شیعە لە قاڵبی وەلایەتی فەقیهیدا لە لایەکی دیکە. ماکە ناسیۆنالیستییەکەی هێژمۆنیخوازی کۆماری ئیسلامی تازە نییە و لە بنەڕەدا پرۆژەی ناسیۆنالیزمی فارسییە کە بە شاردنەوە و هاوکات سەپاندنی ناسنامەی قەومی فارس بە سەر غەیرەفارسەکاندا لە شكڵی ئەفسانەی "میلەتی ئێران"، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاکوو ئیستا هەوڵی بۆ دراوە.

کۆماری ئیسلامی بە تۆقاندن و فریوکاری جۆراوجۆر، بەڵام بە تایبەت لە رێگای شانۆگەرییەکی دامەزراوەیی بە ناو هەڵبژاردن، ئیشی بۆ ئەوە کردووە دانیشتوانی ئێران و هەروها ئوپۆزیسیۆن، بە بزووتنەوەی کوردیشەوە، تەسلیمی سیاسیی بن و بەو شێوەیە بە ئاواتی هێژمۆنیکی خۆی بگا. بە پێی زەمان، شانۆی هەڵبژاردن گرنگییەکی حەیاتی بۆ کۆماری ئیسلامی بەخۆەوە گرتووە. بۆیە خامنەی و باقی سەرانی رێژیم، ئەوەندە بەپرۆشن خەڵک لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن. بشداریکردنی خەڵک تەنیا بۆ ئەوە نییە رێژیم بە دونیای دەرەوە رابگەیەنێ پێگە و شەرعییەتی جەماوەریی هەیە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ جێخستنی دایەمی رێژیم بۆ ئەوەی پێویست نەکا بۆ مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات، کەڵک لە زۆر و زەبرووزەنگ وەرگرێ. هەڵبەت ئایدیۆلۆژی رێژیم و ئەو ناکۆکییانەی لە دەروونی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا وجوودیان هەیە، ناچاری دەکا بۆ مانەوەی خۆی، بەردەوام کەڵک لە زۆر و زەبرووزەنگ وەرگرێ.

کۆماری ئیسلامی لە سرووشتی خۆیدا تایفەگەرا و ستەمکارە. سەرەڕای کۆمەڵیک دامەزراوە، لە بنەڕەتدا دەسەڵات لە دەست وەلی فەقیهدایە؛ سەرکۆمار، مەجلیس و دامەزراوەکانی دیکە کەرستەن لە دەسی ئەودا. کەڵک وەرگرتن لە هەڵبژاردن وەک دامەزراوە وای کردووە لە کاتی هەڵبژارندەکاندا بۆ هێندێک لە سەرانی رێژیم، بەشێک لە خەڵک و دونیای دەرەوەش، ئەم راستیانە لەبیر بچنەوە یان کاتەن بشاردرێنەوە. بە واتایەکی دیکە، بوونی ئەو دامەزراوانە، ململانێی دەسەڵات لە نێوان باڵەکانی رێژیم و ئەنجامدانی هەڵبژاردن وای کردووە کە هەم هێندێک لە سەرانی رێژیم، بەشێک لە خەڵک و تەنانەت هێندێک لە ئوپۆزیسیۆنی رێژیمیش، رووکەش و واقعییەت تێکەڵ بکەن. بۆ نموونە، کەرووبی و موسەوی پاش هەڵژاردنی ٢٠٠٩ دەسیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و گوتیان "ساختەکاری" کراوە. لە لایەکی دیکەوە، دەنگدەران دروشمیان دەدا "کوا دەنگی من؟" بەڵام وەکوو ئەوە وایە بە دزێک بڵێی، "دزیت لێ کردووم!" یان بڵێی، "کوا پارەکەم؟" کۆماری ئیسلامی خۆی لەسەر بنەمایەکی ساختەکارانە دامەزراوە و لەو رێژیمەدا نە دەسەڵات دەساودەس دەکرێ و نە دەنگ دەدرێ، بەڵکوو مۆرەکانی نێو دەسەڵات جێگۆڕ دەکرێن و هاوڵاتییان لە شانۆگەرییدا یاریان پێ دەکرێ (بەشێکیان بە بێ ئەوەی دەرکی ئەم راستییە بکەن).

تاکوو سەرەتا و نێوەراستی نەوەدەکان، ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی لە واقێەتی سیاسی لە ئێران گەیشتبوون، بۆیە شانۆگەرییەکانی کۆماری ئیسلامیان ئیهمال و بایکۆت دەکرد. بەرە بەرە ئەوانیش لە کردەوەدا تەسلیمی سیاسی کۆماری ئیسلامی بوون. یەکێک لە پیلانە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە بریتییە لە هەوڵ دان بۆ ئەوەی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی و بزووتنەوەی کورد بکا بە هەڵگر و بەرهەمهێنەرەوەی فکری "رێفۆرمیستی"، ئەویش بە مەبەستی توواندنەوەیان لە دەروونی خۆیدا.

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە تێگەیشتنێکی دروستیان لە سرووشتی رێژیم هەیە و بەردەوام هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە. هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ مەیدانی خەبات لەو بارەوە یارمەتیدەر دەبێ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە هێژمۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی.

راستییەکەی، هۆی تەسلیم بوونی پەیتا پەیتای بەشێکی زۆری ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی گۆڕدرابێ یان ئەوەی تەجرووبە نیشانی دابێ کە ئەو رێژێمە قابیلی "رێفۆرم" بێ، بەڵکوو لە نەبوونی هێزی رێکخراوی نیزامی، فکر و گوتاری سیاسی ئوپۆزیسیۆنی ئازادیخواز و دێموکراسیخواز بوردی نەماوە. لە نەبوونی ئالتێرناتیڤ، هێندێک کەس و لایەن کۆڵیان داوە.

لە جێی خۆیەتی ئامژە بەوە بدرێ کە هێژمۆنی شێوەیەکە لە دەسەڵاتی نەرم، بەڵام دەسەڵاتی نەرم درێژکراوەی دەسەڵاتی مادیی و نیزامییە. بۆیە، بە بوونی هێزی پێشمەرگە، بزووتنەوەی کورد لەمەوبەدوا هەم دەتوانێ بەرپەرچی پرۆژەی هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی بداتەوە و هەمیش پرۆژەی هێژمۆنی خۆی بەرێتە پێش.

 

 

د. ئیدریس ئەحمەدی 

تێبینی :  ئەم وتارە بەهاری ئەو ساڵ، واتە پێش هاتنە ئارای پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی رۆژهەڵات ، لە گۆڤاری تیشكدا بڵاو کرایەوە. 

omid lhoniهەروەک  ئاگادارن سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرێز مستەفا هێجری لە نەورۆزی ئەمساڵ بۆ گرێدانی "خەباتی شاخ‌ و شار" پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد .