plonom 12i hizb 12.94 .22کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی رەشەمەدا پلینۆمی دوازدەیەمی خۆی بەڕێوە برد

و لەو پلینۆمەدا هەندێک باسی سیاسی و حیزبیی گرنگ هاتنە ئاراوە و بڕیاری تایبەتیان لە سەر درا. دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە راگەیەندراوێکدا کۆتایی کاری پلینۆمی راگەیاند و لەو راگەیەندراوەدا ئاماژەی بە بابەت و زانیاریەکانی سەبارەت بەو پلیۆمە کرد. دەقی راگەیەندراوەکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بەو پلینۆمە بەم شێوەیە:

راگەیەندراوی پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات،

رۆژی شەممە ٢٢ی رەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٢ی مارسی ٢٠١٦ی زایینی، پلینۆمی دوازدەیەمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی هەموو ئەندامانی رێبەریی حیزب لە کوردستان و هەروەها بەشداریی نوێنەری کومیتەی کاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵات بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی بە کارەکانی کرد.

plonom 12i hizb 12.94 1سەرەتای پلینۆم دەستووری کاری کۆبوونەوەکە لە لایەن بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبەوە خرایە بەرباس و پاش پەسندکردنی دەستوورکار، سکرتێری گشتی راپۆرتێکی سیاسیی لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ئێران خستەبەر باس و دواتر بەشدارانی پلینۆم را و تێبینی خۆیان لەسەر راپۆرتەکە باس کرد و پاش تێبینی و سرنجەکان، راپۆرتی سیاسی پەسند کرا.

لە راپۆرتی سیاسیی بەڕێز سکرتێری گشتیدا سەرەتا ئاماژە بە دۆخی ئاڵۆز و پڕ کێشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرابوو کە بەتایبەت لەم چەند مانگەی رابردوودا ئاڵۆزیەکان و کێشەکان قووڵتربوونەتەوە و دژایەتیی بەرژەوەندیەکان و ریشەداربوونی کێشە سەرەکیەکانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی بەچارەسەرنەکراوی مانەوەی گرفتەکانن. لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە نەتەوە و ئایین و کولتووری جیاواز دەژین، بە هۆی بنچینەیی و مێژووی بوونی ستەمکاری و هەروەها دەستێوەردانی وڵاتانی خاوەن بەرژوەندی و گرفتە ئابووریە جیهانی و ناوچەییەکان، ئێشتاشی لەگەڵدا بێ، رێچکەیەکی باش و دروست بۆ چارەسەری ئەو کێشانە نەگیراوەتەبەر بۆیە دەبینین رۆژ بە رۆژ کێشەکان قووڵتر دەبنەوە و خوێنی خەڵکی ناوچە لە پێناوی ئەو دژایەتیانە و ئەو بەرژەوەندیە دژبەیەکانەدا رۆژانە دەرژێ.

لە چەند مانگی رابردوودا کێشە و ئاڵۆزی لە سووریە و یەمەن و عێراق و شوێنەکانی دیکە بەردەوام بووە. هاتنە ناوەوەی رووسیە بەشێوەی کردەیی و نیزامی، هەم پارسەنگی هێزی لە سووریدا بەلای بەشار ئەسەد قورستر کرد و هەم دۆخی شەڕ و پێکدادانەکانی ئاڵۆزتر کردوە. لە شەڕی سووریەدا هەرچەند رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئاگربڕ کراوە، بەڵام ئەوەندە خاوەن بەرژەوەندیەکان و بەشدارانی شەڕ، ئاڵۆز و پێکناکۆک و چەند لایەنە بوونەتەوە کە دوورە دیمەنی چارەسەریی کێشەکانی لانیکەم لە کورتخایەندا زۆر لێڵ و ئاڵۆز کردوە.

وەزعی شەڕی دژ بە داعشیش هەرچەند لەماوەی رابردوودا پێشکەوتنی لە چەند بواردا بەخۆوە بینیبوو و گرووپی داعش لاواز کراوەو سەرچاوە داراییەکانی کز کراونەتەوە، بەڵام وا دەردەکەوێ کە لایەنی وا کە لە بەهێزبوون و سەرهەڵدانی داعشدا قازانجی کردوە و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی کە بە بیانووی شەری داعش دەستێوەردانەکانی زۆرتر کردوە و هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیی ناوچە عەرەبی سوننی نشینی داوە، زۆر حەزی لەوە نیە کە داعش بەخێرایی لاوز بێ و بەرەو لەناوچوون بڕوا.

plonom 12i hizb 12.94 3لە بەشێکی دیکەی راپۆرتی بەڕێز سکرتێری گشتیدا باسی رێککەوتنی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی رۆژاوایی کە بە رێککەوتنی "بەرجام" ناسراوە و هاتبوو کە هەرچەند کۆماری ئیسلامی وای دەنواند و بەتایبەت دەوڵەتی رووحانی دروشمی ئەوەیان دەدا کە بە رێککەوتنیان لە بواری ناوکیدا هەموو کێشە ئابووریەکان چارەسەر دەبن، بەڵام تاکوو ئێستاش رێککەوتنی کۆماری ئیسلامی و رۆژاوا بە قازانجی خەڵک نەشکاوەتەوە و گەشانەوەیەک لە بواری ژیانی ئابووریی خەڵکدا بەدی ناکرێ. هەرچەند هێشتا زووە کە بەتەواوی کاریگەریی ئەو رێککەوتنە دەر بکەوێ، بەڵام پرسێکی ئەساسی کە نابێ فەرامۆش بکرێ ئەوەیە کە گرفت و قەیرانی ئابووریی ئێران پێش لە پرسی ناوکیش هەبوو و ریشەی ئەو قەیرانانە بۆ شێوازی بەرێوەبەریی رێژیم و گەندەڵی و تاڵانە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرپرسانی رێژیم و دەزگای حاکمیەت دەگەڕێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لە وەزعی کورد لە هەموو بەشەکان کرابوو و لە هەرکام لەو بەشانەدا هەم بەرەوپێشچوونەکان و هەم گرفت و لاوازیەکان باس کرابوون. 

لە بەشی کوردستانی ئێراندا راپۆرتی کومیسیۆنی تەشکیلات خرایە بەرباس و بەتایبەت دۆخی کوردستانی رۆژهەڵات لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە باس کرا و دوایین رووداو کە باسی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسەکانی رێژیم لەم دواییانەدا بوو هەڵسەنگێندراو و لەوێدا باس لە هەڵوێستی خەڵک و ئامارسازیەکانی رێژیم کرا و پلینۆم وێرای تەئییدی دووبارەی سیاسەتی تەحریمی بەناو هەڵبژاردنەکان، ئاماژەی بە بەشداریی لاوازی خەڵک سەرەڕای هەموو پیلانەکانی رێژیم کرد و سپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە لە بەرەو پێشبردنی سیاسەتی تەحریمی شانۆی هەڵبژاردندا بەشدار بوون.

لە بابەتی کوردستانی سووریەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە وێڕای شەڕی خوڕاگرانەی کورد لە بەرامبەر تیرۆریستاندا، بەڵام ئەو دابەشبوونەی کورد بە سەر دوو بەرەی جیاوزدا بە خاڵێکی لاواز بە ئەژمارهاتبوو و هەر بەو هۆیەش دەبینین کە هیچ لایەنێکی خاوەن دەسەڵات لە شەر لە سووریەدا، بەڵێنیەکی روونی بە کورد نەداوە کە دوای ئاشتی، چی بۆ کورد دەکرێ.

لە بەشی کوردستانی تورکیەدا راپۆرتەکە بەداخبوونی لە هاتنەئارای شەڕ لەو بەشەدا دەربڕی کە دوای چەند ساڵێک لە باسی ئاشتی و پرسی چارەسەری لە کوردستانی باکووردا، هەرچەند مافە نەتەوەییەکان بەروونی باس نەکرابوون بەڵام هەندێک هەنگاوی باش هەڵگیرابوون و کورد لە هەموو بوارەکان دەبووژایەوە و دەچووە پێش تا ئەو جێگایەی کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیەدا وەکوو حیزبی سیاسی بوو بە خاوەنی ٨٠ کورسیی پارلەمانی، بەڵام بە هاتنە ئارای شەڕی ئەم دواییە لە نێو شارەکان، هەموو ئەو دەسکەوت و پێشکەوتنانە وردە وردە خەریکە لەدەست دەچن. پلینۆم هیوادار بوو کە دوولایەنی پ.ک.ک و دەوڵەت جارێکی دیکە شەر وەلا بنێن و بگەڕێنەوە سەر مێزی وتووێژ، بەڵام وتووێژ بۆ چارەسەریی یەکجاری پرسی نەتەوەیی.

لە بەشی کوردستانی باشووردا راپۆرتەکە ئاماژەی بە هەموو گرفت و قەیرانەکانی کورد لەو بەشەدا کردبوو و مەترسیی دەستێوەردانی رۆژبەرۆژ زیاتری دوژمنانی کورد و لەسەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامیی خستبووە بەرباس و هەروەها هیوادار بوو کە هێزولایەنە سیاسیەکان لەو بەشەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مەترسیەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو دەرفەت و دەرەتانەکان، لەم دۆخە هەستیارەدا هەنگاوی هاوئاهەنگ و هاوبەش بۆ بردنە پێشی دۆزی نەتەوەیی و گەیاندنی ئەو بەشە لە کوردستان بە کەنارێکی ئەمن و ئاسوودەترهەڵ بگرن.

لە بەشێکی دیکەی باسەکان بەرنامەی کاریی حیزبی دێموکرات بۆ ساڵی داهاتوو خرایە بەرباس و وێڕای هەڵسەنگاندن و ئاوەڕدانەوەی کارەکانی ساڵی رابردوو و ئەگەر و ئیحتماڵ و ئیمکانەکان بۆ ساڵی داهاتوو، پلینۆم بڕیاری پێویست بۆ کار و بەرنامەکانی حیزبی دا.

بەشێکی دیکەی کاری پلینۆم باسکردن لە کۆنگرەی داهاتووی حیزب بوو کە لەوێدا وێرای بڕیاردان لەسەر گرتنی کۆنگرە بەپێی پێڕوەی نێوخۆی حیزب، باس لە کەموکووڕیەکانی حیزب و گرفتەکانی پێشوو کرا و بڕیار لەسەر پێکهێنانی هەیئەتێکی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە پێکهاتە و سیستمی کاری حیزبیدا درا.

پلینۆمی دوازدەیەمی کۆمیتەی ناوەندی دوای دوو رۆژ کاری بەردەوام و هەڵسەنگاندن و باسکردن لە هەموو ئەرک و دەستوور کارە دیاریکراوەکان، رۆژی یەکشەممە ٢٣ی رەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کاتژمێر ٧ی ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٤/ ١٢/ ١٣٩٤
١٤/٣/٢٠١٦