DSC 0011سێمنارێک لەژێر ناوی "حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات" بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن هەر سێ ڕێکخراوەی کوردستانی: یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.     

لەو سمینارەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری رێکخراو و لایەنە سیاسییەکان و میوانی دیکە، لە بەشەکانی کوردستان، و ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حدکا، بەشدار بوون.

لەو سمینارەدا هەر کام لە بەڕێزان: حەسەن شەرفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێک لە پێوەندی بە زەروورەتی دامەزرانی حیزب و هەڵویست و سیاسەتەکانی حدکا، پەرویز ڕەحیم ‌قادر مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین  باسێک لە پێوەندی بە راسانی نوێی رۆژهەڵات و مەبەست لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ  و هەروەها عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستان باسێکیان لە پێوەندی بە ئەرک و بەرپرسیارەتی هێزەکانی کورد لە پارچەکانی کوردستان بەرامبەر جولانەوەی کورد لە رۆژهەڵات ، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

سەرەتای سمینارەکە، بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەت شەهیدانی نوێی راسانی رۆژهەڵات، دەستی پێکرد.

DSC 0022

سەرەتا بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر بابەتی مێژوو و هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بۆ بەشدارانی سمینارەکە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد؛ بوونی ئێوە لەو سمینارەدا، دەرخەری ئەوەیه کە هەمووتان پشتیوانی لە جووڵانەوەی ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کە؛ باس لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی ٧١ ساڵە و سیاسەت و فیداکاریی پێشمەرگە و ئەندامەکانی حیزبی دێموکرات، لە چەند سات و کات‌دا، باس ناکرێت، و وەک ئەوە وایە دڵۆپێک لە دەریا هەڵگیرێتەوە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد کە؛ دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، خۆی وەدیهێنەری زۆر هێمای نەتەوەیی وەک پێشمەرگە، سروودی میللی، ئاڵای کوردستان و کۆمەڵێک بەهای دیکە بوون، کە ئێستاش هەر نەتەوەی کورد شانازیی پێوە دەکات.

پاشان، بەڕێز پەرویز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات (گرێدانی خەباتی شاخ و شار) قسەی کرد.

ڕەحیم قادر باسی لەوە کرد کە؛ باسی ڕاسان قسە و باس زۆر لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەردەم پەراوێز گرینگتره لە ناوەرۆک.

ناوبراو گوتی کە؛ ڕاسان زۆر پرسی هێنایە گوڕی، و چۆن هاتە کایەی سیاسییەوە، خۆی خوێندنەوەی قووڵی پسپۆڕە کوردەکانی هەرچوار بەشی کوردستان، ئورووپایی و ئامریکایی بوو، ڕاسان پاش ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان و گۆڕانی نەخشەی جوغرافیایی هاتە کایەوە.

پەرویز ڕەحیم قادر، هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ شانازیی بەوە بکات کە خۆی لەو دۆخەی ئێستادا دەستی داوەتە خەبات و لە دەرگای ڕۆژهەڵات دەدات.

ڕەحیم قادر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی؛ دوو وشەی شاخ و شار، تەنیا دوو وشە نەبوو، کە سکرتیڕی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا باسی لێوە بکات، بەڵکوو خوێندیەوەی قووڵی پڕۆژەیەکی چەند ساڵە بوو کە دێموکرات کاریلەسەر کردوە.

ناوبراو لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا گوتی کە؛ دەبێ کورد ببێتە بکەری سیاسی، نەک فاکت، چوونکە ئەگەر ببێتە فاکت، ئەوە وەک ڕابردوو تووشی زیان و خەسار دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا، بەڕێزعەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

عەونی لە قسەکانیدا سەرەتا باسی لەوە کرد کە؛ ئێمە هەموو کوردین بە هەر جیاوزاییەکی ئایینی، زمانی و ناوچەیی کە هەمان بێت، ئێمە بۆ نەتەوەی کورد خەبات دەکەین و یەک خاکمان هەیە، ئەوەیش خاکی کوردستانە.

DSC 0160

ناوبرا وێڕای پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد کە؛ دامەزراندنی حیزبی دێموکرات شتێکی "ڕێکەوت" نیە، بەڵکوو زەروورەتی مێژوویی ئەو حیزبەی دامەزراند، بە بیری نەتەوەیی و دێموکراتیکەوە.

عەلی عەونی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ حیزبی دێموکرات ٢٣ ساڵ بە شێوەی سیاسی خەباتی کرد و ئەگەرچی خەباتی چەکداریی وەلا نەنا، و ئێستاش نەیناوە، کە ئەوە خۆی جێگای سەرنجە و دەبێ پڕ بەها چاوی لێ بکەین.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی کە؛ خەباتی چەکداری لە هەموو پارچەکانی کوردستان عەینی ئازادییە، چوونکە دوژمن خاکی ئێمەی داگیر کردووە، بۆ ئەوەیکەی داگیرکەریش لە خاکمان دەربکەین، پشتیوانی و یارمەتی لە هەموو لایەن و دەوڵەتێک قەبووڵ دەکەین.

کۆتایی سمینارەکە بە پرسیار و تێبێنی بەشداربووان پاش ٣ کاتژمێر کۆتایی پێهات.