300709 8f2935e2ba7f533a34ea427a2564f3baسامانتا پاوێر باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە نابێ چاوپۆشی لە کردەوەکانی ئێران لە ناوچەدا بکرێت.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان سامانتا پاوێر باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین دانیشتنی خۆیدا لە شووڕای ئەمنییەت باسی لەوە کرد کە دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوەستنەوە.

پاوێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، داوای کردبوو کە گەمارۆی چەک و چۆڵ دژی ڕێژیمی ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە و نابێ بە بیانووی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، شوورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێدەنگ بێت.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ئێمە دەبێ پێش بە ڕێژیمی ئێران بگرین تاکوو مل بۆ داخوازییەکانی کۆمەڵگای جیهانی ڕابکێشیت.

پاوێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە؛ تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانە.

ڕۆژی ڕابردووش سەرکۆماری ئامریکا لە بەیانییەیەکدا باسی لە کردەوەی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە کەنداو، سووریه و هەڕشە لە ئیسرائیل کرد و جەختی کردەوە کە بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانی لە تێرۆریزم و درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی، بەشێک لە گەمارۆکان لەسەر وڵاتی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.