hawram rahimiii

حەسەن لەماوەی نزیک بەچوار ساڵ سەرۆککۆماریدا کە لە رێگەی هەڵبژاردنی ساختەو درۆیینەوە ئەم پۆستەی پێدراوە، ئەوە جاری دووهەمە کە سەردانی پارێزگای سنە دەکات.

پارێزگای سنە لەئاست پارێزگاکانی دیکە لەباری بێکاریەوە لە پلەی سێهەمدایەو هێشتا پڕۆژەخەڵک‌خەڵەتێنەکانی سەردانی پێشووی رۆحانی بۆ ئەم پارێزگایە لەسەر لاپەڕە ماونەتەوەو بەکردەوە بەئەنجام نەگەیەندراون. هیچ یەک لەو بەڵێنیانەی کە حەسەن رۆحانی لەکاتی هەڵبژاردنە ساختەکانی سەرۆککۆماریی رژیمی ئیسلامی ئێراندا بەنەتەوەی کوردی داون، نەکراونەتە کردار و کەسیش هیچی لە بیر نەکردوون.

ڕژیمێک کە نیزیک بە چوار دەیەیە بەشێوازی جۆراوجۆر لەبوارەکانی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووریەوە لە داپڵۆسێن، داماڵین و خوێنمژتنی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەستی نەپاراستوە و تەنانەت مافێکی سەرەتایی کە وەک مادەی 15ش لە یاسا چەقبەستوەکەشیدا گونجاندوویەتی بەم نەتەوە خاوەن دیرۆک و سەروەریەی نەداوە، ئێستا چ شتێک گۆڕدراوە وا سەرۆککۆمارێک لە خولێکی سەرۆکایەتیدا دوو جار سەردانی ئەم پارێزگایە دەکات؟

تەنیا ئامانجی رۆحانی لەم سەردانەیدا کە گوایە کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەی بۆ ئەم پارێزگایە بەدیاری هێناوە، خەڵەتاندنی خەڵکە و دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە دەنگ بۆ خۆی کۆ بکاتەوە. لە کردەوەی رابردووی کۆماری ئیسلامیدا ئەوە دەرکەوتووە کە تەنانەت ئەگەر کەسێکی دیکەش بۆ سەرۆککۆماری لەلایەن رژیمەوە بۆ شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری دەستنیشان بکرێت، لە رۆحانی باشتر نابێ و هەموویان پارێزەرانی بەرژەوەندی رژیم و سەرکوتکەری نەتەوەی کوردن و بۆ متمانەوەرگرتن لە خەڵک وەک ڕابردوو لە تاکتیکگەلی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرن و تەمەنی رژیمی پێ درێژ دەکەنەوە.

لێرەدا خەڵک، پارتە سیاسیەکانی دژبەری رژیم و خودی رژیم لە دوو حاڵەتدان. یەکەم رژیم بەهیچ شێوەیەک نایهەوێ لە پێوەندی لەگەڵ ویستو داخوازیەکانی خەڵک و پارتەکاندا یەک هەنگاو بێتە پێشەوە و دوهەم، خەڵک و پارتەکان بەجیاوازی لە ساڵانی ڕابردوو کۆکن کە دەبێ هەڵوێستێکی قاییم و یەکگرتوو لە بەرانبەر ڕژیم بگرن وکۆتایی بە بانێک و دوو هەوای رژیم بێنن.

لەهەڵبژاردنە سینەماییەکەی دەوری پێشووی سەرۆککۆماریدا پارتەکانی خۆهەڵاتی کوردستان بەشێوازێکی نایەکگرتوو و شپرز هەر یەکە هەوێستێکی جیاوازی هەبوو، خەڵکیش هەریەکە بەشێوازی جیا بەسەر جۆری هەڵوێستی پارتەکاندا دابەش بوون و ماوەی چوار ساڵە نە نوێنەرانی دەنگدەران توانیویانە هەنگاوێک بۆ خەڵکەکەیان هەڵبکرن و نە بەرەی گەمارۆ یان با بڵێن بەشدار نەبوان لە دەنگداندا دەسکەوتێکیان هەبووە.

بە بڕوای من هەلومەرجی نوێی خۆرهەڵاتی کوردستان ئەوە دەخوازێت کە پارتەکانی خۆرهەڵات هاوکات لەگەڵ ڕاسانی خەڵک یەک هەڵوێست ببن و بە یەک دەنگ بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنی رژیم نەکەن.

ن: هەورام ڕەحیمی