20181016 113439

 
 
لەوەتەی کورد ژێر دەستەیە، دەبینین کە زۆر کات بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و مافە ڕەواکانی پەنای بردووەتە بەر چەندین ئامراز و کەرەستە یەکێک لەوانە چەکە، لە سەرجەم شۆڕشەکانی کوردستان چەک دەورێکی سەرەکی لە بەرەو پێشبردنی خەباتە ڕەواکەی هەبووە ئەوەش نەوەکو بۆ مەبەستی هێرشکردن بۆ سەر خاک و وڵاتانی نەتەوەکانی دیکە بێت،بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆی و خاکی و وڵاتەکەی
 
پاش جەنگی جیهانی دووهەم لە ساڵی ۱۹٤٦ی زایینی گۆڕانکاریەکی نوێ لە جیهاندا هاتە ئاراوە، ئەم گۆڕانکاریانە بوونە هۆی ئەوەی کە شێوازێکی نوێ لە ململانێ بێتە ئاراوە لە نێوان وڵاتانی زل هێز، لە دواتر دا بە شەڕی سارد ناسرا، ئەم گۆڕانکاریە لە جیاتی ئەوەی کە پشت بە شەڕی ڕاستەوخۆ ببەسترێت دەبینین زیاتری پشت بە سیاسەت کردن و بوون بە زل هێزی ناوچەی لە بواری ئابووریەوە بوو، ئەمەش وای کرد کە قەڵەم دەوری خۆی لەو شێوازە نوێیە لە شەڕکردن ببینێت
 
کورد وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەنی مێژوویەکی زیاتر لە ۱۰ هەزار ساڵە(بە پێی سەرچاوە مێژوویەکان)، دەبینین لە زۆر کاتەکان دا کورد هەمیشە ژێر دەستەبووە و هەمیشە هەوڵی بۆ بەدەست هێنای ئازادی خۆی داوە ئەویش لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکەوە بووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە چەک توانیویەتی بۆماوەیەکی کورت خایەن خەباتەکەی بەرەو پێشەوە بەرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بزوتنەوە کوردیەکان نەیان توانیوە یاخود بە پێی پێویست بەو شێوە نەبووە لە پاڵ خەباتە چەکداریەکەیان خەبات بە قەڵەمیش بکەن
 
ئەگەر لە ڕابردوو بڕوانین دەبینین کە لە زۆربەی شۆڕشەکانی جیهان دا قەڵەم دەوری کاریگەری بینیوە وەکو شۆڕشی سووری فەڕانسا و شۆڕشی ئیتاڵیا کە شۆڕشگێڕانی ئەو وڵاتە دژ بە دەسەڵاتە فاشیستەکەیان هەڵوێستیان نواند و دژی ڕاپەڕین، هەر چەندە لەو شۆڕشانە دا چەک وەکو ئامارازێکی سەرەکی بەکارهاتووە بەڵام قەڵەمیش دەوری خۆی بینیوە لەسەر خستنی شۆڕشەکە چ وەکوو بواری ئەدەب و هونەر چ وەکوو بواری سیاسی و دیپلۆماسی.
 
ئێمەش دەتوانین وەکو کورد کەڵک لە هەر دوو بوارەکە وەربگرین و هەوڵەکانی خۆمان چڕتر و بەهێز تر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕووی سیاسیەوە خۆمان پێبگەیەنین چونکە ئێمە چەندێک بتوانین خەباتەکەمان بە چەک پێشبخەین ئەوەندەش دەتوانین بە قەڵەم و خوێندن ئەونەی تر خەباتەکەمان پێشبخەین، ئێمە چ وەکو کورد چ وەکو لاو پێویستە بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتەکەمان لە بواری خوێندن و زانست و زانیاریدا خۆمان پێ بگەیەنین 
 
دوکتور قاسملوو ڕێبەرمان لەم پێوەندیەدا دەڵێت : ئەگەر نەسڵی پێش ئێمە ئەرکی خۆی بەباشی بەجێ گەیاندبا ڕەنگە نەسڵی ئێمە شەهیدی نەدەبوو یاخود کەم دەبوو. بۆیە ئەرکی ئەم نەسڵەی لاوانە کە بەباشی ئەرکی سەرشانانیان جێبەجێ بکەن چونکە لاوان لە هەموو کۆمەڵگای جیهاندا بە داینامۆی بەرەو پێشبردنی خەبات دادەنرێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمەی لاوی کورد هەر چۆنێک پێمان بکرێت بتوانین یارمەتی دەری خەباتەکەمان بین و هەروەها هاوکاری بین بۆ پێش خستنی بۆیە دەبێت ئێمە کار بکەین کە پرسی کورد لە جیهان دا وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی هەزاران ساڵە کە تاکوو ئێستاش لەژێر ستەم و گوشاری دوژمانی دایە و دەچەوسێنرێتەوە، بەجیهانی بناسێنین و هەروەها تاوەکوو پێمان دەکرێت لەم قۆناغە دا لە ڕابردوو زیاتر یەکڕیز و یەکگرتووبین، 
بۆ ئەوەی خەباتی گەلەکەمان پێشبخەین، و ئەم کاروانە بگەیەنین بە ئامانجە دێرینەکەی خۆی.
 
ئامادەکار: ئارێز شێخی
 
ئەم بابەتە هیچ پەوەندی بە ماڵپەڕەوە نییە بیروبۆچونی نووسەر خۆیەتی