295420 857

ڕێکخراوێکی جیهانی مافەکانی مرۆڤ خوازیاری تەحریمی نێونەتەوەیی فوتباڵی ئێران بوو بەهۆی ئەنجامدانی حوکمی ئێعدام لە یاریگای فوتباڵی نەیڕیزی پارێزگای فارس.

ڕێکخراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (ECPM) داوای کردووە کە فوتباڵی ئێران بەتەواوەتی لەلایەن فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی فوتباڵەوە تەحریم بکرێت کە ئەم داواکارییە لەلایەن سەرۆکی فیفاوە پێشوازی لێکراوە.

ماڵپەڕی فەڕانسەوی "سووفووت" لەمبارەوە بلاوی کردۆتەوە لەم دواییانەدا فیفا بەندێکی نوێی بە بەرنامە و ئەساسنامەکەی زید کردووە کە بەهۆیەوە دەتوانێ لەبەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە حوکمی ئێعدام لە یاریگا وەرزشییەکان بەڕێوە دەبەن هەڵوێست بگرێت.

ڕۆژی ٢٢ی سێپتامبر هێزە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ریژیم لە شاری نەیڕیزی فارس هاووڵاتییەکیان لە یاریگای فوتباڵی ئەمشارە بەڕێوە برد کە ڕاپۆرتی ئەم کارە دەسبەجێ لەلایەن "ڕافائێل چێنول هازان" سەرۆکی ڕێکخراوی(ECPM) خرایە ئیختیار سەرۆکی فیفا و داوا کرابوو کە بە تەحتیم کردنی ئێران ئەم وڵاتە لە هەموو کێبڕکێ نێونەتەوەییەکان دوور بخرێتەوە.

لەبەرامبەردا سکرتێری گشتی فیفا لە نامەیەکدا نووسیویەتی: فیفا ئەم چەشنە کارانە بەتەواوەتی مەحکوم دەکات. من دەمهەوێ لە داهاتوویەکی نیزیکدا سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران قسە بکەم و بەپێی ماددەی ٣ی ئەساسنامەی فیفا کە ئەو ئیختیارەی بە ئێمە داوە ڕێگری بکەم لە ڕودانی وەها حاڵەتێک.

لەبەرامبەریشدا مێهدی مەحمودی، پارێزەری نێونەتەوەیی فوتباڵی ئێران وتوویەتی کە فیفا ناتوانێ بەو هۆیەوە کە یەک جار لە یاریگایەکدا حوکمێکی لەو شێوە بەڕێوە چووە حوکمی هەڵپەساردن بەسەر فوتباڵی ئێمەدا بچەسپینێت چونکە کاری لەو چەشنە لە وڵاتانی دیکە وەک ئەفغانستانیش ڕووی داوە!

ئەگەرچی ناوبراو بۆ پاساوهێنانەوە دەڵێ ئەمە یەکەمجارە کاری لەو شێوە لە ئێارن ڕوو دەدات بەڵام ئەمە ڕاست نییە و پێشتریش چەندین حاڵەتی لەم شێوە هاتۆتە ئاراوە کە زەقترین نموونەی ئێعدامی هاووڵاتیەک لە یاریگای سەبزەوار لە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٢ بوو کە ئەوکاتیش لەگەڵ دژکردەوەی توندی فیفا بەرەوڕوو بوویەوە.