هزری و رۆشنبیری

photo 2018 11 30 17 10 58

 
پاش دەستپێکی ڕاسان و دەستپێکردنەوەی خەباتێکی هەمەڕەهەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جار لە لایەن کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتەوە دەستپێکردنەوەی ئەو خەباتە بە بیانووی جۆراوجۆر دەخەنە بەر شەپۆلی ڕەخنەکانیان، هەرچەند ڕاسانیش دوور لە ڕەخنە نییە، بەڵام ڕەخنەکان دەبێت بە شێوەیەکی گونجاوە و لۆژیکیی بخرێنە بەرباس نەک نالۆژیکی و ناواقیعبینی، یەکێک لەو ڕەخنانە کە ئاراستەی ڕاسان و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری وەکوو یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەو خەباتە دەکرێت، پێیان وایە پێگەی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، لێرەدا کورتەیەک لە سەر ئەو ڕەخنەیە و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی "ڕاسان"دا دەخەینە بەر باس.
 
لە نەورۆزی ساڵی ۲۷۱٥ی کوردی بەرانبەر ۱۳۹٥ی هەتاوی، لە سەر بڕیارێکی مێژوویی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێشتر لە ناوەندی ڕێبەراتیی ئەو حیزبە تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بۆ کرابوو، سکرتێری گشتی ئەوکاتی ئەو حیزبە لەو ڕۆژە دیاریکراوەدا قوناغێکی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ژێر ناوی "ڕاسان" بە دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخ ڕاگەیاند و لە پەیامەکەیاندا داوای لە هەموو لاوانی ڕۆژهەڵات کرد کە بەپیری ئەو خەباتە نوێیەوە بێن و پەیوەست بن بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هەروەها داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵات کرد کە بە پێی توانا و پێگەی ئاستی خۆیان بەشداری لەو خەباتە نوێیەدا بکەن، ئەم دەستپێکە نوێیە بۆ هەموو ناوچەکە بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەلەنگۆرێک بوو یان باشترە بڵێین جێگای سەرسوڕمان بوو.
 
خەباتی نوێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان باشترە بڵێین ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە بەتایبەتی لاوانی خوێن گەرم و ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێ کرا و بە هاتنە ئارای راسان بارودۆخی سیاسی و شۆڕشی ڕۆژهەڵات پێی نایە قوناغێکی نوێیەوە و بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی هەڵگرت.
 
ڕاسانی رۆژهەڵات، لە سەرەتای دەستپێکردنەیەوە هەندێک لایەنی سیاسی لەسەر ئەو قوناغە نوێی خەبات ڕەخنەیان ڕاستەوخۆ ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد کە بۆچی بێ هاوئاهەنگی لایەنەکانی تر ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند، کە لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە ڕەخنەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانە و دێموکراتیکەوە وەریان گرت و پاشان حدکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە خۆیان بە خاوەنی ئەو خەباتە نوێیەی ڕۆژهەڵات بزانن و هەر هێز و لایەنێکی سیاسی کە هەڵقوڵاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەپێی ئاست و هێز و توانایی خۆیان بەشداری لە ڕاساندا بکەن و ڕاسان بە قوناغێکی نوێی لە خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانن.
 
کە باس لە ڕاسان دەکرێت و دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخی هەڵگرتووە، هەر وەکوو لە دروشمەکەیدا دیارە و لە لایەن بەڕێز سکرتێری گشتی ئەودەمی حیزبی دێموکراتەوە شی کرایەوە، بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگانەی کە ڕاسان تەنیا بە خەباتی چەکداری دەبینن، تەنیا لە خەباتی چەکداریدا قەتیس و بەرتەسک نەکراوەتەوە بەڵکوو هەموو ڕەهندێکی خەبات لە خۆی دەگرێتەوە، کە دەگوترێت گرێدانی شاخ و شار واتە خەباتێک خەباتی جەماوری و خەڵک لەگەڵ خەباتی چەکداری پێشمەرگەدا گرێ دەدات، جیا لەم دوو ڕەهەندەش، شێوازەکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و ... هتد تێدا گونجاوە.
 
هەر وەکوو پێشتر باسمان کرد، بڕێک لە کەسایەتی و لایەنی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی خەباتی چەکداریدا ڕەخنە لە ڕاسان دەگرن و پێیان وایە پێگەی خەباتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، لێرەدا دوو بابەت لەمبارەیەوە دێتە ئاراوە: 
یەکەم: ئەوەیە کە پێشتر وتمان ڕاسان هەموو ڕەهەندێکی خەبات بە خەباتی مەدەنیی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو خۆی دەگرێتەوە بە پاڵپشتی هێزەی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
 
دووهەم: لێرەدا کە پێیان وایە خەباتی چەکداری پێگەی خەباتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، باس لە کام خەباتی مەدەنی دەکرێت و لە چواچێوەی کام وڵاتدا؟ نیشتمانی داگیرکراوی ئێمە لە ژێر چەپۆکی وڵاتێکی وەکوو سوویس، سوئید، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان نییە کە ناوەندی دێموکراسی جیهان بن و بتوانین بە خەباتی مەدەنی و پارلەمانی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین داوای مافەکانی خۆمان بکەین، ئێمە لەگەڵ گەورەترین و دڕەندەرترین دیکتاتۆری جیهاندا ڕووبەڕووین کە لە ژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بە حکوومەتێکی تێئۆکراسییەوە مافی چەندین نەتەوەی پێشێل کردووە و هەموو ڕۆژێک خەریکی قڕکردن، کوشتوکوشتاری بە کۆمەڵ، سێدارە و هەموو شێوازەکانی ئەو تاوانانەیە کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناتەبان.
 
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا لە چوارچێوەی حکوومەتێکی تێئۆکراسیی کە تەنانەت دە لە سەدی (۱۰٪) ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشی قەبووڵە (
 
شیعەی حەسنولعەشەریی پەیڕەوەی ویلایەتی فەقیی، لەو ڕەوتە زیاتر ڕەوتەکانی ئایینی ئیسلامیشی قەبووڵ نییە) وەکوو ڕێژیمی فاشیستی ئێران، دەکرێت بە خەباتێکی مەدەنیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین یان خەباتی پارلمانی داوای سەرەتاییترین مافەکانمان بکەین؟ نەک تەنیا نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ئەو چوارچێوە جوگرافیا دەستکردە (ئێرانی ئێستا)، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگای نێونەتەوەییش دەزانن کە بەو شێوازە خەباتە کە ئەو لایەنانە بە خەباتێکی گونجاوی دەزانن بۆ دابین کردنی مافە پێشێل کراوە نەتەوەییەکانمان، بەبێ پاڵپشتی خەباتی چەکداری سەرناکەوێت.
 
 
سەرەڕای ئەوەی کە ڕاسان دەبێت تێئۆریزە بکرێت و هەموو ڕەهەندەکانی ئەو خەباتە شیکاری و شرڤە بکرێت، بەڵام فەلسەفەی ڕاسان لە گرێدانی خەباتی شار و شاخدا کورتکراوەتەوە، وەکوو پێشتر ئاماژەم پێداوە خەباتی شاخ واتە خەباتی پێشمەرگانە و خەباتی شاریش واتە خەباتی جەماوەریی مەدەنی، کە ئەم دوو شێوازە خەباتە لە یەکتر گرێ دەدات و بەهێزتریانی دەکات و دەبێتە خەباتێکی یەکڕەنگ و هەمەلایەنە.
 
 
واتە لێرەدا بە تەنیا خەباتی مەدەنی لە ئێراندا و لە چوارچێوەی حکوومەتی دیکتاتۆریی جەماراندا جێگای نابێتەوە، هەرچەند لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا سەپێندراوە و جێگربووە بەڵام کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تەنانەت پەیڕەویی یاسا بنەڕەتییەکانی خۆشیان ناکەن و بەپێچەوانەی ئەو یاسایانە دەجووڵێنەوە، تەنانەت مافی زمانی دایکی کە لە یاسای بنەڕەتیدا جێگربووە و بە مافی هەر تاکێکی دانیشتووی ئێرانی دەزانن و دەبێت منداڵانی هەموو گەلانی ئەو جوگرافیایە لە پاڵ زمانی فارسی بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بنووسن لە خوێندنگەکان، ڕێگەپێدراوە نییە و ئەو زمانانەش بە شێوەزارێک لە زمانی فارسی ناو دەبن. کەواتە چ چاوەڕوانییەکمان بێت بە شێوەی خەباتی مەدەنی مافە سیاسییە نەتەوەییەکانمان بەدەست بهێنین.
 
 
ئەگەر ئاوڕێک تەنیا لە یەک دوو مانگی ڕابردوو بدەینەوە دەبینین کە مامۆستایانی قوتابخانەکان، شۆفێرانی تاکسی و ترۆمۆبیلە بارهەڵگرەکانی ئێران بە هۆکاری ئەوەی کە لە چەندین خۆپیشانداندا داوای مافە سەرەتاییە سیفنییەکانی خۆیان کردووە، دەستبەسەر و ڕەونەی بەندیخانەکان دەکرێن و ڕۆژبەڕۆژ بەردەوامتر دەبێت، جیا لە پرسی کۆڵبەران کە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە، جیا لە پرسی گیراوانی سیاسی لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیم، جیا لە پرسی مافی ژنان کە باس کردنیان بە هەموو شێوەیەک بڤەیە، جیا لە پرسی کرێکاران و خوێندکاران و تەنانەت مافێکی سەرەتایی لاوانی خوێندەوار بە بڕوانەمە باڵاکانیانەوە و...هتد، خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی وەها حکوومەت و دەسەڵاتێکە.
 
 
ئەو پرسیارە بۆ خوێنەرانی بەڕێز بەجێ دەهێڵم، ئایا لە چوارچێوەی حکوومەتێکی فاشیست و فارسیزمی بەرچاوتەنگی وەکوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو تەوەرانەی کە ئاماژەمیان پێی کراوە، دەکرێت بە تەنیا لە شێوازی خەباتی جەماوەریی مەدەنی مافە ڕەوا پێشێل کراوەکانی نەتەوە بندەستەکەمان بەدەست بهێنین؟
 
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی دەستپێکی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی ڕاسان و کڕنۆشی ڕێز و نەوازشیان بۆ دەبەم.
 
 
 
نووسین: کاروان مێراوی 
 
ئەم بابەتە هیچ پەیوەندیێکی بە ماڵپەڕەوە نییە و بیروڕای نووسەر خۆیەتیی

Philosophy cloud

 
فەلسەفە واتە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە لەو شتانەی کە هەن و سەرەتایەکیان هەیە و مێژوو و دەستپێکیان ناڕوون و نادیارە و بە دوای لانی کەمی زانیاری سەبارەت بە لە دایک بوونیان دەگەرین. بێ گومان هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە فەلسەفە چوارچێوەیەکی زانستی بە خۆیەوە دەگرێ و بە سەر چەند لقی وەکوو: فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی ئایینی، فەلسەفەی ژیان و....هتد، دابەش دەبێ.
ویلیام جەیمز دەڵێت: فەلسەفە شتێک نییە جگە لە گەیشتن بە بنەچە و بنەوانی راستی شتەکان و نوقمبوون لە مانا قولەکانیان و لە درێژەی شتە واقعیەکان، پەیدا کردنی ناوەرۆکی خودی یان بە گوتەی"ئەسپینیوزا" خودی کرۆکیانە، بەم رێگەیە زۆربەی شتە راستیەکان لەگەڵ یەکتردا یەکدەگرن و بە گشتی سەرو گشتەکان دەگەن. راستی فەلسەفە دۆزینەوەی چییەتی هەبوو و بەرەو بوونییەتی و ئەم راستییە لەم رووەوە کە مێژووییە لە هەر قۆناغێک دا بە شێوەیەک دەست پێ دەکات.
 
مێژووی فەلسەفە دەربڕینی تێڕوانینی فەلسەفی، سیستەمی نوسراوە فەلسەفییەکان کە وردبوونەوە لە ژیانی فەیلەسوفان و گەران و پەراوێزی پێوەندییەکانی دوو لایەنەی نوسراوەکان سیستمەکانی فەلسەفی و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتنی رێچکەی پێشکەوت و پاشکەوتی ئەو لە جێگەی مێژوویە کە بە هاوکاری چۆنییەتی بەرفراوانبوونی ئەزموونی هزری، بۆ بە دوا دا چونی فەلسەفە ئامادە دەکات.
 
مێژووی فەلسەفە، لە یەکگرتنی دوو سەرەداوی جیاوازی فەلسەفە و مێژوو پێک هاتووە کە هەر کامیان بۆ ئەوەی دیکە سنوورێک دادەنێ. مێژووی فەلسەفە، لێکۆلینەوەیەکە لە مێژووی هزرەکان و بۆ گەیشتن بەو ئاکامە پێویست دەکات کە بۆچونی تایبەت بە دەورانێکی تایبەت کە زانیاری تەواوی لەو بابەتەدا هەبێ کە فەیلەسوفەکان بە چ شێوەیەک وڵامی پرسیارەکانییان دەدایەوە، بۆ گەیشتن بە بابەتەکان و تیئورییەکان چ چوارچێوەیەکیان هەبووە؟ یان خاڵی لاواز و خاڵی بە هێزییان چی بوون؟
دەتوانین لە روویەکەوە دوومانا بۆ فەلسەفە لە بەرچاو بگرین، لە مانای یەکمدا مەبەست لە فەلسەفە بریتییە لە تێڕامان و لێکۆلینەوەی عەقلانی و پێشین لە بارەی بابەتی تایبەتەوە. بابەتگەلی وەک خودا، ناسینی بوون، ئەخلاق، مرۆڤ، بیر کۆمەڵگا و .....هتد.ئەم مانایە لە فەلسەفە بە ناونیشانی زانستێک بە بابەتێکی تایبەت کە سەرووتر لەوە ناڕوات.
بۆ ئەوەی مرۆڤ وڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە، بۆ ئەوەی لە دنیای ترس، خۆف وەهم و خەیال رزگاری بێت، بۆ ئەوەی بە سەر سروشت دا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی سامانێکی سیاسی کۆمەڵایەتی تەبا و سازگار بخۆلقێنێ و وزە و توانای ماددی و مەعنەوی خۆی بپشکوێنێ، چرای عەقلی هەڵکردووە و زانست و فەلسەفەی داهێناوە و زۆر گەشەی پێداون. ئەگەر چی بەهۆی گەشەی زانستی سروشتی(فیزیک، ماتماتیک، کیمیا، بایولۆجی و ......) توانیویە سروشت ڕام بکات و دەسەڵاتی تەواوی خۆی بسەپێنێت، بەڵام هێشتا بە زانست مرۆڤی(فەلسەفە،کۆمەڵناسی،دەروونناسی و .....) نەیتوانیووە سیستمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕێک و پێک بخۆلقێنێ کە پێویستیەکانی کۆمەڵی مرۆڤ دابین بکات.
 
ئەگەر ئەم چەمکانە لە مەڕ دۆخی ئێستای گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست بە کار بێنن، دەبینین لە زۆر شوێنی کوردستان، کورد توانیووە ئاستی وشیاری درۆینە تێپەرێنێ و بەرەو وشیاری شیاو هەنگاو باوێژێت، بەتایبەتی لە شارەگەورەکان. هەڵبەت دەبێ بزانین کە گەشە کردنی وشیاری نەتەوەیەک لەگەڵ پڕۆسەی دێموکراسی و مۆدێڕنیزاسیۆن و بە تایبەتی لەگەڵ پێکهاتنی چینی ناوەڕاست و پەرەسەندنی سەنعەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، بەزمانی خۆماڵی و دروست بوونی هاوبەشی پێوەندی قولی هەیە. بەوتەی"ئیندێکت ئەندرسۆن"کاتێک چین و توێژەکانی وڵاتێک، هەواڵێک بانگەوازێک یان لێکدانەوەیەک بە زمانێکی تاقانە لە ڕۆژنامە یان لە میدیایەک دا دەبیسن یان دەبینن، ئەم کارە بنەمای پێکهاتنی ئینتما و ئامانجێکی گشتی نەتەوایەتی دڕەخسێنێ. 
 
لەم نێوەدا گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست و چەوساوە، زیاتر لە هەموو گەلانی دنیا پێویستی بە تیئوری و ئەندیشە و چەمک و مێتودەکانی فەلسەفە و نەریتی دەوڵەمەندی بزاڤی ڕۆشەنگەری هەیە. بێ گۆمان ئەرکی تاکی کوردە لە بواری ئەندیشەدا بە رۆشەنگەری بگات، ئەو جار ئاستی وشیاری نەتەوایەتی گەلی کورد بە لووتکەی خۆی دەگات، نەتەوەیەکیش کە خاوەنی وشیاری شیاو بێت ،وزە و تواناکانی خۆی دەناسێت و وەک قەڵایەکی تۆکمە و لەشکان نەهاتوو لە ئاست بەربەستەکانی دەرەکی و نێوخۆیدا سەردەکەوێ و بە مافەکانی خۆی دەگات.
 
 
ئامادەکار: ئەفشار گێچەیی
 
 
ئەم بابەتە هیچ پێوەندی بەم ماڵپەڕەوە نییە و تەنها بیروڕای نووسەر خۆیەتی

BeautyPlus 20181030175457203 save

 
لاو ئەو توێژە پڕ وزە و ئەو هێزەیە کە توانایی ئاڵوگۆڕی لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەو توێژە تایبەتەی کە هەر سیاسەتێکی هەڵە یان دروست کە ببێتە هۆکاری زیان یا قازانج بۆ وڵات لە یەکەم پلەدا بەرۆکیان دەگرێتەوە، تا چەند ڕۆلیان هەبووە لە ئەم زیان و قازانجەی کە لە سایەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بە سەریان هاتووە.
 
لە هەر کۆمەڵگایەک کە لاوان نەتوانن بەشدار بن لە سیاسەت و ڕاوبۆچونیان  سەبارەت بە ڕووداوە گرینکەکانی  وڵات و کۆمەڵگا لە بەرچاو نەگیردرێ و تەنیا وەکوو وزە سەیری ئەم توێژە بکرێ، بە کردەوە ئەم وڵاتە لە بوواری فیکری و سیاسی نوێ بوونەوە بە خۆیەوە نابینێ و تەنیا  لە ئاستێکی دۆگماتیکی نەوەیەک دادەمێنێتەوە کە ڕێگا بە  گۆرانکارییە فکری و سیاسییەکان تێدا نادرێ.
 
ئەم شێوە هەڵسوکەوت کردنە لە گەڵ لاوانی کۆمەڵگا زەربەی زۆر قورس لە پەیکەری خۆدی کۆمەڵگا دەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە لاوان لەگەڵ بیر و شێوەی سیاسەتکردنی نەوەی پێش خۆیان جیاوازیان هەبێ و نەتوانن لە ژێر دەسەڵاتی نەوەی پێشوودا ڕاشکاوانە و ئازاد و ئاسوودە باس لە بیروباوەڕی خۆیان بکەن، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە  بیری نوێخوازی و تازە بوونەوە لە کۆمەڵگادا بکوژرێت و مەیدان چۆل بێت بۆ کەسانێکی بێ بیر و ئاست نزم تاکوو زەق ببنەوە و جێگە و پێگەیەک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، جیاواز لە بیر و داخوازییە ڕاستەقینەکانی جیلی نوێ بە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران قسە دەکەن، ئەم شێوە ڕەفتار کردنە بەرانبەر بە لاوان و گۆرانخوازان بە کردەوە سڕینەوەی بیرە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە.
 
بەڵام ئەم شێوە ڕەفتار کردنە لەگەڵ جیلی نوێی کۆمەڵگا ماوەیەکی کورت دەتوانێت بە زەبری زۆر و ستەم خۆی بسەپێنێت و لە ئاکامدا خۆی  خۆی دەخواتەوە چۆنکە بیرمەند و سیاسەتمەدارەکانی دەسەڵاتدار بەرەو پیری دەچن و مەیدان نادرێت بە کەسە لێهاتووەکان کە خاوەنی بیری نوێ و سەردەمییانەن و کەسانی ئاست نەزم و گوێ لە مست دەهێننە کایەوە، ئەمەش لە خۆیدا دەبێتە ڕادەست کردنی وڵات بە دەستی ناشارەزایان و ئاکامەکەشی دەبێتە هەڵە کردن لە سەرجەم بوارەکانی سیاسەت کردندا، ئەم هەڵانەش زیانی زۆری بۆ توێژی لاو هەیە وەکوو کاریگەرترین توێژ و هیچ کام لە بەشەکان نوێ بوونەوە بە خۆیەوە نابینن، لایەنی دیکەی ئەم شێوە رەفتار کردنە پەنگخواردنەوەی ڕەق و قینی جیا بیران بە هۆی زەبر و زۆرێک کە لە سەریانە و پێگەیشتنی جیلێکی نوێ کە داخوازییەکان و بیرکردنەوەی لە گەڵ جیلی پێش خۆی جیاوازە بەڵام بەستێنی گۆڕانکارییەکان نابینێ، بەشێوەی ئۆتۆماتیک دوو لایەنێیەک لە کۆمەڵگادا سازدەبێ کە لە دواجاردا ،دەبێتە هۆی خەبات کردن بۆ رزگار بوون.
 
ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵداوەتەوە، جیا لەوە لە درێژەی کاروانی خەباتی لە مێژینەی کورددا هاتووەتە ئاراوە، نیشانەی تێگەیشتنی دروست و پەیوەندی دانەبڕاوی ئەو هێزە گۆڕانخوازانەیە لە کۆمەڵگا و داخوازییەکانی جیلی نوێ و زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگا.  چڕتر بوونەوەی خەبات لە کوردستان بە شێوازێکی نوێی مەدەنی و پێشمەرگانە و هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات و کەڵک وەرگرتن لە شار وەکوو ناوەندی خەبات نیشاندەری ئەوەن کە ئەم خەباتە نوێیە بەو پەڕی لێکدانەوە و ئاگاداری لە دۆخی خەڵک و وڵات و داخوازییە نوێیەکانی کۆمەڵگا بە تایبەتی لاوان دەستی پێکردووە. 
 
ئەمەش هەر لە دوور کەوتنەوەی لاوانی وڵات لە حکوومەت بە هۆی پشتگوێ خستنی داخوازییەکانیان و نزیک بوونەوە و پەیوەست بوونیان بەو هێزانەی کە بیر کردنەوەیان بەردەوام لەگەڵ داخوازییەکانی کۆمەڵگا و جیلی نوێ تازە دەبێتەوە، بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێ.
 
لە ڕاستیدا خەباتی نوێی رۆژهەڵات بە پیلەوە هاتنێک بوو بۆ داخوازییەکانی خەڵک و لاوانی ژێردەستی حکوومەتی ئێران، دەستپێکردنی قۆناغێک لە خەبات کە لاوان تێیدا سەرەکیترین هێزن بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ، سەرنجدانە بە بیر و دەنگی لاوانێک کە لە حکوومەتی زاڵدا دەنگیان بە هیچ گوێیەک نەدەگەیشت بەڵام ئێستا خۆیان بوونەتە مەشغەڵ بەدەستانی خەبات و سیاسەت بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و سەرکەوتن بە سەر حکوومەتێکی بیرکۆندا.
 
ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات کە لە لایەن خەڵکی رۆژهەڵاتەوە ناوی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات"ـی لە سەر نرا، وەکوو ناوەکەی بیرەکەشی هەڵقوڵاوی بیر و داخوازییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتە، ئەم پشت بەستنە بە جیلی نوێیە کە لە ڕاساندا بەر چاو دەکەوێت نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو هێزانەی کە لە دۆخی ئێران بە باشی تێگەیشتوون، ئاگادارن بە بێ تێوەگلانی لاوان بە هەموو بەشەکانی خەبات و کەڵک وەرگرتن لە ڕاوبۆچوونەکانیان خەبات سەرناکەوێت.
 
ن: عومەر فەخرەدین فەر

 jalal rawangard 2016

یه‌کێ له‌ دیارده‌ نه‌خوازراوه‌کانی چاخی نوێ که‌ وه‌کوو نه‌خۆشییه‌کی واگیردار له‌ نێو کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆییدا ته‌شه‌نه‌ی کردوه، ته‌ڵاقه‌‌.

 

jalal rawangard 1390 

   ئەوەی لە نووسراوە مێژووییەكاندا لەهەمبەر بابەتی فیمینیستیەوە بەرچاو دەكەوێ‌‌و هەروەهاش لە قسە‌و باسە فیمینیزمییەكاندا هەموو كاتێك بە شێوەیەكی جیدی ئاوڕی لێدەدرێتەوە، پێویستی فێركردن‌و بارهێنانی بوارە جۆراوجۆرەكان بۆ ژنان‌و كچانە.  مافی خوێندنیش گرینگترین مژار بووە‌و ئیستاكەش هەر بەردەوامە.