jalal rawangard 2015 aa 

ده‌ستپێک بۆ هەڵسەنگاندن پێویستە ناسینێکی تەواومان لە کاری رێکخراوەیی هەبێت.   

 

 

 

 پێناسه‌ی رێکخراو به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی :  

 

   کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس لە دەوری یەکتر لەسەر بەرنامە و ئامانجێکی روون و دیاری کراو، و ئۆرگانیزاسیۆن و قەوەارەیەکی تەشکیلاتی، کە ویست و داخوازییەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو دادەڕێژێت ،و لە راستای وەدیهێنانی خواست و ئامانجەکان و هەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی، هەنگاو دەنێت،  ‌ کە هه‌ر رێکخراوه‌یه‌ک بە پێی پێويستی کۆمەڵگا دادەمەزرێت، و ئەندام تێیدا بە ویستی خۆی و به‌ دڵخوازانە، بۆ ئەو ئامانجەی کە مەبەستیانە تێیدا بەشدار دەبێت.

 لەپێناسەیەکی گشتی دا پێی دەوترێت رێکخراو.  

kari rekxraweiiده‌بێ قەوارەی هەر رێکخراوەیەک، وڵامی ئەم چەند پرسیارە بداتەوە:

بۆ چی یە: یانێ ئامانج و بەرنامەی ئەو رێکخراوەیە چییە؟

چۆن دەبێ: بەرنامەی کارییان چییە، کارەکانیان چۆن دەچێتە پێش، یاسا و ئایین نامەی کارییەکانیان چین و... هتد؟

کێ دەیکات: بەڕێوەبەریان کێیەو لە سەر چ بنەمایەکە، مودیریەتی رێکخراوەییان چۆنە؟

دابەشکارییەکانیان چۆنە: ئۆرگانیزاسیون، بەشەکان، کاره‌کانیان چۆنه‌، قه‌واره‌ی رێکخراوه‌یی و سه‌لاحیه‌ته‌کانیان له‌سه‌ر ج بنه‌مایه‌که‌ و...هتد؟

 

 کار کردن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان لە راستای هاتنەدی ویست و داخوازییەکانی  تاک، یەکێك لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەندامە لە رێکخراودا و لە بەرامبەر ئەوەشدا گرینگرتین مافی هەر ئەندامیک لەو رێکخراوەیە بەرەو‌پێش‌چوون و بردنە سەری ئاستی ئاگایی وزانیاری و تواناییه‌کانیه‌تی، کە رێکخراویش لە بەرامبەر ماف و ئەرکە تەشکیلاتییەکانی هەر ئەندامێکی بەرپرسیارە و دەبێ بۆ بە ئورگانیزە کردنیان، پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژێت.

    درووستکردنی رێکخراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن : 

-         پرسی هه‌بێ.

-         پڕۆژه‌ پێشکه‌ش بکرێ.

-         لایه‌نی دارای و ماڵی شه‌فاف و سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ.

-         لیژنه‌یه‌ک هه‌بێ بۆ به‌ڕێوه‌بردن و به‌ره‌وپێش بردنی پڕۆژه‌کانی (سه‌رکرده‌ی مه‌یدانی له‌ تیئۆری و پراکتیکدا).

-         په‌یکه‌ره‌ی رێکخراو‌ و کاری ئیداری و به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن و دێموکراتیک بێ.

-         به‌ سیستم کار بکات.

بنەمای پێکهێنانی رێکخراوەیەک:

دڵخوازانە، ویست و ئامانجی هاوبەش، یاسامەند بوون، بەرنامەی روون و دیاری کراو، سەر بەخۆبوون لە بڕیاردان و بەرپرسیارەتی، و ... هتد.

بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر رێکخراوەیەکە.

 

  معیارەکانی رێکخراو بوون:

- هەر رێکخراوەیەک دەبێت خاوەن بەرنامەو‌پێڕەو و پرۆگرامێک کە بۆ ئەو مەبەستە رێکخراوەی لەسەر دادەمەزرێنێت.

 - کۆنگرەی بۆ ئەندامانی ئەو رێکخراوەی گرتبێ و لەوێدا لیژنەی بەڕێوەبەری هەڵبژاردبێت.

 - ئورگانیزاسیۆنی رێکخراوەیی هەبێت.

 -  ناوەندی راگەیاندنی هەبێت ( گۆڤار ، سایت، رادیۆ، تی‌ڤی، ...)

  

 

         بنەمای کاری رێکخراوەیی:

بوونی ئۆرگانیزاسیون، لیژنەی بەڕێوەبەری، گەڵاڵەی کاری، یاسای بەڕێوەبردن، ئاییننامەی کاری، رێکخستن و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری رێکخراو.

  

 

  چەند چەمکێکی گشتی لە کاری رێکخراوەیی دا هەیە وەک ناسینی ئەرک و ماف کە بنەمایەکی گشتی و ئەساسی هەر رێکخراوەیەکە و لە بەرامبەری دا تەشویقی و سزا هەیە کە بە کردەیی نەکردنیان و پێڕەوی لی نەکردنیان لە کاری رێکخراوەیی دا، ئەو رێکخراوەیە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە و لە ئامانجەکانی دوور دەخاتەوە.

 ماف و ئەرک لە کاری رێکخراوەیی دا پێوەندییەکی راستەوخۆیان پێکه‌وه‌ هەیە و تەواوکەری یەکدین، بەو واتاییە هەر ئەندامێک لە پێکهاتەی ریکخراوێکدا که‌ بەشدار دەىێ بە وەرگرتنی ئەرکێک، مافی ئەو ئەندامەشە کە لە چوارچێوەی رێکخراوەکەیدا بە ئامانجەکانی بگات.

  له‌ هەر رێکخراوێکدا پێویستە ئورگانیزاسیون و بەشێکی مودیریەتی هەبێت کە لێرەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی گشتی هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسێکی مودیر و کادرێکی نموونه‌ و  شێوە و قەوارەی ئورگانیزاسیۆنی رێکخراوەیەک بە شێوەی خاڵبەندی بخەینە بەر باس.

  

 

   

     به‌شێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بەڕێوەبەری رێکخراوه‌یه‌ک:

داهێنەر، بەتوانا، رێكخەر، خاوەن ڕا، داڕێژەر، عەمەڵ گەرا، توانای لێكدانەوەی هەبێت، مودیریه‌تی هه‌بێ، و ... هتد. 

دوو خاڵ کە پێویستە شرۆڤەیەکی کوورتی بۆ بکرێت:

یەکەم: کەسێکی خاوەن ڕا بێ، مەبەست ئەوەیە کە رۆڵی ئیدۆئۆلۆژی ئەو رێکخراوەیە دابڕێژێت کە رێگای گەیشتن بە ئامانج دیاری دەکا، مێتۆدی خەبات و تێکۆشان دادەنێت، وێنەیەکی روون و سادە لە باروودۆخی مەوجود پێشانی جەماوەر دەدات و زەمینەی کۆکردنەوەی کۆمەل بۆ ئاڵوگۆڕ و مانایەکی هاوبەش و گشتگیر لە خواستەکان ساز دەکات. 

دووهەم: کەسێکی مودیر، ده‌بێ لە داڕشتنی بەرنامە یا گەڵاڵەیەک یا لە داڕشتنی هەر پیلانێکی کاری، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ببینێتەوە هاوکات رێگای چارەسەری بۆ دابنێ و مودیریەتی بەرەو‌پێش‌بردنی ئەو گەڵاڵە کارییانە بکات. هه‌روه‌ها له‌ ئه‌گه‌ری به‌ره‌وپیش نه‌چوونی کاره‌کان به‌ پێی سه‌ڵاحیه‌ته‌ کارییه‌کان لێپرسینه‌وه‌ بکات.

      

 

     چەند خاڵێک لە ئەرکی بەڕێوەبەری رێکخراوەیەک:  

- هەوڵدان بۆ بەرەوپێش بردن و چالاک کردنەوەی رێکخراو و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری ئەو رێکخراوەیە.

- گرتنی کۆبوونەوە و هاوڕایی کردن لە گەڵ یەکتر و دەوروبەر و بەگشتی ئەندامانی رێکخراوه‌که‌ی.               

- بردنەسەری ئاستی ئاگایی و زانیاری و تواناکانی خۆی و ئەندامانی رێکخراوەکەی.

- خۆ بە ئەرکدار زانین لە هەمبەر بەجێهێنانی ئەرک و مافی تاکی ئەندام لەو رێکخراوەیە.

- دانانی بەرنامە و گەڵاڵەی کاری، و لێپرسینەوە و بەدواداچوون لە راستای بەرەو پێش بردن .                        

- ئەرک و بەرپرسایەتی وەرگرتن لە بەشێک لە کاری ئۆرگانی رێکخراودا.       

- پێشکەش‌کردنی مکانیزمی گونجاو لە راستای بەرەو‌پێش‌بردنی کار لە بەشەکەی و رێکخراوەیی بە گشتی.

- بەرپرسیاریەتی به‌رامبه‌ر هەموو خاڵە لاواز و بەهێزەکانی رێکخراوەکەی.

- و ...هتد.

  

 

           به‌شێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کادری رێکخراوه‌یی:

پێناسه‌: کادر، که‌سێکی‌ خاوه‌ن ئه‌زموون و لێهاتوویه‌کی تایبه‌ت که‌ توانای راڤه‌ و ئاراسته‌کردنی بابه‌ته‌کانی هه‌یه‌ و هه‌نگاو بۆ ئامانجێکی دیاری کراو ده‌نێت.

کادر، پۆست نیه‌ به‌ڵکوو تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ بۆ ئاستێکی جیاواز و به‌رز له‌ تاکه‌کانی دیکه‌ له‌ کاری رێکخراوه‌ییدا.

                      جۆره‌کانی کادر:

نائاماده‌ - نێگه‌تیڤ – شکست خواردوو – هه‌وڵده‌ر – سه‌رکه‌وتوو – کادری نموونه‌یی.

     

                پێناسه‌ی کادری نموونه‌یی :

  که‌سێکه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌کانی "رێکخراو و گه‌مه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵگا"، رۆڵ ده‌گێڕێت و له‌سه‌ر ئاستی "که‌سایه‌تی و فێکری و ده‌ربڕین" خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌. هه‌روه‌ها له‌ بیرکردنه‌وه‌ و تێکۆشانی دا تواناکانی "وردبینی و دووربینی و نوێ‌گه‌رایی له‌ بیرکردنه‌وه‌دا و جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌کانی" هه‌بێ و بتوانێ له‌ تێکهه‌ڵکێش کردنی باس و بابه‌ته‌کان به‌ سازگارکردنی له‌گه‌ڵ شه‌رایه‌ت و هه‌لوومه‌رج و ده‌ورووبه‌ریدا زیاتر له‌ یه‌ک لایه‌نی بابه‌ته‌که‌ ببینێت.

هه‌نگاوه‌کانی بوون به‌ کادرێکی نموونه‌:

-         تێگه‌یشتن و باوڕهێنان به‌ پێڕه‌و پڕۆگرامی رێکخراو و هه‌نگاونان له‌و راستایه‌دا.

-         تێگه‌یشتن له‌ ئه‌رک و ماف له‌ رێکخراودا و هه‌نگاونان بۆ به‌جێگه‌یاندنیان.

-         بردنه‌ سه‌ری ئاستی ئاگایی و تواناکانی خۆی و ده‌ورووبه‌ری.

-         هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی رێکخراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن.

-         به‌رزبوونه‌وه‌ له‌ ئاستی ئه‌ندامه‌تی بۆ کادربوون.

 

           به‌هره‌کانی کادری نموونه‌یی:

 خۆناسی – شرۆڤه‌کاری – کارگێڕی – پێوه‌ندیی – کۆمه‌ڵناسی – سه‌رکرده‌یی – به‌رامبه‌ر ناسی – چاره‌سازی .

 

                        چه‌ند خاڵێک له‌ رۆڵی کادرێکی نموونه‌ له‌ رێکخراوه‌یه‌کدا:

-         بوون به‌ نموونه‌ بۆ په‌یامی رێکخراوه‌که‌ت.

-         پابه‌ندبوون به‌ ئه‌رک و ماف له‌ رێکخراودا به‌ پێی پێڕه‌وی نێوخۆ.

-         بوون به‌ پردێک له‌ نێوان تاک و رێکخراودا.

-         ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی رێکخراو به‌ پڕۆژه‌ و  بیر و ئه‌ندیشه‌ی نوێ و پێشکه‌وتن خوازانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام.

-         هه‌ڵگرتنی خه‌م و کێشه‌ و گرفت و داواکارییه‌کانی تاکه‌کان و کردنی به‌ پڕۆژه‌ له‌ نێو رێکخراودا . (ئالترناتیڤ)

-         به‌رپرسیاربوون  به‌رامبه‌ر به‌ رێکخراو و کۆمه‌ڵگا.

-         ده‌ستپێشخه‌ری له‌ پێگه‌ی مێحوه‌ری و هه‌وڵدان بۆ سه‌رکردایه‌تی کردنی پرس و پڕۆژه‌کان له‌ راستای به‌ره‌وپێشبردنی دا.

-         بوون به‌ سه‌رکرده‌یه‌کی مه‌یدانی و عه‌مه‌ڵگه‌را.

-         ئاماده‌بوونی خۆبه‌خشانه‌ و به‌رده‌وام له‌ رووداو و پێش‌هاته‌کاندا.

-         خاوه‌ن هه‌ڵویست و شرۆڤه‌کاری و هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێشبردن به‌ ئاراسته‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ.

-                    و     ... هتد.

 

                        تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کادرێکی نموونه‌یی:

–  ره‌وشت به‌رزی – پێشه‌نگ بوون – پابه‌ندبوون – نهێنی‌پارێزی – لێبوورده‌یی – گه‌شبینی – رێکپۆشی – روو‌خۆشی – گوێگربوون – هونه‌رمه‌ند له‌ پێوه‌ندی‌گرتن – گرینگیدان به‌ ده‌ورووبه‌ر – توانای جێبه‌جێکاری – دادپه‌روه‌ر – بڕیارده‌ر – به‌رپرسیار .

– په‌یامه‌کانی رۆشن و ده‌قیق و شه‌فاف بێ.

– ده‌زانێ چی ده‌ڵێ و بۆ کێی ده‌ڵێ و چۆن ده‌یڵێ و که‌ی ده‌یڵێ و بۆ کێی ده‌ڵێت.

       دانی پڕۆژه‌ و پیاده‌کردنی.

       ئاست‌به‌رزی له‌ جێبه‌جێکاری‌دا.

 

  

         

                  چەند بەشێکی بنەڕەتی  لە ئۆرگانیزاسیۆنی هەر رێکخراوەیەک:

 

(رێکخستن، پەروەردە، پێوەندی، ماڵی، راگەیاندن)       

 لێرە دا هەوڵ دەدەین بە گشتی پێناسەیەکی هەرکام لەو بەشانە بدەین بە دەستەوە:

 

 رێكخستن: بناغەی کاری هەر رێکخراوەیەکە و پێوەستە زۆر بە جیدی گرینگی بە کاری ئەو بەشە بدرێت و مکانیزمی بەڕێوە بردنی بە پێی هەلومەرج و مەوقعیەتی کاری و بەردەوام پێداچوونەوەی بەسەر دا بکرێت و هەنگاوی جیدی بۆ بەرەو پێش بردن و رێکخستنی بە هێز بدرێت.

 

پەروەردە: لە هەر رێکخراوەیەکدا پێویستە گرینگی زۆر جیدی بە کاری ئەم بەشەش بدرێت و هەوڵ بدرێ کاری رێکخراوەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانیان بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی توانا و تێگەیشتن و زانیاری رێکخراوەیی و تاکی ئەندام لەو رێکخراوەیەدا، پلان و بەرنامەی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت.

دەبێ بەردەوام بەرنامەی پەروەردەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانی دا بۆ تاکەکانی ئەندام لەو رێکخراوەیە و تەنانەت دەرەوەی خۆیشی بە مەبەستی زیاتر کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری رێکخراوەکەی رێک بخا و بەڕێوەی ببات.

 

راگەیاندن: لە دونیای ئەمڕۆ دا راگەیاندن رۆڵێکی گرینگی هەیە و تێکنۆلۆژی وای کردووە کە ئەگەر هەر بونیاد و رێکخراوەیەک نەتوانێ بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو کەڵکی لێ وەربگرێت، ناتوانێ لەگەل جیهانی سەردەم بچێتە پێش. بەشی راگەیاندنی هەر رێکخراوەیەک، ئەرکدارە هەموو ئەو لایەن و بابەتانەی کە پێوەندیدارە بە کاری رێکخراوەیی ئەوانەوە، بەرنامە و گەڵاڵەی کاری بۆی هەبیت و لە بەشە راگەیاندنەکانی دا ئینعکاسی بداتەوە.

بۆ نمونە لە راگەیاندنی رێکخراوەیەکی تایبەت بە توێژی لاو، جیا له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و بیروبۆچوونی رێکخراوه‌که‌، پێویستە زیاتر گرینگی بە ئەو دۆز و باس و بابەتانەی کە پێوەندیدارن بە تایبەتی توێژی لاو و بەگشتی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین و نەتەوەکەیان و ئەو ئاڵوگۆڕ و روداوانەی کە لەو ناوچەیەدا بە نیسبەت توێژی لاو روو دەدەن و هەر وەها ئەو باس و بابەت‌گەلەی کە پێویستە لاوێک لەگەڵی ئاشنا بێ و ئاستی تواناکان و تێگەیشتنی لە ئەو بابەتەی کە پێوەندیدارە بەوەوە و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان بۆ پەروەردەکردنی توێژی لاو لە راستای بەرەو‌پێش‌بردن و ئاشنا کردنیان لە گەڵ پێشکەوتنەکانی جیهانی نوێ و سەردەم، کە دەبێ بەشە راگەیاندنەکان کاری بۆ بکەن.

 

بەشی ماڵی: هەر رێکخراوەیەک پێویستی بە بونیادگەلێکی ماڵی بۆ بەرەو پێش بردنی کارەکانی هەیە، سەرچاوەی داهاتی هەر رێکخراوەیەک بۆ دیاری کردن و بەڕێوەبردنی لایەنی دارایی ئەو رێکخراوەیە، بەشی ماڵی کار لە بەشی داهات و دەرکەوتی ئەو رێکخراوەیە دەکات و ئەرکیەتی تێچوونەکانی رێکخراوەکەی دابین بکات. پێویستی پشتیوانی مادی بە پاراستنی سەربەخۆیی ماڵی بۆ رێکخراوەکەی بە دەست بێنێت، دەبێ پلانی کورت خایەن و درێژ خایەنی بۆ بەهێز کردنی لایەنی دارایی رێکخراوەکەی دابڕێژیت و ژمارە حیسابی بانکی و فۆرمی داهات و دەرکەوتی رێکخراوەیی رێک بخات.

ده‌توانین بڵێن سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی هه‌ر رێکخراوه‌یه‌ک پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ئه‌و رێکخراوه‌وه‌ هه‌یه‌. 

 

پێوەندی: دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ درووستکردنی پێوەندی لەگەڵ دەوروبەر و دەرەوەی خۆی دابنێت و لە گەڵ رێکخراوەکانی دیکە لە راستای بەرەو پێشبردنی و بە هێز کردن و بەدەستهێنانی پشتیوانی مادی و مەعنەوی بۆ رێکخراوەکەی، هەوڵ بدات و هاوکات رێکخراوەکەی بە دەرەوەی خۆی بناسێنێت و بەرنامە کارییەکان و ئامانجەکانی رێکخراوەکەی شی بکاتەوە.

پێویسته‌ بنه‌مای رێکخستنی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی لێکتێگه‌یشتن و رێزدانان بۆ یه‌کتر و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، دابمه‌زرێت.

 

 

چەند خاڵێک پێویستە ڕچاو بکرێ لە نووسینی گەڵاڵە یان پێشنیار: 

مەبەست لەو گەڵاڵەیە چییە، بۆ چ شوێنێکە، بابەتی گەڵاڵەکە، شی کردنەوەی گەڵاڵە [ شێوازی بەڕێوە چوونی]، لە چ ماوەک و چ کاتێکدا، ئیمکانات و پێداویستیەکانی، بودجەی پێویستی، بۆ چ شوێنیک ئەو گەڵاڵە رێک دەخرێت و بەڕێوە دەچێ.

خاڵی هاوبەشی هەموو گەلالەکان کە دەبێ تێیاندا گونجێندرابێ، ئەمانەن:

بۆ کوێ دەنوسرێ [ شوێنی مەبەست ]، کات و ماوە، رێکەوتی نووسین، واژۆ و ناوی نووسەری  گەلالە [ یا شوین ]، شی کردنەوەی هەر  پرۆژە و دیار بوونی بابەتەکە.

  

 

         خاڵێکی گرینگ لە ئەرک و بەرپرسیارەتی کاری رێکخراوەیی:

  

  هەر رێکخراوەیەک دەبێ بە شێوەیەک ئەندامەکانی بار بێنێت کە خۆیان لە بەرامبەر رێکخراوەکەیاندا بە ئەرکدار بزانن و بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و رێکخراوەکەی بە تایبەتی، هەنگاو هەڵبگرێت.

 

 

             په‌یڤی کۆتایی :  

  

 پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ویستی خەڵک و نوێنەرایەتی کردنیان، رۆڵێکی گرینگ لە راستای بەرەو پێش چووندا دەگێڕێت. و رێکخراوەکان دەتوانن خاوەن رۆڵیکی بەرچاو لە پێکهێنانی بەڕێوەبەرییەکی چاک و بە توانا لە ناو خەڵک و کۆمەڵگادا بن و وڵامده‌ری ویست و داخوازییەکانی  کۆمەڵگا بن. 

  

 

 

           ئاماده‌کردن:   جەلال رەوانگەرد