twndwtyzhydzhyzhnanلە کۆمەڵەگای داگیر کراوی ئێمە لە ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و یاسای دینی و دەسەڵاتێکی دژە ژن.

لە ٣٦٥ ڕۆژی ساڵدا هەر ڕۆژێک بە قەد یەکساڵ بە پێی یاسا و دین و دەسەڵات وکولتوورێکی کۆنی پیاو مەزنی دژە ژن، دژ بە ژنان لە بواری جەستەیی و دەروونییەوە توند و تیژی ئەنجام ئەدرێت، قەتڵی نامووسی، ئەسید کردن بە سەر دەموچاوی ژناندا، شەلاق لێدان، حەجابی زۆرە ملی، بەزۆر بەشوودان، بەستنەوە لە ناو ماڵ، سەنگسار و لێدانی ڕۆژانە تەنیا بەشگەلێکی بچکوون لەو ئازارانە کە لە سەر ژن و ناوی ژن و لەشی ژن،  بەدی ئەکرێت.

 

زەعیفە، کەم عەقڵ بوون، دوو خوشک وەک برایەک ئەتوانێت بەشی ئیرس ببات، دوژن وەک پیاوێک ئەتوانێ لە دادگا وەک شایەد ئامادە بێت، تەڵقینی کردنی مردوو بە ناوی دایک تەنانەت لە سەرە مەرگیشدا بە نیەتی سووکایەتی بە کەسایەتی دایک، بێ ئیختیاری لە جیا بوونەوە و هەڵبژاردنی ژیان، بێ ئێختیاری لە هەڵبژاردنی جل و بەرگ و شێوازی ژیانی ڕۆژانەی.

 

پێناسە کردنی ژن وەک موڵک بە خاوەن موڵکەوە، وەک براژن، خاڵۆژن، مەلا ژن، وەستا ژن، هێوەر ژن، ....هتد.  شاردنەوەی بواری کەسایەتی ژن وەک بوونەوەرێکی سەر بەست وەک ئینسانێکی خاوەن هەست و بە پێچەوانە وەک کەرەسە و ئامراز و موڵک چاو لێکردن ناساندنیان بە خاوەن موڵکەوە، بەخشینی دەسەڵاتی یاسایی و شەرعی بە پیاوانی خاوەن دەسەڵات تەنیا بە مەرجی ئەوەی بتوانێت مساواتێک لە نێوان هاوسەرەکانیان دابین بکات بۆ هەڵبژاردنی چوار هاوسەر لە یەک کاتدا.

 

ناوی ژن و لەشی ژن و جوانی ژن وەک ئامرازی ڕیکلام بۆ گەشەی بازاری کار و کاسبی و تەنانەت بواری دینیش ئەوەتا دەسەڵاتدارانی دینی و وتە بێژەانی ئایین بۆ ئەوەی پیاوانی دەسەڵات پارێزیان بتوانن ئاسانتر خەڵک بکوژن و زیاتر بۆمب بتەقێننەوە و بە دڵێکی فراوانترەوە کارەسات بخولقێنن، وادەی ٤٠ و جار و بارەیش ٧٠ حوری مێینیە بە پیاوی دینداری موتەدەین ئەدەن.

 

ئەوانە و دەیان و بگرە سەدان نموونەی دیکە لەو ئازارانەن کە دەچنە خانەی توندوتیژییەوە لە سەر جەستە و دەروونی ژن.

تەنیا جیاوازییەکانیان ئەوەیە هەندێکیان بواری نەفسی و کەسایەتی ئازار ئەدەن و هەندێکیان جەستە، دەنا لە ڕوانگەی منەوە هەمووی توندوتیژییە و ئەم توندوتیژیانە ڕۆژانە لە سەر ژن دووپاتە ئەبێتەوە، دەسەڵات بەڕێوە بەری ئەو توند وتیژیانەیەو و دین شەرعیەتی پێداوە و دەسەڵاتدارانی پیاو مەزن هەوڵیان داوە وەک کولتورێکی کۆن لە ناو کۆمەڵگادا جێی بخەن و تا ڕادەیەکی زۆریش لەم بوارەدا سەر کەوتوو بوون.

 

وایە هەموو ڕۆژێک لە ساڵدا توندوتیژی لە سەر ژنان هەیە و یەک ڕۆژ واتە ٢٥ی نوامبر ڕۆژی بەرەنگاری لە دژی ئەو توندوتیژیانەیە.

بەڵام بۆ تێکۆشەرێکی دڵسۆز، بۆ هەڵسووڕاواێکی بە بڕوا ژن و پیاو دوو بەشی یەکسانن کە بە هەردوولا کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان پێکهێناوە ولە بابەت پرسی توندوتیژی لە سەر ژنان هەموو ڕۆژێک بۆی ٢٥ی نوامبرە و دەبێ لە دژی توند و تیژی بوەستینەوە.

 

 

 

ئیبراهیم کۆنەپۆشی