dokujiiiii ko خۆکۆژی دیاردەیەکی ناحەزە کە بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی گرتووە و سەرەڕای مۆدێڕن بوونی ژیان و پێشکەوتوویی هزری مرۆڤ نەک تەنیا ڕووی لە کزبوون نەکردووە بەڵکوو پەرەشی سەندووە.

بە گوتەی تیڤانی بارتولو نووسەرێکی ئامریکایی ئیتالیی هیچ کەسێک بۆ مردن خۆی ناکوژێت، بەڵکوو دەیەوێت بە خۆ کوشتن پێش بە گرفت و ئازارەکانی ژیانی بگرێت. ئەگەرچی لە رابردوودا کەسانی خۆکوژ بە شێوەی نهێنی و دوور لەچاوی خەڵک هەوڵیان بۆ خۆکوشتنداوە، ئێستا بە شێوەی ئاشکراو لەبەرچاوی خەڵک لە شەقام و بازارەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆدەکوژن. به باوەری دەروونناسان ئەو  خۆکۆژیانەی که له بەر چاوی خەڵکەوه دەکرێ پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی به دوای خویدا دێنێت  و لای خەڵکیش دەبێ به پرسیار که هۆکاری ئەم کردەوه پر مەترسیه چی بیت؟

لە دوو هەفتەی ڕابردوو لە وڵاتی ئێراندا چوارکەس لە شوێنە گشتیەکاندا خۆیان کوشتووە. بۆ نموونە خۆهەڵواسینی پیاوێک لە شەقامی میرداماد، پیاوێک لە نەخۆشخانەی میلاد، کچێکی تەمەن سێنزەساڵ لە بووسی نیایش و کوڕێکی تەمەن بیست وهەشت ساڵ لە گۆڕەپانی ڕەساڵەتی شاری تاران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێران پلەی ١٢٠ی جیهانی بە خۆکوژیی ١١ کەس لە ڕۆژێکدا بۆ خۆی تۆمار کردووە کە دەکاتە ٤٠٦٩ کەس لە ساڵدا.

ڕێکخراوی ته ندروستیی جیهانی له دوایین راگەیەندراوی خۆیدا ئاشکرای کردووه؛ لە هەر ٤٠ چرکەدا ١ کەس لە جیهاندا خۆی دەکوژێت و لە کۆی ٨٠٠ هەزار کەس له سەرانسەری جیهان کە کۆتایی بە ژیانیان دێنن، ٤٠٦٩ کەسیان لە ئێراندان.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ئێراندا لە نێوان هەر ١00 هەزار کەس ٦ کەس لە ساڵدا خۆیان دەکوژن، بەڵام لە بواری هەوڵدان بۆ خۆکوژی کە بە ئاکام ناگات، ئەم ڕێژەیە ٢٠ قات زیاترە، هەر بۆیە وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ئیران هۆشداری داوە لەمەڕ پەرەسەندنی ئەو کردەوەیه.

روژهەڵات

ئەو بەشەی کوردستان کە چەندین سەدەیە لە بندەستی ئێراندایە، لە دیاردەی دزێوی خۆکوژیی بێبەری نیە و بە پێی ئامارەکان و بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی هاونیشتمانیانیی لە خۆکوژیدا پشکی شێری بەرکەوتووە. گیروگرفتی هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی شارەکانی ئێران زیاترە و ئەوەش وایکردووە کە لەوپەڕی بێدەرەتانیدا پەنا بۆ کردەوەی خۆ کوژیی ببەن. نەبوونی ئازادیەکان، نەبوونی تریبوونێکی ئازاد لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشێلکرانی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەی و مافی ژنان و لاوان و لاوازیی بواری ئابووری و بێکاریی هۆکار گەلێکن کە دەبنە پاڵنەر بۆ زیاد بوونی ژمارەی کەسانی خۆکوژ، بە تایبەت لاوانی ئەو بەشە لە کوردستان.

لە سەرەتایی ئەمساڵ واته نیزیک به دوو مانگ زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی ژن و پێاو لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

نوێترینی ئەو رووداوانه ڕۆژی سێ شەممە  ڕێکەوتی 10ی پینجی دووهەزار و شانزه، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە گوندی "خانگێ"ی شاری مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی کۆمەڵناسان بێکاری ئەگەری هەوڵدان بۆ خۆکوشتن ٢ قات زیاد دەکات، هەر بۆیە لە پارێزگا کوردنشینەکاندا کە دەرەتانی کار کەمە، ڕێژەی هەوڵدان بۆ خۆکوژی زیاترە؛ ئەم کارناسانە دەڵێن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوژی بریتییە لە، دەسپێڕاگەیشتنی خێرا و ئاسان بە کەرەستەکانی خۆکوشتن لەوانەش سیانوور و حەبی برنج.

هەژاری و بێدەرەتانی ماڵیی، سترێس و گوشارە دەرونییەکان، گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان،کێشە نامووسییەکان، کێشەی نێوان بنەماڵەکان، شکست و ناهومێدییەکان، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیی ناسەرکەوتوو، بەشێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی به گشتیی له ئیران و روژهەڵاتی کورستاندا.

ئەگەرچی به پیی ئامارەکان له وڵاتی ئیران رۆژانە خەڵکێکی زۆر پەنا بۆ خۆکۆژی دەبات بەڵام ئەم پرسه له لایەن بەرپرسانی پله بەرزی ئەو وڵاتەوه بێ بایەخه و به دەگمەن ژمارەیەکی کەم له بەرپرسانی پله نزم تەنیا به مەبەستی به لارێدا بردنی هەڵوێستی کۆمەڵگا له چوارچیوەی قسەدا باسی لێوه دەکەن و وەک هەندێک له رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە باسی لێوه دەکەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ کەمرەنگ کردنەوەی دیاردەی خۆکۆژی و هینانەخوارێ ئەو ئاماره به کردەوه هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووه و ئاماری نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بەڵگەیەکی به هێزه بۆ سەلماندنی ئەو راستیه.

هەورام رەحیمی