وولە ماوەی نێوان مانگەکانی مارسی 2016 تاوەکوو مارسی 2017، شەست ژنی کورد خۆیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) و بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە بەشی ئامارگیریی مافی مرۆڤی ئەو ماڵپەڕەدا، لە ماوەی نێوان مانگی مارسی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، 60 ژنی کورد بە شێوازگەلی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆکوشتن.

ئامارەکان پیشان دەدەن کە ئاماری خۆکوژی لە شاری سەقز بە 11 حاڵەت، زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتنی تێدا تۆمار کراوە.

بەپێی ئامارەکان، پاش سەقز، سنە بە 6 حاڵەت و شارەکانی ئورمیە، مەریوان، شنۆ و مەهاباد بە 5 حاڵەت خۆکوشتن، دێن.

بۆکان و دیواندەرە، 4 حاڵەت، کامیاران 3، کرماشان، ڕوانسەر، پیرانشار و قوروە 2 حاڵەت و لە شارەکانی ڕەبەت، پاوە و نەغەدەش 1 حاڵەت خۆکوشتن لە ماوەی ئەمساڵدا ڕوویان داوە و تۆمار کراون.

شێوازی خۆکوژی

ئامارەکان دەری دەخەن کە لەو هەژمارەدا، 26 ژنی کورد لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، 19 ژنی دیکەش لە ڕێگای خۆسووتاندنەوە، 5 حاڵەت بە خواردنی دەرمان (حەب)، 4 کەس بە کەڵکوەرگرتن لە چەک، 2 ژن لەڕێگای خۆبەردانەوە لە بەرزایی، 2 ژن بە شێوازێکی نەزانراو، 1 کەس بە تیژبڕ و هەروەها یەک کەسی دیکەش لە ڕێگای خواردنی تیزاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هۆکاری خۆکوشتنەکان

زۆرترین هۆکاری خۆکوشتن ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە 30 حاڵەتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی ڕاگەیەندراوە.

ئامارەکان دەری دەخەن کە 6 حاڵەت لە خۆکوشتنەکان پێوەندیدارن بە هەژاری و نەدارییەوە بووە و5 حاڵەتی دیکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کێشەی ژنان لەگەڵ مێردەکانیان ڕاگەیەندراوە. یەک کەسیان بە هۆی پێشگرتنی لە کەڵکوەرگرتنە مۆبایل و یەک کەسی دیکەشیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی تاکەکەسیی ڤیدیۆیی خۆیان کوشتووە.

هەروەها هۆکاری خوکوژیی 16 ژنی کوردی دیکەش لەو ماوەیەدا، ڕوون نییە و ڕانەگەیەندراوە.

تەمەنی ئەو ژنە کوردانەی خۆیان کوشتووە

لەو نێوانەدا چوار منداڵی تەمەن 10، 12، 14 و 15 ساڵ تەمەن دەبینرێن.

زۆرترین ئاماری خۆکوشتنی ژنانی کورد لە گرووپی تەمەنیی 21 تا 30 ساڵە و لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا 26 ژنی کورد لەو تەمەندا خۆیان کوشتووە.

گرووپی تەمەنیی ١٦ تا ٢٠ ساڵ، 10 حاڵەت خۆکوشتنی تێدا تۆمار کراون.

ئامارەکان دەری دەخەن کە 15 ژنی تەمەن سەروو چل ساڵ لەو ماوەیەدا خۆیان کوشتووە و بەتەمنترینشیان ژنێکی 84 ساڵ تەمەنی خەڵکی کرماشان بوو.

هەروەها بەپێی ئامارەکان، لە مەودای تەمەنیی 31 تا 40 ساڵیشدا، 5 ژنی کورد دەستان داوەتە خۆکوژی.

. بەپێی دۆخی خۆرهەڵاتی کوردستان و دۆخی میدیایی زاڵ لەوێدا، ئەگەری زۆرتر بوونی ئامارەکان هەیە.