asdfgnhj

omer ezadxa1

عمر ایزدخواە
لیسانس لە زانستە رامیارییەکان

   

ئێستا زۆربەی دونیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست چیرۆکی حکومڕانی چەند ساڵی رابردووی داعش ، مەترسیەکانی پەلاماردانی دەوروبەر لە وێنەی کەمتیارێکی دڕندە و سوتاندنی کێڵگەی مرۆڤایەتی ، نیشاندانی روویەکی رەش لە رەشەکوژی ، دەزانن ، وە کەم کەسیش هەیە نەیزانیبێ لەناو خەلافەتەکەیان چ دەگوزەرێ و مامەڵەیان لەگەڵ تەنانەت پەیرەوانیشیان چلۆن چلۆنیە .. کەواتە کەم کەس هەیە ئەو راستیانەی نەزانیبێ ، بە خۆبواردن لە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گروپە کە یەکەمین هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هزرێکی دینی رادیکاڵ ، ئەو هزرە مێژوویەکی درێژی هەیە و هەڕەشەیەکی بەردەوامی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە و کوردستانیش وەک ناوچەیەکی چەق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوبەشە لەو مەترسیە ، دەتوانین بە بۆمبێکی گەورە بیشوبهێنین کە لەناکاو و لە دەرفەتێکدا دەتەقێتەوە و وێرانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن .

کوردستان دەکەوێتە ناوجەرگەی مەترسیدارترین ناوچەی جیهان لە کۆبونەوەی هزرە ڕدیکاڵەکان ئەویش رۆژهەڵاتی ناوەراستە و جەنگی مەزهەبی و دینی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیە بەردەوام و پێ بەپێ مەینەتی و دەربەدەری و ماڵوێرانی و نەهامەتی و قەتلوعام و دۆزەخی دونیایی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئەم ناوچەیەی هێناوەتە ئاراوە ، لە بەرامبەریشدا بوونیەتی فیکری تاکی ئەم ناوچەیە بە کوردستانیشەوە تاکو ئێستا چەواشە دەکرێ و شوناسی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بوونی بە ئامانج دەگیرێ و دەرەنجام ئەو بوونیەتە بە سانایی دێتە ژێر باری ئەو چەواشەیە و لە واقعی ئێستای کوردستانیشدا مەترسیەکی گەورە و پەرەسەندووی رێژە بەرز لەلایەن گروپە رادیکاڵیزمە دینیەکانەوە بەدی دەکرێ ، جێی بایەخە خاوەنی سەنگی بەرچاوی جەماوەرین ، کە هۆکارە سەرەکیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامادەگیە نەرێنیەی کە بە گشتی لە بوونیەتی فیکری تاکی کۆمەڵگاکەماندا هەیە .

داعش ، بەربەریەتەکەی رەقە و نەینەوا و کۆماری ئیسلامی ئێران و میرنیشینی ئیسلامی طاڵیبان و رێکخراوی ئەلقاعیدە و حیزبوڵا و ئەنسارولئیسلام کوردستان و بۆکۆعەرام و هاوشێوەکانیان .. ئەزمونێکن لەم ناوچەیە بەردەوام و رۆژ بۆ رۆژ بەناوی جیا جیاوە سەرهەڵدەدەنەوە و جیهادی گەورەی ئەو گروپانەش بریتییە لە قرتاندنی دەست و پەل ، پەلوپۆکردن و سەڕبڕین و لەسێدارەدانی مرۆڤەکان و جێبەجێکردنی حوکمی تیۆکراتی و گەڕندنەوەی چەرخی مێژوو بۆ قۆناغی زۆر کۆن و دەرەنجام خولقاندنی هەمان ئەو دۆزەخەی کە بە حیساب ئامادەکراوە مرۆڤەکان لەو دونیا بیبینن هەروەها هەمان ئەو بەهەشتەی ئەولا بەهەمان تەصویرێک کە پێناسەی کراوە بۆ خەلیفە و میر و بەرپرسەکان ، ناوچەی ئێمە ناوجەرگەی ئەو فیکرانەیە و کوردستانیش پشکی گەورەی لە کۆبونەوەی توندڕەوە ئاینییەکان بەردەکەوێ کە رۆژانە و بە هێمنی ئامادەکاری دوورمەودا و ستراتیژیانەی بۆ دەکرێ .

رواڵەتی ئەو گروپانە بە جۆرێکە کە سەرەتا لە شێوەی میانڕەو و پەپولە ئاسا خۆیان نیشان دەدەن و رەفتارەکانیان دەبێتە مایەی سەرنجی جەماوەر و دەوروبەریان ، تەنانەت بەشێکی ئەو خەڵکەی کە موعجیبی رەفتار و کاری سەرکردە و کەسە دیارەکانی ئەو گروپانە دەبن خەڵکانێکن بە واتای تەواو کەسانی باش و میانڕە و تەبان لەگەڵ دەوروبەریان و تاوەکو قبوڵی ئازادی و فرەڕەنگی و پێکەوە ژیانێکی راددە زۆریش دەکەن ... بەڵام بێ ئاگا لەو مەترسیە گەورەیەی کە لە پشتی ئەو هزر و گروپانەوەیە ، کە دەرەنجام ئاراستەیان هێنانەوەی ئەو ئەزمونانەیە کە باسمان کردن .

هەر سەبارەت بە رواڵەتی ئەو گروپانە پێویستە ئاماژە بدەین بە گوتار و هەڵسوکەوتی رابەر و سەرکردەکانیان ، کە بەشی زۆریان سەرەتا و لە قۆناغی بێ هێزیدا و لە قۆناغێکدا کە هێشتا بەرجەستەی حوکمی سیاسیان نییە ، ئەوا گرنگترین تاکتیکیان خۆی دەبینێتەوە لە سواربوونی شەپۆلی نارەزایەتییە جەماوەریەکان لەو نارەزایەتیانەی کە بەشێکیان پەیوەندیان هەیە بە ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان و بوونی گەندەڵی و بەریەککەوتنی دەسەڵات لەگەڵ گەل و توڕەبوونی کۆمەڵگا لە پارتە حوکمڕانەکان ، یاخود بوونی هەر جۆرە لە ململانێیەکی ناوخۆیی ، گوتاری ئەو گروپانە و رابەرەکانیان کە بەشێکی زۆریان لە تاراوگەوە سەرکردایەتی رەوتەکانیان دەکەن و بە هەزاران لاو بۆلای خۆیان رادەکێشن ، ئەوا بریتیە لە خستنەڕووی کەم و کوڕی و رەخنەبارانکردنی پارتی سیاسی حوکمران کە لە راستیشدا کەم و کوڕیان هەیە ، بەڵام ئەوەی مەترسی گەورەیە برییتیە لە بوونی تاکتیکێکی ئەوتۆی سەرنج راکێش لەلایەن ئەو گروپانەوە کە بە گوتارێکی بریسقەدار و پەلکێشانە رۆژبۆرۆژ لەگەڵ بۆشایی و ناسەقامگیری سیاسی ڕێ دەکەن و پێ بەپێ لایەنگری زیاتر بەهۆی کێشە سیاسیەکان و سەرقاڵبوونی پارتە سیاسیەکان بە کێشە و ململانێکانی نێوانیان بەدەست دێننن و تا کاتێک کە بارودۆخی ناوخۆیی بەرەو تەقینەوە و پێکدادان دەڕوات لەو کاتەدا بە هێزێکی گەورە و بەگوڕەوە روخساری جەهەندەمییان نیشان دەدەن .

کۆی ناوەرۆکی بابەتەکەشمان لێرەدا ئاماژەدانە بەو مەترسیانەی کە هەڕەشەی گەورە لەسەر قۆناغی ئێستا و داهاتووی کوردستان پێک دەهێنن ، بە خوێندنەوە و چاوخشاندن بە گروپە جۆربەجۆرەکانی کوردستان  و لەوانەش رادیکاڵیزمە فەندەمینتاڵەکان ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەشێکیان بە ئاشکرا هەوڵ بۆ گێڕاندنەوەی خەلافەت و حوکمی بەربەریەت دەدەن و بەشی زۆریش کە بەبێ ئاگایی لێیان گیر دەبن و دوایان دەکەون و نا هۆشیارانە شوناسی سەرەکی خۆیان لەدەست دەدەن و بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەبن بە عاملی ئەو گروپ و هزرە فەندەمێنتاڵانە ، لەلایەک ئەو گروپانە دەست دەکەن بە سڕاندنەوەی تایبتمەندی و بەها نەتەوەییەکان و خزمەتکردنی شۆڤێنیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی و..  ، لەلایەکی تریشەوە هێنانە ئارای سیمیایەکی نا مرۆڤانەی وەحشی گەرانەی کە وەک باسمان کرد ، ئەم گروپانە تاکو ئێستا رۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە شێواندنی بزاوتە رەوا و مافخوازەییەکانی کوردستان و بەردەوام چاوەڕێی هەلی ئەوتۆیان کردووە ، کەواتە دەکرێ بڵێین تا ڕاددەی زۆر لە هێنانەدی ئامانجەکانیان و لەگەشەکردنیان سەرکەوتوو بوونە ، هۆشیاری تاک و هێزە سیاسیەکانیش لەو بارەیەوە رۆڵێکی ئەرێنی پێویستی نییە بەڵکو  شکستخواردووە لەبەردەم ئەو هەڕەشە گەرەیەدا ، ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ یەکەم : بوونی کلتورێکی مەیلخواز بۆ گەشەی ئەو گروپانە و کەمی هۆشیاری تاکەکان بۆ مێژوو و هەڵسەنگاندی دیرۆکی خوێناوی خۆیان لە سایەی ئەو هەڕەشانەدا . دووەم : نەبوونی ستراتیژێکی روون و ئەوتۆی پارتە سیاسییە سەرەکیەکان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی بوونی ناکۆکی و ململانێ ریژە بەرزی نێوانیان کە وا دەکات ئەو گروپانە بەهێز بن و تاکتیک و پیلانی رۆژ بخەنەڕوو .

هۆشیاری تاکی کوردی لەم بارەوە لاوازە و مەیلخواز و ئاسانکارە بۆ بەهێزبوونەوەی ئەو گروپانە کە پێویستە ئاماژە بە هۆیەکانی راگەیاندن و بەتایبەت سۆشیاڵمیدیاکان بدەین کە سودی گەورەیان لیبینراوە بۆ راکێشان و دروستکردنەوەی پێگەیان ، لە ئێستادا بەشێک لە کەسایەتیە دیارەکانی ئەم پەیرەگەیە لە تاراوگەوە رۆژانە توانیویانە پەیامی ئاراستەکەر و پەلکیشانەی مەیلخواز لەنێوا جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بڵاوبکەنەوە ، لە بەرامبەریشدا وڵامدانەوەیەکی ئەرێیی بە تایبەت لەنێوا چینی لاواندا بۆ پەیامەکانیان بەدی دەکرێ و دلخوازی خۆیان بۆیان دەردەبڕن ، بێ ئاگا لە رووی راستی ئەم پەیرەوگانە.

ئەو ململانێیەی کە ئێستا لەنێوان پارتە کوردیە کاندا هەیە ئاسانکاری ئەوتۆ دەکات بۆ بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی ئەو گروپ و سەرپێکەوتنی ئەو هزرانەیە ، بەڵام ئایا هەر لە قۆناغی بەهێزبوون و ئامادەکاریدا دەبن ؟؟ ، بێگومان نا ، بەڵکو شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەکان و دروستبوونی هەر جۆرە بۆشایی و گرژیەکی سیاسی ئەوتۆ ئەوا قۆناغ و رۆژی دامەزراندنی خەلافەتەکانیانە .