baycotرێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات  لە هەمبەر پرسی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خبرگان لە ئێران‌، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.    

 

دەقی راگەیەندراوی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات :

 

لاوانی نیشتمانپەروەر

کوردستانییانی خۆشەویست

 

هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی دێموکراتیکی گرینگ، یەکێک لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی بەرێوەبەرانی وڵاتەکەیانە و کاتێک کاریگەری دەبێ کە ببێتە دەرفەتێک بۆ گۆرانگاری لە دەسەڵات و بە پێی پێوەرە دێموکراتیەکان (ئازاد، عادیلانە ، دەورەیی ، ....) بەرێوە بچێت.

 

 بە بێ بەرێوە چوونی هەڵبژاردنی ئازاد، هاووڵاتیان نە دەتوانن بەرێوەبەرە شایستەکانی خۆیان هەڵبژێرن و نە دەتوانن گۆزارشت لە دەربرینی ئیرادەی خۆیان بکەن. لە چوارجێوەی کۆماری ئیسلامی ئیران نە هەڵبژاردنی ئازاد هەیە و نە نوێنەرانی شیاوی خەڵک دەتوانن خۆیان بپالێون. لە سیستەمێکی هاوشیوەدا کە "شەرعیەتی نوێنەر" پێوەندی نیە بە دەنگ و رەزامەندی خەڵکەوە، هەڵبژاردن تەنیا دەتوانێ شانۆیەک بێ بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەتی رژیم.

 

بۆیە بەو پێیە کە هەڵبژاردن ناتوانێ هیچ گۆرانکارییەک لە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بێنێتە کایەوە و بە هەڵبژاردنی ئەم جارەش قەیرانەکانی چین و توێژەکانی ئێران بە تایبەت لاوان چارەسەر نابن.

 

بۆیە ئێمە وەک  رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، لەو بڕوایە داین کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان باشترین وڵامدانەوەیە بۆ خستنە ژێر پرسیاری رەوایی رژیمی ئێران و داوا لە لاوانی کوردستان دەکەین کە بەشداری لە هەڵبژاردنێك دا نەکەن کە تەنیا رەواییەکی روکەش دەدات بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی.

 

 

بروخێ رێژیمی تێرۆریست و دژبەری ئازادی و یەکسانی کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازان

 

 

لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات

٧ی رێبەندانی ٢٧١٥ی کوردی