logo se rekxraw

               خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

                    تێکۆشەرانی رێگای ئازادی

 

   هەر وەك ئاگادارن، رۆژی چوارشەممه  ٢٦ی جۆزهردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، پۆلێك له پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شنۆ کەوتنە بەر پەلاماری درندانەی چەكدارانی تیرۆریستی سپای پاسداران و خۆفرۆشانی سەر به رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران

و دوای زیاتر لە ١٠ کاتژمێر بەرگریەکی قارەمانانەی هیزی پێشمەرگە، ژمارەیەکی بەرچاو له پاسدارانی تاریکی و خۆفرۆشان به دەستی  پێشمەرگه قارەمانەكانی دێموكرات کوژران و شاڵاوی هێرشی درندانەی دوژمن له بەرەنگارییەکی حەماسیدا تێك شكێنرا و رۆژی دواتریش هێزەکانی دێموکرات لە شاری پیرانشاریش رووبەڕووی هێرشی هێزەکانی رێژیم بوونەوە و زیانێکی گیانی زۆریان پێ‌گەیاندن.

 

هەروەها دوێنێ دوای ئەوەیکە دەرگیری لە نێوان پێشمەرگەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەردەشت  ڕوویدا، پێشمەرگەکان لە بەرەنگارییەکی قارەمانەنەدا پاشەکشە بە هێزەکانی ڕێژیم دەکەن و خۆشیان بێ هیچ زیانێک شوێنی دەرگیرییەکە بە جێ دێڵن.

 

 

بەداخەوە لەو بەرگرییە قارەمانانەیەدا ژمارەیەک له پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكرات، تێكەڵ به كاروانی سورخەڵاتانی گەل بوون كه له نيوو ئەو شەهیده سەربەرزانەدا ناوی شەهید خالید پەیغامی ئەندامی یەکیەتیی لاوان و شەهید سەلاح نادری ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران‌یش وەبەرچاو دەكەوێ.       

 

ئێمە وەکوو یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین و پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە برینی رێگا پیرۆزەکەیان بەردەوام دەبین.

 

راسانی دێموکرات راسانی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتە، بۆیە داوا لە لاوان و ژنان و خوێندکارانی کوردستان دەکەین پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی گەلەکەیان هەروا درێژە بدەن و پشتیوانی پێشمەرگەکان بن. 

 

 

 

رۆحی شەهیدانی رێگای رزگاری شاد بێت و رێگایان پڕ رێبوار بێت

سەركەوتوو بێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد

 نەمان بۆ رێژیمی کۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی ئێران

یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و  خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ی جۆزەردانی ٢٧١٦ی کوردی