logo se rekxrawپەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانبۆ ٢٢ی پوشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی

 

خەڵکی خۆراگری کوردستان

خەباتگێڕان و ئازادیخوازان

درێژەدەرانی رێبازی دێموکرات

ئامادەبووانی هێژا

ئەمرۆ ٢٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پیلانی بەناو وتووێژی رێژیمی تیرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران کە بوە هۆی تیرۆرکردنی رێبەری ناوداری نەتەوەکەمان شەهید دکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی، لە رۆژێکی وەکوو ئەمرۆدا کە کورد بە هیوای بەدەست هێنانی مافەکانی لەسەر مێزی وتووێژ و کۆماری ئیسلامیش بە هیوای لە ناوبردنی بزوتنەوەی کورد لە سەر مێزێکدا کۆبوونەوە، بەداخەوە هەرچۆن رێژیمی تیرۆریستی ئێران پیلانی بۆ دانابوو لەسەر مێزی گفتوگۆ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا دکتور قاسملووی رێبەر و هاوڕێیانیان شەهید کرد و مێژووی رەشی رێژیمی ئێرانیان تاریکتر نیشانی خەڵکی دنیا و کوردستان دا،  شەهید کردنی د. قاسملوو بووە ئەزموونێکی تاڵ لەمەڕ گفتووگۆکردن لەگەڵ رێژیمی کۆنەپەرەستیدا و ئەو راستیەیان بە بیر گەلی کورد خستەوە کە هەردەم دووژمن گفتووگۆ و وتووێژی بۆ دووبارە خۆسازدانەوە و زەربەلێدان بە بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد بە کار هێناوە.

 

خەباتگێڕانی خۆڕاگر   

رێبەری شەهید کەسێکی راستگۆ لە سیاسەت و لە خۆبردوو لە خەباتدا بووە و هەردەم هەوڵی بۆ پێگەیاندن و پەوروەردە کردنی هەرچی لاوی زیاتر لە ریزەکانی خەباتدا بووە، خوێندکارێکی سەرکەوتوو و بەتوانا بووە و ژنانی وەکوو باڵی تەواوکەری خەبات لە دژی کۆنەپەرەستی و داگیرکەردا زانیوە.  ئاستی دانایی د. قاسملوو رێژیمی بە چۆکدا هێناوە و لە بەرانبەر فکر و بیرۆکەی ئەودا رێژیم ناچاربووە پەنا بۆ گولە ببات و بە داخەوە، رێبەری ناوازەی کوردیان لە کات و ساتێکی هەستیاردا شەهید کرد.

ئێستا دوای ٢٧  ساڵ لە شەهیدبوونی د. قاسملوو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد گەلێک قۆناغی جیاجیای بە خۆیەوە بینیوە و دونیا و ناوچەکە ئاڵوگۆری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، حیزبی دێموکراتیش ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی کوردە لە کوردستانی رۆژهەڵات بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە بەر پاراستنی بەرژەوەندی هەرێمی تازە رزگاربووی کوردستانی باشوور لە شاخەکانی کوردستانەوە هاتە دەشتەکان و بۆ ماوەیەک شێوی خەباتی خۆی گۆڕی، هەرچەندە ئەم ئاڵوگۆڕە زەربەیەکی چارەسەر نەکراوی لە حدکا دا،  بەڵام رێبازی دێموکرات کە لە شەهید دوکتوور قاسملووەوە بەو رێبازە گەیشتووە رزگاری کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بە هی خۆی دەزانێت و رێگا نادات کە ببێتە قوربانی لایەنە داگیرکەر و دژبەران.

 

 

شۆڕشگێڕانی ئازیز     

ئێستاکەش حیزبی دێموکرات بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیهان و ناوچە بڕیاری دووبارە راسانەوەی خەباتی لە کوردستانی رۆژهەڵات داوە و لە پەیامی نەورۆزیدا ئەو بڕیارەی بۆ رای گشتی ئاشکراکردوە، لە چوار چێوەی ئەو بڕیارەدا دەنگی راسانەوەی دێموکرات لە شارەکانی: "سەردەشت، شنۆ، مەریوان، سەقز ، پیرانشار و مەهاباد بەرگوێ دەکەوێت و شار و شاخ یەک دەنگ بەرەو پیری خەباتی دووبارە راسانەوەی دێموکراتەوە دێن، بەداخەوە هەرچۆن رێبەری شەهیدمان دەفەرمووێ ''گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات'' دەستپێکردنەوەی خەباتی ئەمجارەشمان بە بێ قوربانی نەبووە و چەند تێکۆشەرێکی رێبازی دێموکرات و رۆڵەی بەوەجی گەلەکەمان بوونە شەهیدی راسانەوەی دێموکرات و گیانی خۆیان قارەمانانە بەختی خاک و نیشتمانەکەیان کرد و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژوودا دەبریسکێتەوە.

 

له‌م چه‌ند ساڵەدا كه‌م نه‌بوون ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ شۆڕشی كوردستانی رۆژهه‌ڵات‌یان به‌ گشتی لاواز و كوژاوه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌ڵام جووڵه‌یه‌كی بچووكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات و كاردانه‌وه‌ی پڕ له‌ ترس و سه‌رلێشێواوی كۆماری ئیسلامی داگیركه‌ر، هه‌ڵه‌ بوونی ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌لماند.

 

 

ئێمە لاوان و ژنان و خوێنداکارانی دێموکرات وەکوو هەمیشە لەگەڵ شەهید د.قاسملوو، و شەهیدانی راسانەوەی دێموکرات و سەرجەم شەهیدانی کورد و گەل پەیمان نوێ دەکەینەوە و هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانمان درێژە بە خەبات دەدەین و رێگای ئەوان بەرنادەین.

 

هەروەها داوا لە ژنان و لاوان و خوێندکارانی کوردستان دەکەین کە بە پیری پەیامی راسانی رۆژهەڵاتەوە بێن و  لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ رۆڵی کاریگەرمان هەبێ تاکوو هەمووان پێکەوە هەنگاوێک زیاتر لە گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد و ئارام نزیک  بینەوە.

 

 

شەهیدان نەمرانی مێژوون و بە خوێنی سوریان ئێمە سورتر دەکەن لە درێژەدان بە خەباتە رەواکەمان

بۆیه‌ ئێمه‌ پڕ به‌ گه‌روو هاوار  ئه‌كه‌ین كه‌ ئه‌ی هاوڕێ نه‌مره‌كان به‌ڵێن بێ به‌ گیانی پاكتان ڕێگه‌تان درێژه‌ پێ ئه‌ده‌ین و ناسره‌وین تا سه‌ركه‌وتن.  

سەرکەوێ خەباتی رزگاری خوازی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان

 

بروخێ رێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران

 

٢٢ پوشپەڕی ٢٧١٦ی کوردی