jalal rawangard . peshmargeخەڵكی تێكۆشەر و پێشمەرگە پەروەری كوردستان!

خوێندكاران، لاوان و ژنانی ماف ویست

بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

بەشداربووانی رێوڕەسمی 26ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی كوردستان

ئێمە لێرەدا كۆ بووینەتەوە كە ڕێز لە خەباتی ڕەوا و كەسایەتیی پیرۆزی پێشمەرگە بگرین، كەسایەتییەك كە بۆەتە هێمای بوون و هەرمانی نەتەوەیەك. بە درێژایی مێژوو ناو و یادی پێشمەرگە بە هۆی كەسایەتیی گەورەی ئەو تاكەوە گەشاوە و گەشاوەتر دەركەوتووە، ئاوات و ئارەزووی تاك بە تاكی لاوان و ژنانی كورد هەڵگرتنی چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی و ناسینی ئەو كەسایەتییە گیان لەسەردەست و لەخۆبردووەیە.      

هەر نەتەوەیەك جەنگاوەری تایبەت بەخۆی بەرهەم دەهێنێ. بەرهەمهێنانی جەنگاوەری هەر وڵاتێك پێویستییەكی بنەرەتیی بەرگریكردن و مانەوە و سەلماندنی شوناسی خۆی وەكوو بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییە. ئەمڕۆ نموونەیەك لە جەنگاوەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەكەمان بە ناوی "پێشمەرگە" دەبینین كە هەموو میللەتانی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش چاویان بڕیوەتە هەڵمەتی پڵنگ ئاسایان و ڕۆژ نیە ڕاپۆرت و لێكدانەوە و هەواڵێك لە جوامێری و ئازایەتی و مرۆڤدۆستی‌یان کە لە دژی تاریک‌پەرەستان و دیکتاتۆرەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی بەرخۆدان دەکەن، بڵاو نەبێتەوە.

"پێشمەرگە" دەنگی دڵێر و قارەمانی گەل و رەمزی بەرخودانی نیشتمانە، ناوێك كە بووەتە هیوا و ئومێدی هەموو كوردستان،  ئەمرۆ باشتر لە دوێنێ وەك تیشكی هەتاو و تریفەی مانگەشەو، ڕۆژانی سەخت و شەوانی تاریكی كوردستان بە مەشخەڵی بیری مرۆیی خۆی ڕووناك دەكاتەوە و ترس و ناهومێدی بنبڕ دەكات.logo se rekxraw

پێشمەرگە  و خاك و گەلی كوردستان، لێك دانەبڕاون و دانابڕێن. پێشمەرگە لە باوەشی گەل پەروەردە بووە و دەبێتە بەرگریكاری راستەقینەی خاك و هیوای رزگاری نیشتمان و بەختەوەریی گەل.

ئێمە لە رۆژێكدا یادی پێشمەرگە دەكەینەوە كە رۆژانە كچ و كوڕی  تێگەیشتوو  بە پاشخانی بیرێكی نەتەوەیی بەهێزەوە روو لە ریزەكانی پێشمەرگە دەكەن و بۆ ڕزگاریی نەتەوەكەیان و كۆتایی هێنان بە ڕەوتی لەمێژینەی باڵادەستیی داگیركەران لە خاكی كوردستاندا، جوامێرانە سینگی خۆیان دەكەنە قەڵغان. ئێستا پێشمەرگەی كوردستان هەڵگری درووشمی دووبارە هەستانەوەیە و گەشبین‌تر و قورس و قایمتر لە جاران، لوولەی چەكی دادئەستێنی خۆی ڕوو لە لە دوژمنانی ئازادی و ناحەزانی گەل و نیشتمان دەكات.

پێشمەرگە بەردەوام بەپێی خواستێكی مەعنەویی گشتگیر و بەپشت بەستن بە باوەڕی بەرزی خۆی، لەپێناو گەیشتن بە ئارمانێكی گشتی، تەنیا سەرمایەی مانەوەی خۆی كە گیانیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی نەتەوەكەی پێشكەش دەكات و خواستی گشتیی نەتەوەكەی لە سەرەوەی خواستی تاكەكەسیی خۆی دادەنێت.

ناوی پێشمەرگە لەگەڵ راسانی رۆژهەڵات، جارێكی دیكە لەرزی خستووەتە ناو دڵی دووژمنانی گەل و ئومێدێكی نەبڕاوەی لە دڵی هەموو ئازادی‌خوازێكی كوردستاندا درووست كردووەتەوە، لاوان، ژنان و خوێندکاران "ریز ریز و پۆل پۆل" بەرەوپیری پەیامی راسان دێن و شان لە شانی یەك و" لە شاخ و لە شار' پەیامی راسانەوە بە گوێی دوژمندا دەدەن.

پێشمەرگە، رەمزی پێوەندیی نێوان خاك و خەڵك و نیشتمان و ئازادییە ، بۆیە پێشمەرگەكانی دێموكرات بە فیداكردنی گیانی خۆیان لە خاك و وڵاتی خۆیاندا پەیامی راسان‌یان بە گوێی هەموواندا خوێند.

ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی پێشمەرگە دەكەینەوە كە لەگەڵ دەسپێكی راسان و خەباتی نوێی حیزبی دێموكرات، پۆلێك پێشمەرگەی لە خۆبردوو و بوێر گیانی خۆیان بەختی ئامانجە باڵاكانی نەتەوەكەیان كرد، یادیان بەرز و پیرۆز بێت.

باوەڕ بەخۆ بوون، مرۆڤایەتی و لەخۆبردوویی شایستەی پێشمەرگەیە  تاكوو پارێزەری مەعنەویی خوێنی ئەو شەهیدانە بێ كە ناسنامەی پێشمەرگەیان كردۆتە ناسنامەیەكی  هەتا هەتایی.

هەمووان دەڵێن پێشمەرگەمان خوش دەوێ، چونكو تەنیا سەمبوولێكە بو ئاشتی شەڕ دەكا،  ئەگەر بۆ بەرگری لە گیان و خاك و شەرەف و كەرامەتی نەتەوەكەی نەبێ هیچ كاتێك شەڕ ناكا و شەرخواز نیە بەڵكو عاشقی ژیان و مرۆڤدۆستی و ئازادییە، دژی شەڕە هەوڵ بو ژیان دەدا.  پێشمەرگە تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێ ژیان بكا و خزمەتی خاك و نیشتمانەكەی بكا بەرەوڕووی داگیركەر و دوژمنان دەبێتەوە .

لاوان ،ژنان وخوێندکارانی ئازادی خواز،

 هاوڕێیانتان لە ژێر درووشمی "راسان" لە ناو جەرگەی وڵاتەكەماندا گیانی خۆیان دەكەنە فیدای نەتەوەكەیان، ئێمەش هاوشان و هاوسەنگەری ئەوان، چەكی دەستیان بەرنادەین و هەنگاو بە هەنگاو هەموومان پێكەوە زیاتر نزیك دەبینەوە لە گەیشتن بە ئامانجەكانمان.  بەڵێ  "كور و كچ و پیر و زانا" هەمووان پێكەوە بە پیری بانگەوازی راسانەوە دێن و شار و شاخ لەیەك گوتاردا هەموومان كۆ دەكەنەوە و گیانمان دەكەینە فیدای بەدەست هێنانی ئامانجەكانمان، كە رزگاری نەتەوەیەكە.

داوا له‌ هه‌موو چین و توێژه‌ كانی ئازادیخواز و چه‌وساوه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی شار ببینن به‌ هه‌ر شێواز و رێگه‌ و ئامرازێك كه‌ بۆیان گونجاوه‌ و له‌ توانایان دایه‌ ، ئەو ئه‌ركە كوردانه‌ و نیشتمان‌خۆشەویستییەیان بەجێ بگەیەنن و ئه‌مه‌گناسیان بۆ خوێنی شه‌هیدان و خه‌بات و قوربانی پێشمه‌رگه‌ نیشان بدەن.

 ئەمەگناسی خۆمان دەنێرین بۆ سەرجەم خەڵكی پێشمەرگە پەروەری كوردستان و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی نیشتمان كە بۆ ساتێكیش خەبات و تێكۆشانیان لە راستای وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەیاندا بووە و دەبێت.

بەرز و پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز

رۆژی پێشمەرگەی كوردستان

یەكیەتییەكانی لاوان، ژنان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەزی ٢٧١٦ی كوردی