logoy lawan renwar

ئەگەرچی بیرۆکەی دامەزرانی رێکخراوێکی تایبەت بە توێژی لاو لە زۆربەی وڵاتانی جیهانییدا بیرۆکەیەکی دەگمەن بوو بەڵام یەکیەتیی جەوانانی کوردستان ٧١ ساڵ پێش ئێستا دامەزرا و بوو بە بڵیندگۆیەک  بۆ دەنگی مافخوازی لاوانی کورد لە کوردستانی خۆڕهەلات و لەهەموو قۆناخەکانی خەباتدا ریزەکانی شۆڕشی پڕ کردوەوە.

 

ئەم رێکخراوە لە رەوتی شۆڕش و لە ژێر چەتری ڕێنوێنیەکانی حیزبی دیموکراتدا ناوەکەی بۆ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕدراوە و چەندین ڕۆڵەی بە ئەمەگی کوردی پەروەردە و پێشکەش بە کاروانی ئازادیخوازانی کوردستانی ئێران کردوودە.

لاوانی ئازادیخوازی کوردستان!

رێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای بڕینی هەوارازونشێوی زۆر لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی نەبڕاوەی گەلەکەمان دژ بە داگیرکەران، لە بوارە جیاجیاکانەوە خوێندنەوەی بۆ توێژی لاو کردووە و هەنووکەش بە دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێ لە ژێرناوی راسان، شانی داوەتە بەر لۆسەی پڕ لە هیوای لاوان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و خۆی بە ئەرکدار دەزانێت کە زیاتر لە ڕابردوو خەبات بکات.

پەیوەستبوونی پۆل پۆل لە لاوان بە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەندووە و رێبەرایەتی ئەم ڕێکخراوەش لەم پەیامە و بە بۆنەی دامەزرانی ٧١ ساڵەی دامەزراندنیەوە رادەگەینێت کە فێرگە و سەنگەرەکانی خەباتی خۆی بۆ پەیوەست‌بوونی لاوانی کورد زیاتر لە جاران پەرە پێدەدات.

 خۆسازدان و رێکخستنی ئەمڕۆی لاوان وەک توێژێک کاریگەر و بەدیهێنەری ویستوداخوازیەکانمان لە ڕیزەکانی یەکیەتی لاواندا هەوێنی نیزیک بوونەوەمانە بە ئامانجەکانمان و پەرەپێدانە بە ڕەوتی مافخوازی و کورت‌کەرەوەی دەستی درێژی داگیرکەرانە.

ئێمە هەرچەندە لە رێكخستن و كۆكردنەوەی وزەكانماندا سەركەوتووتر بین، ئەوەندەش ئاسۆی بەرچاومان روونتر و خەباتەكەشمان بە بەرهەمتر دەبێت.

بەرز و پیرۆز بێت ٧١مین ساڵی دامەزرانی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران

کومیتەی بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتیی لاوان

٣٠ی رێبەندانی ٢٧١٦ی کوردی