baycot

 

رێژیمی ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بێ واتا کردنی بزووتنەوە دێموکراتیکەکان ، شاردنەوەی کێبەرکێە ناوخۆییەکانی رێژیم و کەمکردنەوەی گۆشارەکانی هێزە دێموکراسی‌خوازەکانی دونیای دەرەوە، هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات.

 

 کەواتە مەبەستی سەرانی رێژیم کە باوەڕیان بە وەلایەتی فەقییە هەیە لە بەڕێوەبردنی ئێران، نەک هەر دیاریکردنی کەسانی شیاو بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نییە کە نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن، بگرە دەیانهەوێ هەڵبژاردن وەک پرۆسەیەک بۆ ئامانجی جیاواز و بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی دەنگی خەڵک بە شێوەیەک موهەندیسی کراو بەرێوەی ببات.

 

هەربۆیە بەشداری خەڵک دوای نزیک ٤٠ ساڵ تەمەنی ئەو رژیمە لەگەڵ ئەوەی گۆرانکارییەکی لە رەفتاری رژیمدا دروست نەکردووە، بەلکۆ بووەتە ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو رژیمە و بەفراوان کردنی دەرفەتی مانوری رژێم بەرامبەر بە دژبەرانی.

 

 هەر بۆیە ئێمە وەک رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان داواکارین لە خەڵک بە گشتی و بە تایبەت لاوان کە توێژێکی نوێخواز و شۆڕشگێرن و بەردەوام رۆڵیان لە گۆڕانخوازی کۆمەڵگا هەیە، هەڵبژاردنەکانی رێژیمی ئیسلامی ئیران بایکۆت بکەن. تاکوو چیدیکە هەڵبژاردنەکان نەبنە ئامرازێک بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی نگریسی دەوڵەتی داگیرکەری رێژیمی ئێران و  ناتوانێ مافە نەتەوەییەکانمان لە کوردستانی رۆژهەڵات دەستەبەر بکات.

18378874 1346339818790090 2067536060 o

 

لێرەدا رایدەگەیەنین ئێمە وەک رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات پشتیوانی لە داخوازی هاوبەشی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان وەک نوێنەرانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین و داواکارین یەکدەنگ و یەک هەڵویست خەڵکی کوردستان وڵامی بایکۆتی بە هەڵبژاردنەکانی رێژیمی ئێران بدەنەوە بە جێهێشتنی شار لەو رۆژەدا ئیرادە و توانای "بایکۆتی" خۆیان بە کۆماری ئیسلامی بچەسپێنن .

 بە تایبەت داوا لە لاوان  و سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین تاکو بە بەشداری نەکردن لەم بە ناو هەڵبژاردنەدا هەنگاوێکی تر بەرەو چەسپاندنی هێز و توانای نەتەوەیی خەڵکی کوردستان هەڵبگرن.

 

لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات

١٨ی بانەمەڕی ٢٧١٧ی کوردی