photo 2018 09 13 14 39 55

 
لاوان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهۆی پێشوازیە گرمەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازەکەیان
سپاس نامەیەکیان بڵاو کردەوە.
 
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
 
بەپێی ئەو هەواڵ و دێکۆمێنتانەی لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر لە ورمێ و شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و سەردەشت و بۆکان و سەقزەوە هەتا دەگاتە بانە، سەوڵاوا، سنە، پاوە، مەریوان و کرماشان و سەرپێلی زەهاو و کەنگاوەر پێمان گەیشتوون و بڵاوبوونەوە، ڕۆژهەڵاتی سەربەرز و شۆڕشگێڕ ئەمڕۆ بەپیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنیی کوردستانەوە هاتوون و بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دوکان و بازاڕ،  وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ئێعدامی سێ بەندکراوی سیاسی کوردستان و پەلاماری مووشەکی و پیلانی تیرۆریستی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستاندا،  جارێکی دیکە یەکگرتووانە، جینایەتەکانی ٤٠ ساڵ  دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی دژ  بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە حەقخوازانەکەیان مەحکووم و ڕیسوا کردەوە و هاوکات پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردوەتەوە.
 
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
 
ئەو هەڵوێستە سیاسییە مانادارەی ئێوە سەلماندی کە جینایەتە سیستماتیک و پیلان بۆ داڕێژراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چڵ ساڵی ڕابردوو بۆ دابڕاندنی جەماوەری کوردستان لە سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوە ڕەواکەیان، ناسەرکەوتوو و پووچەڵ بووە . هەڵوێستی جێی شانازیی ئەمڕۆتان  جارێکی دیکە دەریخستەوە  کە  گرتن، ئەشکەنجە ، ئێعدام و سێدارە، تێرۆر،  تۆپباران و مووشەکباران، چەواشەکاری و زەخت و گوشار و هەڕەشە و سەرکوت،  ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خۆیان تێک بشکێنن.
 
خەڵکی وشیاری کوردستانی ڕۆژهەڵات!
 
ئێوە بەو مانگرتنە گشتییە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بە دۆست و دوژمنتان سەلماند کە ئێمە هەموومان وەک پەیکەرەیەکی یەکگرتوو  و لێک جیانەکراو، سوورین لە سەر ڕێبازی بەرحەقمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و، ئەوەندەی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانتان لە بەرچاوی گەلانی ئێران و ڕای گشتی جیهانی، سووک و ڕیسوا کرد.
 
 ئێوە بە پێشوازیی پڕشکۆی خۆتان لە بانگەوازی  سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان، سەلماندتان کە بزووتنەوەی کوردستان، بزووتنەوەیەکی پێگەیشتوو و پێشکەوتووی بەرینە کە لە کات و ساتی خۆیدا لە هەموو پۆتانسیێل و تایبەتمەندییەکانی خەباتی جەماوەری بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەڵک وەردەگرێت.
 
با کۆماری ئیسلامی و هەموو دەستوپێوەندەکانی بزانن  کە کوردستان، سەنگەری لەشکان نەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و، گەلێک کە خاوەنی ئەو ئیرادە پۆڵایینە بێت بۆ ئازادی و مافەکانی، لە هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک ناپرینگێتەوە و لە خەبات و تێکۆشان تا گەیشتن بە لوتکەی ئازادی هەدا نادات. 
 
 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە پێنج حیزب و لایەنی سیاسی، سپاس و پێزانینی گەرمی خۆی لە ئاست  پێشوازیی گەرم و کەم وێنەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی خۆی ڕادەگەیەنێ . بە دەنگەوەهاتن و پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی و، بەشداریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەم مانگرتنە گشتییەدا، سەری سەرکردایەتی بزووتنەوەی  کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هی خۆشتانی  لە بەردەم هەموو خەڵکی ئێران و جیهاندا بەرز کردەوە  و ئیرادە و بڕیاری گشتیی بۆ خەبات و بەربەرەکانی بەرامبەر ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تاوانکارە، پتەوتر کردەوە. ئیوە جارێکی دیکە سەرشۆڕی و زەبوونیتان کردە حاسڵی پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و لاپەڕەیەکی پڕشنگدار و  زێڕینی ترتان لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد کە دەتوانێ ببێت بە سەردەقی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ تۆمارکردنی ڕزگاریی یەکجاریمان.
 
ئێوە بە مانگرتنی گشتی و یەکگرتووانەی خۆتان، ئەم پەیامەشتان گەیاندە ئێمە هێزە سیاسییەکانی خۆتان کە ئەگەر یەکدەنگ وهاوخەبات و یەکگرتوو بین، ئێوە سەدقات باشتر بە دەنگمانەوە دێن. ئێمەش لەم ڕۆژە پڕشکۆیەدا بەڵێنتان پێ دەدەین کە بەرامبەر پەیامە پیرۆزەکەی ئێوە سەری ڕێز دادەنوێنین وبە شانازی و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەم پەیامەتان لێ وەربگرین.
 
سڵاو لە یەکگرتوویی خۆڕاگری و ئیرادەی خەباتگێڕانەتان.