my art

خوێنەری هێژا ئەو وتووێژەی بەردەستت یەکێکە لە مژارەکانی گەورە ژووری تێلێگرامی ڕۆژەڤ بە مێوانداری کەماڵ عەزیزی (مەنداک)  سەبارەت بە کارە هۆنەریەکانی مێوان ئەنجامدراوە.

دەقی وتووێژەکە لە ژووری رۆژەڤ کراوە و ماڵپەری لاوان لە هیچ وشەیەکی ناوەرۆکی وتووێژەکە بەرپرسیار نیە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

kara hunaryakany aziz mandak

ڕۆژەڤ:تکایە خۆتان بە ڕۆژەڤ و ڕۆژەڤییەکان بناسێنن.

عەزیزی:من کەماڵ عەزیزی "مەنداک" 32 ساڵ تەمەنمە و لە گووندێک بە ناوی کانی تۆمار سەر بە شاری بۆکان کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دایک بووم و لە تەمەن 13 ساڵێوە ڕووم کردە هونەری ماکێت سازی بەڵام هەر لە چکۆلەیەوە وەک هەموو منداڵێکی دیکە بە نەقاشی پێش قسە کردن دەستم پێ کرد

رۆژەڤ: ماکێت یا خود هونەری ماکێت  چیە؟ دەکرێت شرۆڤەیەکی بفەرموون بنەماکانی، مەودای، و هەر تایبەتمەندیەکی تری کە دەکرێت باسی لێوە بکرێت فەرموون تکایە باسی بکەن بۆمان.

عەزیزی:ماکێت سازی هونەرێکە بە تەواوی تێکەڵاوی بۆعدە و وەک پەیکەر سازی بینەر دەتوانێ چواردەورەی ببینێ و زۆر جاریش بۆعداکان دەبێ تێکەڵ یەک بکرێن تا مەوزووعێک پێک بێنن وەک تابڵۆ ماکێت

لە کوردستان و زۆربەی وڵاتەکانی خاوەرمیانە وادەزانن کە ماکێت بەشێک لە بیناسازی و عومرانە بەڵام ماکێت لقێکی هونەرییە کە تەنیا تێکەڵاوی خۆیەتی

ئەوەش ئەرکی سەر شانی ماکێت سازە تا بە کۆمەڵگا ڕابگەیەنێ ماکێت چییە و یانی چی

رۆژەڤ: کاک کەماڵ  ئێوە لە کەینێوە کاری هونەریتان دەست پێ کردوە چۆن بوو خوولیای هونەر بوون ؟

عەزیزی:دیارە هونەر لە زاتی هەموو مرۆڤێکدا هەیە بەڵام زۆر کەس خۆیان تێکەڵ هونەر دەکەن و ئەوەش دەبێتە پەیوەندێکی بەهێز لە نێوان هونەرمەند و ئەو ئیحساسە بە ناوی هونەر

منیش وەک تەواوی منداڵانی دیکە پێش قسە کردن قەڵەمم بە دەست گرت و دەبێ بڵێم پێموانیە بتوانم بڵێم کاتێکی دیاری کراو دەستم پێکرد

ڕۆژەڤ:گرنگترین تایبەت مەندییەکانی ماکێت چییە؟

عەزیزی:ماکێت سازی وەسیلەیەکە بۆ گەیشتن بە هونەر و پلیکانی هونەریش بەردەوامەو تەواو بوونی نیە و دەبێ بڵێم کەس بە ئاخر پللەی ناگات

ماکێت زۆری لق لێ دەبێتەوە و زۆر شت هەن کە گرینگن بەلامەوە

کێشەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و بیر و ڕای ماکێت سازیش و بەحسە سیاسی و ئایینێکانیش لە ئامێز دەگرێ

ئەوەی کە دەڵێم لە ئامێزیان دەگرێ مەبەستم ئیعتیرازە چوون ماکێت سازی هونەرێکی ئیعتیرازییە و خەریکە مێژووش ڕادەگرێ

ڕۆژەڤ:ماکێتەکانتان زۆرتر سەبارەت بە چین؟ دەتوانن چەن نموونەیەکمان بۆ دانێن؟

عەزیزی:ماکێتەکان زیاتر ئی شوێنە مێژوویەکانی کوردستانن و پێموایە ئەوە پێویستە تا کۆمەڵگا بزانن کە مێژوویان کۆنە و بینای مێژووییشیان زۆر بووە کە بەداخەوە ئێستا زۆربەیان تێکدراون و لەناو چوون کە ئەوەش هەدەفی داگیرکەرانی وڵاتی کوردستانە

رۆژەڤ:هۆکاری سووتاندنی ماکێتێکتان چی بوو؟!

کام ماکێت بوو؟!

چەندە کاتتان بۆی تەرخان کردبوو؟!

بۆ سووتاندتان؟!

عەزیزی:ماکێتی تەختی سولەیمانی تیکاب بوو کە لە قیاسێکی گەورەدا بوو سووتاندم وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرپرسان و بێ ڕێزی کردن بە هونەر و هونەرمەندانی کورد کە بەداخەوە تا ئێستا هیچ کارێک بۆ هونەر نەکراوە

دیارە هونەرمەند شتێکی زۆری نەویشتووە و نایهەوێ و تەنیا ڕێز گرتن لە کارەکانی داواکاری یەک هونەرمەندە

تەختی سوولەیمان لە  تیکاب لە دەرەوەی شاری تیکاب لە کوردستانی رۆژهەڵات و لە سەردەمی ساسانیەکان پایتەخت بووە کە دوایی بۆتە کۆشکی سیاحی و هاوینی ئیلخانییەکان.

بینای ئەو کۆشکە لە دوو دەورەدا ساز کراوە کە ناوەڕاستەکەی دەریاچەیەکی تێدایە کە ئاوی ئاهەکیە و گەرمە

یەکێک لە شوێنە مێژوویەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتە کە ئاتەشکەدەی زەردەشتی تێدایه و شوێنی ئەسلەحە سازکردنی تێدا بووە کە ئێستاش لە لایەن سازمانی میراسی جیهانی یۆنێسکۆ ئاگاداری لێ دەکرێت.

لە نەورۆزی ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی و لە ئاخرین ڕۆژی ساڵدا لەسەر کێوە ڕەشی بۆکان بە بەشداری زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەرپرسان ئاورمدا.

رۆژەڤ:لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا چەندە لەلایەن حکوومەتەوە گرینگی بە هونەر دەدرێت؟! ئەسڵەن ئایا هوونەر و هونەرمەندی کورد جێگای هەیە لای حکوومەتی ئێران؟

عەزیزی:لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هیچ بایەخێک بۆ هونەر نەدراوە و بێڕێزێکی زۆریش بە هونەرمەند دەکرێ چوون هونەرمەند قەلبی کۆمەڵگایە و جار جار و بە هۆی هەڵەیەکی حکوومەتەوە کۆمەڵگا بە کار و ئیعتیرازەکانی ئاگادار دەکاتەوە

هەر بۆیە حکوومەتی ئێران زۆر لەگەڵ هونەرمەندان یەک نیەو نایهەوێ کارێکی هونەری بکرێ و ئەگەر بشکرێ چوار چێوەی بۆ دابین کردووە و نابێ لەو چوار چێوەیە لادا بەڵام هونەری مۆدێرن تێکەڵاوێکە لەگەڵ نەماد و هونەریش بێ سنوورە و چەکی هونەرمەندیش بەهێزتر لە چەکی حکوومەتە

رۆژەڤ:لەو ڕۆژانە وتووێژێکم لە بەڕێز سمکۆ پاکزاد دیت کە لەلایەن شەریف فەلاح، هەواڵنێری باس نیووز لەگەڵیدا ئەنجام درابوو.

لەو وتووێژەدا بەڕێز پاکزاد وتبووی: لەم وڵاتەی ئێمەدا گەر پشت بە هونەر ببەسیت لە برسان دەمریت.

ئێوە تا چەندە هاوڕای ئەو وتەیەن ؟!

عەزیزی:بە بڕوای من تەواوی کۆمەڵگای کورد دەبێ پشت بە هونەر ببەستن و هونەرە کە مێژوو لەگەڵ زمان دەپارێزێ و بەرزی دەکاتەوە

دیارە هونەر دوورە لە پووڵ و پارە و هونەرمەند نابێ هونەرەکەی بە خاتری پووڵ بکات و ئەگەر بیهەوێ وابکا دەبێ هونەری سەنعەت بەکار بێنێ کە ئەوەش زۆربەی لقە هونەرێکان نیانە

هونەر لەگەڵ هونەرمەند تێکەڵە و ڕۆژانە دەتوانێ سعاتێکی وەخت بۆ دانێ

ڕاگرتنی هونەر دوو دەستی پێویستە چوون تێکەڵاوی ئیحساس و ژیانی ڕاستەقینەیە بەڵام ژیانی هاوسەرایەتی تەنیا بە دەستێک ڕادەگیرێ

ڕۆژەڤ: روانینی کۆمەڵگا لە خۆرهەڵات بەرانبەر هونەر و هونەرمەند چۆنە ؟ ئایا لە ئاستی پێویست دایە یا نە؟

عەزیزی:زۆر بەداخەوە ژیانی هونەری و دونیای هونەری لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا لە ژێر چاوەدێری حکوومەت دایە هەرچەند هونەر بێ سنوورە و نابێ بخێرەتە ناو چوارچێوەی دابینکراو و دەبێ ئازاد بێت و هەر بۆیە هونەرمەندیش بە شێوازێکی دیکەوە کارەکانی دەکا کە هەم خۆی دەچێتە ژێر فشارەوە و هەم ترسی حکوومەتیش لەبەر چەکی بەهێزی هونەر زۆرتر دەبێت و ئەویش بە شێوازێکی دیکەوە فشار بۆ هونەرمەند دێنێ و دەبێ بڵێم شتێک بە نێوی ترس لە هونەرمەنددا نیە و تەنیا ترس وەک وشەیەک دەبینێ

کۆمەڵگاش دەبێ بڵێم تەواو لەگەڵ هونەر غەریبن

ڕۆژەڤ؟لەگەڵ درووست کردنی ماکێتەکان چ کار هۆنەرییەکی دیکە ئەنجام دەدەن؟

عەزیزی:بە بڕوای من هونەرەکان تەواویان پەیوەندێکی قایمیان بە یەکەوە هەیە کە هەر یەک و بە جۆرێک پەیغام بە بینەر یان گوێ بیس دەگەیێنن و من نەقاشی و شانۆش هەر کار دەکەم

رۆژەڤ : باستان لە وێنەکێشان کرد بو دەتوانن باسێکی هونەری وێنەکێشانی خۆتان بکەن و ئەگەر دەکرێت چەن نموونە لە کارەکانتان دانن .٧٨

عەزیزی:وێنەکێشی لقی زۆر لێ دەبێتەوە کە من زیاتر رئال و سوورئال و کووبیسم کار دەکەم و زیاتری کارەکانم باس لە کێشەکانی کۆمەڵگان

ڕۆژەڤ: کۆمەڵگا چۆن دەتوانێ یاری دەری هونەرمەند بێ؟

عەزیزی:تەنیا ویستی هەر هونەرمەندێک تەشویق کردنێتی و ئەوە بە گەورەترین ئێسپانسێری هونەری دەبینم

زۆر یەک لە لقە هونەرێکان وەک مۆسیقا و گۆرانی و وێنەکێشی و شانۆ زۆر لقی دیکە هەن کە بە دانانی کۆنسێرت و پێشانگا ژیانی ڕۆژانەیان دەبەنە سەر و کۆمەڵگا بە بەشدار بوونیان دەتوانن لە بواری مادیشەوە دەستیان بگرن کە لە خۆرهەڵاتدا بە داخەوە ئەوە زۆر بە کەمی دەبیندرێ و بەتایبەت شانۆکارەکان هونەرەکەیان زۆر کەوتۆتە مەترسێوە

رۆژەڤ: ئەگەر دەکرێت زیاتر باسی لقی رئال و سورئال ی وێنەکێشان بکەن و بۆ بەرچاوڕوونی هاوڕێیان زیاتری بناسێنن؟

عەزیزی:رئال یانی کێشانەوەی شێوازی ڕاستەقینە و ئەوەی چاو دەیبینێ دێتە سەر تابڵۆکە کە ئەویش تێکەڵاوی پێرسپێکتیو و ناسین و تەرکیبی ڕەنگەکانە بەڵام سوورئال بە بڕوای من ڕاستی تر له رئالە

درووستە فۆرمەکان دەگۆڕدرێن و نەمادیان تێکەڵ دەبێ یان فۆرمی مرۆڤ لە ڕوانگەی کۆمەڵگادا تێک دەشێوێ بەڵام لە ڕاستیدا سورئال شێوازی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەکێشێتەوە چوون دەروون ناسە و ناخی مەوزووعەکە دەکاتە تەسویر و کێشەکانی کۆمەڵگاش هەر واتر

بە بڕوای من دونیای ڕاستی لە چاو و قەڵەمی منداڵێک دایە و وێنەیەک کە منداڵێک دەیکێشێتەوە ڕوانگەی ڕاستییە

رۆژەڤ:چەنەی وێنەکانتان ئێعترازین؟ ئێعترازێکە بە کۆمەڵگا یان ئێعتراز بە حکوومەت؟

عەزیزی:زۆربەی ئیعترازی بوون

ئەو وێنەیە ئیعتیرازێکە بە حکوومەتی ئێران کە ئیعدامێکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەکات و تەجاوزەکانیان بە ژنان بۆتە نەخۆشێکی گەورە.

ئەوە شینی دایگی گەڵە کە دەبێتە ئاو و خاک کە چۆن منداڵەکانی لەناو دەچن.

ئەوەش بەرنامەی حکوومەتییە که کۆمەڵگای بە شتهایەکی دیکەوە غافڵاندووە تا لە زانست دوور کەونەوە هەر بۆیە قەڵەمی ژێر ئەو ڕەنگە زەردەم وا نیشان داوە کە زگی پڕە و قەڵەمی مێشک لە کۆمەڵگادا بەکار ناهێندرێ

رۆژەڤ:کاری هونەری تیکەل بە سیاسەت چون ئەبینن ئایا کاری هونەری دەتوانیت لە سیاسەت و بەریو چونی کومەلگا کارایی بێت وەکو نمونە کاریکاتوریک کە سکالاوکەمبودەکان نیشان ئەدات

عەزیزی:هونەر و دین و سیاسەت سێ ڕێگای زۆر لە یەک دوورن کە هەم دین و هەم سیاسەتیش لەگەڵ هونەر یەک نین چوون کێشەکانی کۆمەڵگا بە گشتی دین و سیاسەت سازیان دەکەن و هونەریش لە کۆنەوە هەر چاوی کۆمەڵگا دەکاتەوە و ئاگاداریان دەکاتەوە.

گروپی هونەری "مەنداك" بە سەرپەرەشتی كەماڵ عەزیزی شانۆیەكی هونەری لە سەر كێشە و نەهامەتیەكانی كوردی رۆژهەڵات لە وڵاتی هولەند ساز كردhttp://www.asoyroj.com/new/detail.aspx?=hewal&jmara=13460&Jor=1

بۆ نموونە ئەو شانۆیەم سەبارەت بە کێشەکانی کۆمەڵگا لە خۆرهەڵاتدا ساز کرد و بەڕێوەم برد کە تەواو چوارچێوەیەک کە ئێران دابینی دەکا تێکم شکاند و بە ڕوونی باسم لێکرد

رۆژەڤ: بە کام یەک لە هونەرمەندانی کورد سەرسامیت؟ بۆ؟ هونەرمەندی غەیرە کورد چی ؟ و بۆ؟

عەزیزی:پرسیارێکی یەکجار سەخت بوو چوون بەڕاستی ناتوانم تەنیا نێوی کەسایەتیەک بێنم

لە کوردستاندا بەتایبەت کوردستانی خۆرهەڵات تەواوی هونەرمەندەکانی یەکجار بەهێزن

بەردەوام بوونی کاری هونەری لە ئێران و لە کوردستان یەکجار سەختە و ئەوەیکە ئێستاش دەبیندرێ نیشانێک لە توانایەکانیانە و لە غەیری کورددا بەڕاستی زۆر خۆم تێکەڵ نەکردووە و شێوازی کارەکانیشیان لەگەڵ ئێمە فەرقی هەیە چوون لە هونەری کوردیدا گلەیی و ئیعتیراز و هێش و ژانەکان زیاتر بەرچاون کە ئەویش بەهۆی داگیرکەرانی وڵاتە بەڵام هونەری غەیری کوردی ئەو شتانە کەمتر دەبیندرێ

ئەوە بۆچوونی منە و لەوانەیە ڕوانگەکان جوراوجۆر بن

" پیتێر " دەرهێنەرێکی باشی شانۆگەرییە لە وڵاتی هوولەند کە شانۆیەکی بەڕێوە برد و ئەوکات کە قسەم لە گەڵ کرد، باسی کوردستانم بۆکرد و کێشەکانی ناو کۆمەڵگا کە زۆربەیان دەگەڕێنەوە سەر بەرپرسان کە مەوانعێکن بۆ پێش کەوتن و ڕوون بوونەوەی مێشکەکان دەبن و بۆ نموونە باسێکم لە هونەر کرد کە ئەوە ڕوون و ئاشکرایە و خەڵک زۆر باش دەزانن کە بەرپرس هەمیشە دژ بە هونەر بووە هەر بۆیە پێش بە ئیدەکانی هونەرمەند هەمیشە گیراوە،

باسم لە هونەری عەکاسی کرد و باسێک لە کاک بێهروز ئەسراری کە چەندە دڵسۆز و بەتوانایە،

کووتی کە حەتمەن دەبێ پێشانگایەک لێرە دابنێین بۆ کارەکانی کاک بێهروز و کورد بەو زمانە باشتر بە ئێرە بناسێنین

عەکاسیش باس لە جل و بەرگی کوردی و کرێکار و کشت و کاڵ و فەرهەنگ و مێژووی کورد بە زمانێکی تەسویر دەکا

 " پیتێر " باسێکی لە کاری تا ئێستای کرد و کووتی من 40 ساڵە کاری شانۆ دەکەم کە 25 ساڵ بە شێوازێکی جدی کارم کردووە و 25 لقی شانۆم کار کردووە کە کاری ئەوڕۆم خۆشحاڵ کردنی خەڵک بوو و بە پێویستی دەزانم کە ڕۆژێک لە کوردستان بە شانۆ باسی خۆیان بکەم و خیانەتەکانی کە پێیان کراوە نیشانی بدەم.

چاوێکی لە کەلووپەلی شانۆکەی کرد و کووتی ئەوانه چەندین ساڵە کە لەگەڵم دەژین و ناڕەحەتی و خۆشحاڵێکانم دەزانن چوونکە به زمانی خۆیان قسەم لەگەڵ دەکەن و یارمەتیم دەکەن تا لە کارەکەم بەردەوام بم

باسی ئەوەم بۆ کرد کە چۆن دەمی هونەرمەند لەوێ بەردەوام دەبەستن و چوارچێوەیان بۆداناوە هەرچەند بەزینێک لە هونەر نیە.

بۆ نموونە پیتێر شانۆکارێکی هولەندییە کە زیاتر لەسەر تەنز کار دەکا

رۆژەف :کاری  هونەری چون دەتوانێت لەسەر   روحیاتی خەلک کار ساز بێت وەکو نمونە لە هێندیک لە ولاتان لەسەر دیوارو ساختمانەکان هەموی وینەیان رەسم کردوە ئیوە ئەم بابەتە چون ئەسلمینن ئایا لەسەر روحیاتی ئینسان کار سازە

عەزیزی:بێ گومان بەڵێ

تا کاری هونەری زیاتر بکرێت کۆمەڵگا زیاتر دەگەشێنەوە چوون بەڕاستی کۆمەڵگای کوردی زۆر لەمێژە پێکەنین و جوانی و دڵخۆشیان بە هۆی کێشە شەخسێکانیان کە زیاتر مادیاتە لەبیر چۆتەوە

تا زیاتر کار بکرێت باشترە بە بڕوای من

ڕۆژەڤ:لە کۆتایی دا من شتێکم نەماوە ئەگەر خۆتان شتێکتان ماوە فەرموون تکایە؟

عەزیزی:باس لە هونەر پێموانیە قەت بە کۆتایی بگات و تەنیا دەتوانم دەستخۆشیتان لێ بکەم و هەر بژین