evolutionلاوان: خوێنەری خۆشەویست، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرامە کە وەکوو داهێنانێک لە تێلگرام لەبارەی زانستــەوە ئەنجام دراوە.
ئەم وتووێژە لەلایەن فیزیکزانێکی لاوی کوردەوە ئاماە کرابوو و تێیدا میوانداری زیندەوەرناسێک کرابوو.



ژووری ڕۆژەڤ بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی دوو لاوی کورد بە ناوەکانی ئەژین شێخی وه‌کوو پێشکه‌شکار و محەمەد بەهمەن وه‌کوو شاره‌زای بواره‌که‌ کردبوو

مژاری ئەم وتووێژە تایبەتە؛ بیردۆزی پەرەسەندن (نظریەی داروین) بوو.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیه:


azhin shekhi mhamad bahman

 
ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د ئایا په‌ره‌سه‌ندن چیه‌؟ پێناسه‌یه‌کی گشتی بکه‌یت؟

محه‌مه‌د: هەڵبەتە ئەگەر بمانەوێت وەڵامێکی زۆر ورد بدەینەوە بۆ ئەم پرسیارە دەبێت سەرەتا لە وشەکەوە دەستپێبکەین، وشەی پەرەسەندن وەکو مانایەک دانراوە بۆ وشەی (evolution) , بەڵام ئەم وشە کوردیە مانایەکی هەڵەیە چوونکە (پەرەسەندن) واتە شتێک هەمووکات بەرەو باشتر و ئاڵۆزتر و پێرفێکتر بڕوات ، بەڵام لە ڕاستیا ئیڤەلوشن مەرج نیە هەموو کات بەرەو باشتر و ئاڵۆزتر بڕوات، بۆیە ئەو مانا کوردیە هەڵەیە پێم وابێت لەجیاتی پەرەسەندن وشەی گۆڕان یان هەر ناوە ئینگلیزیەکە بەکار بێنین باشتر دەبێت، سەبارەت بە پێناسەی ئیڤەلوشن : ئیڤەلوشن گۆڕانی زیندەوەرانە بە زمانی داروین لەسەر ئەساسی هەڵبژاردنی سروشتی و جیاوازی زیندەوەران ڕوودەدات. ( هه‌ڵبه‌ت له‌ سه‌رده‌می داروین زانستی جه‌نه‌تیكس زۆر پێشكه‌وتو نه‌بوو، بۆیه‌ داروین ناوی لێ نابو جیاوازی، به‌ڵام ئێستا پێی ده‌ڵێین (میوته‌یشن).

ڕۆژەڤ: ئایا په‌ره‌سه‌ندن چۆن باسی ده‌ستپێکی ژیان ده‌کات له‌سه‌ر زه‌وی؟

محه‌مه‌د: ئەگەر ئێمە پرسیار لە کەسە جیۆلۆجیەکان بکەین و بڵیین کۆنترین بەبەردبوو چیە؟ پێمان دەڵێن بەکتریاکانە، کەواتە ژیان یەکەم جار لە بەکتریاکانەوە پەیدا بووە....
-
ده‌زانین که‌ بەکتیریا دەتوانێت بێ ئۆکسجین بژی و هەر گازێک هەبێت لە دەور و بەریا هەڵیبمژێت لەبەر ئەوەی تەنەکان دەجووڵێنەوە و پێکدادەدەن، زانایان وای بۆ دەچن کە سه‌ره‌تا دوو بەکتریا لە پێکداداندا یەکێکیان چوەتە ناو ئەوی تریانەوە..بەوەش گەشەکردنی وەستا و بوو بە بەشێکی نە بزێو لە بەکتریای یەکەم. پێدا پێدا ئەم بەکتریایە توایەوە لە ناو بەکتریای یەکەمدا و ئەوەی کە ناسراوە بە مایتۆکۆندریا-یای(mitochondrium) لێ پەیدا بوو، کە ئەویش دەبێتە سەرچاوەی وزە بۆ بەکتریای یەکەم، ئەوێش ئەو شوێنەیە کە هەموو پرۆسە کیمیاویەکانی تێدا ڕوو دەدات. بەڵام ئەم مایتوکۆندریایە هەموو ترشییە ناوکییەکانی خۆی دەپارێزێت کە جیاوازە لەو بەکتریایەی کە تێکەڵی بووە، هەروا (messenger DNA)-ی تایبەت بە خۆی دەپارێزێت، لە بەدواهاتنی ترشی ئامینۆ ئاسیددا بونەوەرێکی جیاواز دەردەکەوێت، پێی دەوترێت ''mutant'' ''گۆڕاو'' لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییەدا گیانلەبەری یەک خانەی نوێ پەیدا دەبێت، کە ناوکی nucleus لە وێنەی ئەمیبا دەچێت. ئەم ئەمیبایە ٤٠٠ ملیۆن (زانیاری جینی) هەڵدەگرێت (genetic information).هەروەها ئەمیباش بە دابەش بوون زیاد دەکات، پێدا پێدا، دوای نزیکەی بلیۆنێ ساڵ، ئەم خانانە بە خانەی ترەوە کە لەخۆیان دەچن چەسپاون و، گیانلەبەری دوو خانەیی و زیاتر لە دوو خانەیی لێ پەیدا بووە. هەر لەبەر ئەوەی ئەم مکرۆبانەش بە دابەش بوون زیاد دەبن میوتانتی تیا دروست دەبێت، لە ئەنجامی ئەوجیاوازیانە 30,800 جۆر ئەمیبا دەرکەوت.

دوای چەند ملیۆن ساڵێک ئەوەی ناسراوە بە (trilobites) ، واتە: (زیندەوەری بچووکی سێ بەش) دەرکەوت، کە لە (سەر، سنگ و کلک) پێکهاتبوون. لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی لە لەندەن 20,000 جۆر لەو زیندەوەرانە هەن، هەموویان بەردینن. زانایان وای بۆدەچن کە مێژووی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ٥٤٠ ملیۆن ساڵ لەمەو پێش و 300 ملیۆن ساڵ ژیاون پێش ئەوەی لە ناو بچن. دەرئەنجامی هەبوونی میوتانت لە نیویاندا زیندەوەری ناسراو بە (profallotaspis)، دواتر دەرکەوت کە لە ماسی دەچن. پەلوپۆ و دەمار و مێشکێکی بچوک و چاویان هەبوو، چاویان لە ناوەوە لە ستونی کلسی بچووک پێکهاتبوو. ئەو چاوە سەرەتاییەش یەکەم جۆری چاو بوو، بێگومان ئەو چاوەش پەرەیسەند تا گەیشتە ئاستی ئەم چاوەی ئەمرۆمان.

لە ساڵی ١٩٠٩ بە ڕێکەوت زانای ئەمریکی (Walcott) لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە شاخێکی کەنەدیدا، کە ناسراوە بە(Burgess Shale) لە هەرێمی کۆلۆمبیای بەریتانی ٤٠ هەزار جۆر گیانلەبەری زەریایی دۆزییەوە، کە نێژراو بوون لە ناوچەیەکی خاو لەو شاخەدا. تەمەنی ئەو ئاژەڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەو پێش. هەندێک لەو ئاژەڵانە تۆکڵی دەرەوەی هەبوو و هەندێکیان 5 چاویان هەبووە ، هەندێکیشیان بێ چاو بوون. لەو ئاژەڵانە یەکێکیان کە زاناکان ناویان نا (Opabinia) پێنج چاوی هەبوو لوتی لە لوتی بەراز دەچوو، هەرەها پەلەکانی چرنووکدار بوون. هەموو ئەوانەش لە ئەنجامی هەڵەی دابەش بووندا ڕووی داوە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی پەیدا بوونی میوتانت کە جیاوازیی دەکات لە شێوەی پێشووی. لەو میوتانتەش ئاژەڵێکیان دۆزیەوە بە ناوی
(Pikaia gracilens)
ئەوەش یەکەم ئاژەڵە کە بڕبڕەی بشتی هەبێت. زۆربەی ئاژەڵەکان لەو کاتەدا لە دوو چین (ڕیشاڵی ئه‌ندامی) پێکهاتبوون، هەموو ئاژەڵەکانی ئەمڕۆ، لە سێ چین ڕیشاڵی ئه‌ندامی پێک هاتوون.

بە تێپەڕ بوونی چەند ملیۆن ساڵێک ئه‌و ئاژەڵە بچوکە زەریاییانە گەشەیان کرد و گەورە بوون، لە نێویاندا ئاژەڵی دڕندە پەیدا بوو، وەک ماسی (قرش). هەندێکیان هەوڵی لە ئاو دەرباز بوونیاندا بەرەو وشکایی هەڵاتن. بەڵام پێویست بوو لەسەریان کە فێر بن ئۆکسجین ڕاستەوخۆ هەڵمژن بە بێ ئەوەی لە ئاوەوە وەری بگرن. هەڵبەتە ئەو گۆڕانەش چەند ملیۆن ساڵێکی خایان و دوای ئەوەش ئاژەڵی وشکاوی پەیدا بوون، کە توانای ژیانیان هەبوو لە وشاکیی و لە ناو ئاویشدا.

ئەو ئاژەڵانەی کە فێری ژیان بوون لەسەر وشکایی، سوودیان لەو ڕادە بەرزەی ئۆکسجین وەرگرت کە لەئەتمۆسفێردا هەبوو لەو کاتەدا، کە دەگەیشتە ٣٥% ، ئەوەش بوە هۆی گەورە بوونی ئاژەڵەکان و بوونە خاوەن له‌شێکی گه‌وره‌، لەو بوارەدا بوو کە داینەسورەکان دەرکەوتن و بوونە داگیرکەری وشکایی بۆ چەند ملێون ساڵێک، هەتا ئەوکاتەی لەناو چوون، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تەنە ئاسمانییەکان (meteorites).

دوای ئەوەش ئاژەڵی دیکە بچوکتر دەرکەوتن کە گونجاوتر بوون باڵندە و جۆری دیکەش، هەموویان هاوبەش بوون لەوەی چوار پەڵیان هەبووە و لە کۆتای هەر پەلێکدا پێنج پەنجەیان هەبووە. باڵندەکان پەلەکانی سەرەوەیان کرد بە باڵ. ئەگەر سەیری باڵی بالندە بکەین، دەبینین هەمان ئێسکی قۆڵ و دەستی مرۆڤیان هەیە، واتە ئێسکی قۆڵ، دوو ئێسکی مەچەک، دواتر هەشت ئێسکی بچوکلەی جومگەکنیان، دوای ئەوەش ئێسکی دەست.

هەروەها هەمان شت دەبینرێ لە پەلەکانی ماسی قرش و، جۆرەکانی ماسی بە گشتی. ئەمەش ئەوە دەکەیەنێت کە هەموو ئاژەڵەکان لە یەک سەرچاوە پەیدابوون و پەرەیانسەندووە.

شیردەرەکان بوونە چەند بەشێکەوە لەوانە مەیمون. دوای ئەوە جۆرێک لە مەیمون گەشەی کرد بوو به‌ (Ape) دوای تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ لقێک لە(Ape) جیا بوەوە بوو بە شەمپانزی و پاشان مرۆڤی سەرەتایی (neanderthal) . مرۆڤی سەرەتایی بۆ یەکەمجار لە ئافریکا دەرکەوت، زانایانی ئەنثرۆپلۆجی کاسەی سەری مرۆڤێکیان لە بیابانی چاد دۆزییەوە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ملیۆن ساڵ پێشتر. هێشتا مرۆڤ هەمان پەیکەر هەڵدەگرێت کە کلکی تیا دەروێت. هێشتا هەمان جین هەڵدەگرین کە کلک دەروێنێت لای مەیمون، تەنیا ئەوەندەیە کە ئەم کلکە لای مرۆڤ لە کار کەوتوە. زیاتر لە ٩٨% جینەکانمان هاوبەشە لەگەل شەمپانزی، کە ئەوەش وا دەگەێنێت، کە هەردوو لە یەک سەرچاوە دابەزیوین. جیاوازی جینەکانی کەری کێوی ( Zebra ) و ئەسپ، زیاترە لە جیاوازی جینەکانی ئینسان و شەمپانزی.....

ڕۆژەڤ: له‌ ناو باسه‌که‌تدا ئاماژه‌ت به‌ میوته‌یشن کرد، که‌ بریتییه‌ له‌ به‌هه‌ڵه‌ دابه‌شبوونی جینه‌کان ''ژنه‌تیکه‌کان'' ئایا هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌توانێت بوونه‌وه‌رێکی کاملتر درووست بکات؟

محه‌مه‌د: به‌ڵێ بۆ نا؟ ئه‌و چه‌شنه‌ی كه‌ ئێمه‌ك تێیداین هه‌ر به‌هۆی هه‌ڵه‌وه‌ بووه‌، ئێستا كه‌ شێوه‌ی جسم و ده‌مو و چاوی من جیاوازتره‌ له‌ جسم و ده‌موو چاوی تۆ هه‌ر به‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌وه‌ بووه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ڕووی نه‌دابا هه‌موو زینده‌وه‌رانی سه‌ر زه‌وی یه‌ك شێوه‌یان ده‌بوو

ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د زۆرجار ده‌بینین میوته‌یشن ده‌بێته‌ هۆی په‌یدا بوونی منداڵێکی ناته‌واو ئایا چ هۆکارگه‌لێک له‌ پشت ئه‌وه‌ن که‌ هه‌مان میوته‌یشن ببێته‌ هۆی درووست بوونی بوونه‌وه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو تر؟ ژینگه‌ چ رۆڵێکی هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د: هه‌لبه‌ت ئه‌و منداڵه‌ له‌ زمانی ئێمه‌وه‌ ناته‌واوه‌ ئه‌و منداڵه‌ی كه‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ل خۆمان ، ئه‌گه‌ر سروشت قبووڵی بكات به‌ زیندووی ئه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش قبووڵی نه‌كات له‌ ناو ده‌چێت، جا لێره‌دا حه‌زده‌كه‌م نموونه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بهێنمه‌وه‌،

سەرەتا دەبێت ئێمە بزانین میوتەیشن و هەڵبژاردنی سروشتی چیە، لێرەدا بە کورتی پێناسەی میوتەشن دەکەم:-

میوته‌یشن دوو هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه‌ :
یه‌كه‌م : هه‌ڵه‌ كردن له‌ كاتی كۆپی كردنه‌وه‌ی كروموسوم ...
دووه‌م : كاریگه‌ری ده‌ره‌كی وه‌ك ماده‌ كیمیایێكان یان ماده‌ مشعه‌كان وه‌ك یورانیوم ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ژینگه‌ ملوس ئه‌كه‌ن ...

بە واتایەکی تر میوتەیشن: جیاوازی ئەهێنێتە کایەوە، وە لەسەر ئەساسی ڕیزبەندی (DNA) ڕوودەدات.... واتە ئەگەر میوتەیشن نەبوایە ئەوا هەموو زیندەوەرانی سەرزەوی لە یەکتری دەچوون، میوتەیشن هەڵەیەکە لە ڕیزبەندی (DNA) ڕوودەدات هەر بۆیە زۆر جار منداڵەکان لە باوانیان ئەچن چوونکە ڕیزبەندی (DNA)ی زۆر لە باوانی دەچێت، هەر لەبەر ئەمەشە مرۆڤ و شاماپانزیا لە زۆر شوێندا لە یەکدەچن چوونکە یەک ئاژدادیانن هەیەو ڕیزبەندی (DNAیان) ئەوەندە جیاواز نیە.... مەبەستەکە لێرەدایە کە زیندەوەری نوی بەهۆی میوتەیشن دێتە کایەوە ، بەڵام بە تەنها هیچی پێ ناکرێت بە هاوکاری هەڵبژاردنی سروشتی سیفەتێک لە ناو دەچێت و دانەیەکی نوێ دێتە کایەوە...
سه‌ره‌تا ئه‌بێت بزانین (هه‌ڵبژاردنی سروشتی) له‌سه‌ر (میوته‌یشن) كار ئه‌كات واتا (هه‌ڵبژاردنی سروشتی) نابێت ئه‌گه‌ر (میوته‌یشن) نه‌بێت ...

با بزانین چۆن ؟؟؟

ئاسكێک له‌ سروشتدا هه‌موو ساڵێك له‌وه‌رزی زاوزێ ئه‌و نێره‌ مافی زاوزێی ئه‌بێت كه‌ له‌هه‌موو نێره‌كانی تر بباته‌وه‌ و بیان به‌زێنێت و به‌ته‌نها خۆی هه‌موو مێیه‌كان ئه‌پیتێنێت ... ساڵێكیان له‌ به‌چكه‌یه‌كا میوته‌یشنێك روو ئه‌دان به‌وه‌ی قۆچی 10سم درێژ تر ئه‌بێت له‌ به‌چكه‌كانی تر ( حه‌تمه‌ن ئه‌م میوته‌یشنه‌ له‌ سپێرم یان له‌ هێلكه‌ روی داوه‌ ئه‌گینا ناگوازرێته‌وه‌ و قیمه‌تی نییه‌ ) ئه‌م ئاسكه‌ نێره‌ كه‌ 10 سم قۆچی درێژتره‌ له‌ كاتی پێگه‌یشتن داوای مافی زاوزێ ئه‌كات و هه‌ڵ ئه‌ستێت به‌ شه‌ره‌ قۆچ له‌گه‌ڵ نێره‌كانی تر جا لێره‌ هه‌ڵبژاردنی سروشتی كار ئه‌كات ئه‌و نێره‌ هه‌ڵ ئه‌بژێرێت كه‌ سیفاتێكی وای هه‌یه‌ ئه‌توانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌وانی تر له‌م نموونه‌یه‌ چییه‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ ؟ درێژی قۆچه‌ به‌ 10سم ساسكه‌كه‌مان ئه‌یباته‌وه‌ و ئه‌وساڵه‌ هه‌موو به‌چكه‌كان هین ئه‌و ئه‌بن و ئه‌و سیفه‌ته‌ ئه‌گوازێته‌وه‌ بۆ یان هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موویان نا به‌ڵام به‌پێی قانونی وراسه‌ ره‌نگه‌ له‌سه‌تا 10ی به‌چكه‌كان سودمه‌نبن به‌م سیفه‌ته‌ چا ئیتر هه‌موو سلێك نێره‌كان شه‌ره‌ قۆچ بكه‌ن یه‌كێك له‌و نێرانه‌ ئه‌یباته‌وه‌ كه‌ له‌و 10% یه‌ تا وای لێدێت ساڵ به‌ ساڵ رێژی نێره‌كان كه‌ قۆچیان درێژه‌ زیاد ئه‌بێت و قوچ كورته‌كان نامینێت تا ئه‌گاته‌ نوقته‌یه‌ك هه‌موو ره‌وه‌كه‌ په‌ره‌ئه‌سه‌نن بۆ قۆچ درێژ و قۆچ كورت له‌ناو ئه‌چێت ( تا ئیستا یه‌ك سیفه‌ته‌ و تائیستا له‌ مایكرۆ ئیڤلوشنین) بۆ (ماكرۆ ئیڤلوشنین) سه‌ده‌ها میوته‌یشنیترمان پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ساڵدا ... جا بزانه‌ میوته‌یشن له‌یه‌ك تاكا روو ئه‌دات و هه‌ڵبژاردنی سروشتی ئه‌یگوازێته‌وه‌ بۆ هه‌موو تاكه‌كانی داهاتوو له‌ ماوه‌یه‌كی درێژا ...

لێره‌ من له‌م نمونه‌یه‌ باسی میوته‌یشنێكم كرد تاكه‌كه‌ سودی لێی بینی به‌سه‌ر ره‌وه‌كه‌یا ... ئه‌توانین نمونه‌یه‌كی تر بینین كه‌ تاكه‌كه‌ سودمه‌ند ئه‌بێت پێێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ره‌وه‌كه‌ی وه‌ك ( خێرایی) له‌ راكردندا ئه‌بینیت ئه‌و ئاسكه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و میوته‌یشنه‌ی هه‌یه‌ له‌ هاورێكانی خیراتره‌ بۆیه‌ پڵنگه‌كان ناتوانن ئه‌و راو بكه‌ن ، چا بۆیه‌ ئه‌م ئه‌توانێت نه‌وه‌ بخاته‌وه‌ و نه‌وه‌كه‌ی تا راده‌یه‌ك سود مه‌ند بن له‌م میوته‌یشنه‌ و ئه‌وه‌ی سود مه‌ند نه‌بێت راو ئه‌كرێت و ئه‌وه‌ی سود مه‌نده‌ رزگاری ئه‌بێت و نه‌وه‌ ئه‌خاته‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ نوقته‌یه‌ك هه‌موو ئاسكه‌كانی ئه‌و ره‌وه‌ هه‌ڵگری ئه‌و میوته‌یشنه‌ن و سروشت هه‌ڵیانی بژاردووه‌ بۆ ژیان و مانه‌وه‌ و بێچوو خستنه‌وه‌ ...

ئەمە یەک نموونە بوو لە هەزارەها نموونە، بە هیوای ئەوەی کەمێک میوتەیشن و واتای هەڵبژاردنی سروشتم ڕوون کردبێتەوە..

ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د به‌پێی ئه‌م قسانه‌ی جه‌نابتان بێت په‌ره‌سه‌ند به‌رده‌وام ده‌بێت، ئایا ئه‌وه‌ چ کاریگه‌ریه‌کی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌کان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ چه‌نده‌ له‌ داهاتوودا ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی ئێمه‌ کۆتایی پێ بێت و بوونه‌وه‌رێکی دیکه‌ جێگای بگرێته‌وه‌؟

محه‌مه‌د: ئیڤەلوشن بەردەوام دەبێت هەتوا ئەو کاتەی زیندەوەر لەسەر زەوی دەمێنێت، سەبارەت بە لە ناوچوونی مرۆڤ بەڕاستی کارێکی ئەستەمە کە سروشت خۆی مرۆڤ لە ناو بەڕێت، یەک شت ئەتوانێت مرۆڤ لە ناو بەرێت ئەویش مرۆڤ خۆیەتی ... لە ئێستایا مرۆڤ زۆرشتی بە دەستە حەتا هەندێک لە زاناکان دەڵین لە هەڵبژاردنی سروشتیەوە گۆڕاوە بۆ هەڵبژاردنی مرۆی ،، واتە ژیانی زۆربەی زیندەوەرانی سەرزەوی بە دەست مرۆڤە کە بۆ ئەمەش نموونە گەلێکی بێشومارمان هەیە... هه‌موو شتێكی سروشت كاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌ ، گه‌ر حه‌ز بكه‌ن كه‌مێك بۆتان ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ری گۆڕانكاریه‌كانی مرۆڤ چیه‌!

ڕۆژەڤ: فه‌رموو کاک محه‌مه‌د روونی بکه‌وه‌، ئه‌گه‌ری گۆران کاری له‌ مرۆڤدا تا چه‌ند هه‌یه‌؟


محه‌مه‌د:نزیکه‌ی 6 ملیۆن ساڵه‌ مرۆڤ هه‌یه‌،له‌دوای نه‌شونماکردنمان ،ئه‌بینین که‌ چۆن ئه‌توانین به‌ڕێکی بڕۆین و بدوێین و بخوێنینه‌وه‌ ،گه‌شه‌کردنی مرۆڤ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ ،به‌ڵام ئاگاداربن ، قژ زه‌رد و چاو شین (مرۆڤی کاڵ) به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت...

مرۆڤ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ خۆی به‌ تاجی بونه‌وه‌ره‌ خوڵقێنراوه‌کان ئه‌بینێت ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕێڕه‌وی گه‌شه‌کانی جه‌سته‌‌ی گیانله‌به‌ران و گۆڕانکارییه‌کاندا‌ ، ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ وه‌رزترین و بێتامترین زینده‌وه‌ر هه‌ژمار ئه‌کرێین ، چونکه‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ له دووسه‌د هه‌زارساڵی ڕابردودا هیچ گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. به‌ڵام هێشتا گه‌شه‌کردنمان کۆتایی نه‌هاتووه ، ته‌کنیک له‌ ساڵانی داهاتوودا گۆڕانێکی ڕاده‌به‌ده‌رمان به‌سه‌ردا دێنێت. ڕه‌وڕه‌وه‌ی شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی به‌م نزیکانه‌ به‌ڕێوه‌یه‌.

+
چی جۆره‌ گه‌شه‌کردنێک چاوه‌ڕێمانه‌ ؟

له‌ ڕابردوییه‌کی زۆر دووردا نیه‌، که نابینا، گوێ گرانه‌کان(که‌ڕ) ،بێ ده‌ست و قاچه‌کان شانسی مانه‌وه‌ی ژیانیان که‌م بوو ،یان هه‌ر نه‌بوو . بواری سروشت وابوو ،که‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ی به‌ باشی توانای خۆگونجانیان هه‌بوه تێیدا ،شانسی مانه‌وه‌یان هه‌بووه‌ له‌ ژیاندا ،به‌ڵام ئیمڕۆ وا نیه‌ ، پێویست به‌ گۆڕانگارییه‌کی زۆری بنچینه‌یی گه‌شه‌کردنی خانه‌کانی زینده‌وه‌ر نیه‌ وه‌ک جاران. له‌‌ داهاتوودا ڕه‌نگی ڕوخساری مرۆڤ تێکه‌ڵ ئه‌بێت وه‌ک ڕه‌نگی که‌پۆچینۆ (جۆرێک له‌ قاوه‌) و قژێکی تۆخ و چاوێکی باده‌می ئه‌بێت. باڵای مرۆڤیش درێژتر ئه‌بێت ، هه‌روه‌ک له‌ ئه‌ڵمانیا باڵای کوڕێکی هه‌رزه‌کار 20 سم له‌ باووپاپیرانی درێژتر بووه‌،له‌ هۆڵنده‌ هه‌رزه‌کاران 30 سم درێژتر بوون. ئه‌مه‌ش پێش هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باش بوونی جۆری خۆراک ، که‌ کار له‌ منداڵ ئه‌کات خێراتر بگه‌نه‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاری(مراهقی) و ئه‌ندامی زاوزێیان ته‌واو گه‌شه‌ بکات ، له‌گه‌ڵ هه‌نگاونانی خێرایی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکیش ئه‌توانرێت ته‌مه‌ن درێژ بکرێته‌وه ، وه‌ک چۆن له‌سه‌رده‌می چاخی به‌ردیندا مرۆڤ به‌ تێکرایی ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ 36 ساڵ ، ئێستا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ئه‌گاته‌ دووجار به‌رامبه‌ر به‌و ته‌مه‌نه‌ واته‌ 72 ساڵ


ڕه‌گه‌زی مرۆڤ زۆرتر تێکه‌ڵ ئه‌بن ،ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ هۆی زاڵ بوونی خانه‌ی پێست تۆخه‌کانی ئاسیا و شێوه‌و ڕوخساری ئه‌وان بڵاو ئه‌بێته‌وه‌‌. زاناکان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که‌ دوا ژنی قژ زه‌رد له‌ فیله‌ندا له‌ 200 ساڵی تردا له‌ دایک ئه‌بێت و دوای به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت.‌

به‌ ڕۆژگار وای لێدێت مێشکی مرۆڤ زۆر گه‌وره‌تر ئه‌بێت ، له‌ 800 سم3 ئه‌بێته‌ 1200 سم3، هۆکه‌شی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆرتر فێربوون له‌ ماوه‌ی ژیانیاندا ، ئه‌مه‌ش وا ئه‌کات خانه‌ بۆره‌کانی مێشک زۆرتر بن ،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ فۆرمی مێشک گه‌وره‌تر ئه‌بێت. دانه‌کانمان پێویست ناکات کاری گرانیان پێ بکه‌ین ، چونکه‌ خۆراک له‌ داهاتودا زۆر پێویست به‌ جووین ناکات ،کاکیله‌ی دانمان کول ئه‌بن و‌ ده‌م بچوک ئه‌بێته‌وه‌ ،له‌داهاتوشدا پێویست به‌گه‌ڕان و په‌یداکردنی خۆراک ناکات ، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ هۆی کزبونی توانای بینین و بۆن کردن له‌ مرۆڤدا.

+
چی شتێک له‌ توانای مرۆڤدا ئه‌بێت:

ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وپێش به‌بیری مرۆڤدا نه‌ده‌هات و به‌ خه‌و و هزر ئه‌مان هێنایه‌ به‌رچاومان ،ئیمڕۆ هه‌مووی ڕاستین و کارێکی ئاسایی ڕۆژانه‌یه‌ ، بۆ نمونه‌ چاندنی ئۆرگانێکی ده‌ستکرد له‌ مێشکی مرۆڤێکی که‌ڕدا ، توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی بیستن ئه‌داتێ ، یان دانانی زمانه‌ی دڵی ده‌ستکرد بۆ دڵی مرۆڤێکی دڵ نه‌خۆش ، دانانی قاچێکی ده‌ستکرد بۆ بێ قاچه‌کان و توانای ڕۆیشتن و ڕاکردنی ئاساییان ئه‌بێت. ئه‌مه‌ وا ئه‌کات مرۆڤه‌ بێهێزه‌کان بتوانن ژیانێکی ئاسایی به‌رنه‌سه‌ر .واته‌ مرۆڤ پێویستی به‌ گۆڕانه‌ کتوپڕییه‌کانی خانه‌ی جه‌سته‌ی نابێت ، ته‌کنیک جێی ئه‌گرێته‌وه‌ له‌ ڕێگای هه‌ڵبژارده‌ی بایۆلۆژی و ئۆڕگانی ده‌ستکردی وه‌ک دڵ،جگه‌ر و گورچیله‌ و ئێسقان و مرۆڤی ڕۆبۆته‌وه‌ ، شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی جه‌سته‌ی مرۆڤ دێته‌ ئه‌نجام.

+
مرۆڤ به‌رده‌وام ته‌ندروستی باشتر ئه‌بێت:

مرۆڤ له‌ داهاتودا گه‌شه‌ونه‌شونمای جه‌سته‌ی خۆی ئه‌خاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌ ، له‌ 30 ی ساڵی داهاتودا داهێنانه‌کان کارئاسانی وا ئه‌که‌ن ،که‌ له‌ ڕێگای ته‌کنیکی (جین)ه‌وه‌ گۆڕانکاری له‌ باشتر بوونی ته‌ندروستی مرۆڤدا بکرێت ، هه‌روه‌ک داهێنه‌ری ئه‌مریکی ( لی سیلڤه‌ر ) ئه‌ڵێت ، ماوه‌یه‌کی تر نه‌خۆشییه‌کانی شێرپه‌نجه‌ و وه‌ستانی دڵ و مێشک (جه‌ڵته‌ی دڵ ومێشک) ئه‌بنه‌ به‌سه‌رهاتی ڕابردوو و چاره‌سه‌رییان ئاسان ئه‌بێت.

+
کوێره‌کان ئه‌توانن ببینن و ئیفلیجه‌کان ئه‌توانن بڕۆن:

به‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکه‌وه‌ ته‌نانه‌ت هیوابڕاو و خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌تیه‌کان که‌وتنه‌ ناو بارودۆخێکی پڕ له‌ هیواو ئاواته‌وه ، له‌م ماوه‌یه‌دا توانرا مرۆڤی ئیفلیج له‌ بڕبڕه‌ی پشته‌وه‌ بخه‌نه‌ سه‌رپێی خۆی و هه‌نگاو بنێت ، به‌هۆی دانانی کۆمپیته‌رێکی بچوک له‌ مێشکیدا که‌ فه‌رمان به‌قاچه‌کانی بدات بۆ ڕۆیشتن، یان کوێره‌کان ئه‌توانن ببینن، به‌هۆی دانانی کامێره‌یه‌کی بچوکه‌وه‌ که‌ ته‌وژمێک ئه‌نێرێت بۆ خانه‌کانی مێشک ، یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ئه‌و ئامێره‌ (ڕاسته‌ر: ئامێرێکه‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنی ڕه‌نگه‌کان) ببینێت و توانای هه‌بێت به‌ته‌نها کاره‌کانی جێ به‌جێ بکات.

+
ژنی دووگیان هه‌ست به‌ به‌رزی سکی ناکرێت:

له‌دوای پیتاندنی تۆوی ژن وپیاو دروست بوونی کۆرپه‌که‌ ، ده‌مێکه‌ ئه‌توانرێت بۆ به‌خێوکردنی ئه‌و کۆرپه‌یه‌ له‌ ناو‌ شوشه‌ دا گه‌شه‌ی پێ بدرێت تا گه‌وره‌ ئه‌بێت ، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتودا جێی ئه‌گرێته‌وه‌ ،جۆری زاوزێ کردنه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤدا،هه‌روه‌ک داهێنه‌رێکی ژن ( هونگ-چینگ لیو ) توانی منداڵدانێکی ده‌ستکرد دابهێنێت و

که‌ توانراوه‌ مشک بۆ چه‌ند ڕۆژێک تێیدا ‌بژین ، وا پێشبینی ئه‌کرێت له ‌ ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوودا بتوانرێت مناڵدانی ده‌ستکرد له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ بۆ مرۆڤیش به‌کار بهێنرێت .

+
دروستکردنی پێست و لوت وگورچیله‌ له‌ لابۆردا (تاقیگا) :

له‌ دوای ڕوواندنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی پێستی خودی مرۆڤ ئه‌توانرێت ئه‌و مرۆڤه‌ برینداره‌ یان که‌می و نه‌مانی خانه‌کانی جه‌سته‌ی بڕوێنرێته‌وه‌ و دروست بکرێته‌وه‌ و له‌ جه‌سته‌یدا بچێنرێته‌وه‌ ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه ی (فرایبۆرگ)ی ئه‌ڵمانی، پێستی مرۆڤ به‌رهه‌م هێنراوه‌ ، له‌ دوای ئه‌مه‌ش نیازی دروست کردنی گوێچکه‌ و جومگه‌کانین ، هه‌وڵ ئه‌درێت له‌ داهاتوودا ئۆڕگانه‌کانی ناوه‌وه‌ش دروست بکرێته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ زۆر کارێکی ئالۆزه‌ ، به‌ڵام ڕۆژگارێک دێت، که‌ بتوانرێت ئه‌وانه‌ش بچێنرێته‌وه‌‌ له‌ له‌شی مرۆڤدا.

+
ئایا سنوره‌کان له‌ کوێدان‌ ؟

مرۆڤ چیتر پێویست ناکات خۆی له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا بگونجێنێت ،به‌ڵکو ژینگه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌گونجێنێت،چیتر گه‌شه‌سه‌ندن پابه‌ند نابێت به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سروشته‌وه ، به‌ڵکو پابه‌ند ئه‌بێت به‌ حه‌ز وئاره‌زووی مرۆڤه‌وه‌. له‌ کاتێ نه‌مانی ڕه‌گه‌زی کاڵ (چاوشین و قژ زه‌رد) ، مرۆڤ ئه‌توانێت خۆی جارێکی تر بچێنێته‌وه‌ و دروستی بکاته‌وه‌ . به‌هۆی ئه‌و زانیارییه‌ پێشینه‌یه‌ی هه‌یه‌تی که‌ له‌وه‌و پێش پێی به‌خشێنراوه‌ له‌ سروشتدا،له‌گه‌ڵ شاره‌زایی له‌ جۆری گۆڕانکارییه‌کانی جه‌سته‌ی ، له‌ئه‌نجامدا، ئه‌و توانایه‌ی ئه‌بێت که‌ خۆی بڕیارده‌ر بێت له‌ ده‌ست نیشانکردنی جۆری گه‌شه‌ کردنی له‌ جه‌سته‌ی خۆیدا .بۆ نمونه‌، پێش له‌ دایک بونی کۆرپه‌کانی، خۆی بڕیار ئه‌دا که‌ شێوه‌ و فۆرم و ڕه‌نگی ڕوخساری نه‌وه‌‌کانی چۆن بێت،یان منداڵه‌که‌ی ببێت به‌ خاوه‌نی چی به‌هره‌یه‌ک له‌ ژیاندا‌ یان نه‌خۆشییه‌کانی چاره‌سه‌ربکرێت پێش هاتنه‌ ژیانه‌وه‌.

+
ترسی مرۆڤ له‌ داهاتوو :

گه‌وره‌ترین ترس ‌بۆ مرۆڤ له‌ داهاتوودا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ سروشت له‌ناومان ببات ،یان هه‌ندێکمان بهێڵێته‌وه‌ له‌ ناو جیهانێکی وێرانه‌ و په‌رته‌وازه‌دا هه‌ر وه‌ک پسپۆری جێۆلۆجی به‌رلینی (کارستن نیمیتس) ئه‌یخه‌مڵێنێت. گه‌ر بێتوو سروشت به‌سه‌ر مرۆڤدا زاڵ نه‌بێت ، هه‌ر نه‌مر بێت ، ئه‌و کاته‌ سه‌رجه‌می دانیشتوانی گۆی زه‌وی هێنده‌ زۆر ئه‌بێت ، که‌ نائاسوده‌یی به‌ دوادا دێت و زه‌وی به‌رگه‌ی ناگرێت و گۆڕان به‌سه‌ر شێوه‌که‌یدا نایه‌ت به‌ڵکو ژینگه‌که‌ی به‌ره‌و تێکچوون ئه‌چێت . له‌به‌ر زۆری دانیشتوان شیرازه‌که‌ تێک ئه‌چێت، بناغه‌کانی ژیانی ئاسایی هه‌ڵ ئه‌ته‌کێتنرێت ، چیتر مرۆڤ ناتوانێت به‌ ئاسانی بژی.

+
که‌ی کاتمان به‌سه‌ر ئه‌چێت له‌ سه‌ر زه‌وی ؟

زانایانی ده‌زگای (ن.ا.س.ا- ناسا) ی ئه‌مه‌ریکی له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ هێشتا مرۆڤ کاتێکی درێژی ماوه‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا پێکدادانێک ڕوو ئه‌دا له‌گه‌ڵ پارچه‌یه‌کی تری گه‌وره‌ی ئاسمان ،وه‌ک چۆن پێش 4،5 ملیارد ساڵ ڕوویداوه‌ ، ئه‌و ‌کاته‌، ئه‌و بازنه‌یه‌ به‌ره‌و داخستن ئه‌چێت ،به‌ڵام چه‌ندین هه‌زار ساڵمان له‌ پێش ماوه‌‌ بۆ ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته‌.

ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د وه‌کوو ده‌بینین له‌سه‌ر زه‌وی له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ک جۆره‌ نه‌ژاد و جۆره‌ تیره‌ و ره‌گه‌زێک ده‌ژین، بۆ نموونه‌ ره‌ش پێست و سپی پێست و سورپێست و مرۆڤی ئاسیایی، ئایا ژینه‌تیکی کامیان زاڵتر ده‌بێ به‌سه‌ر مرۆڤه‌کانی دیکه‌دا، ناوچه‌ و جوگرافیا چ کارگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر زاڵ بوون یان نه‌بوونی جینه‌کاندا هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د: كاتی خۆی چه‌ن ملیۆن ساڵێك پێش ئێستا هۆزی مرۆڤه‌كان زۆر دوور له‌یه‌ك ده‌ژیان بۆیه‌ زۆر به‌ ئاسانی جۆرێكی تازه‌ی مرۆڤ ده‌هاته‌ كایه‌وه‌ ، به‌ڵام ئێستا وه‌ك ده‌بینین هه‌موو جۆره‌ ڕه‌گه‌زه‌كان به‌ تێكه‌ڵی له‌ ناو یه‌كا ده‌ژی ، ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ بتوانێت باشترین بكات و وه‌چه‌ بخاته‌وه‌ نه‌ك به‌هێزترین یان زیره‌كترین...

ڕۆژەڤ: زۆر جار له‌ ده‌می بانگخواز و مه‌لایانی ئاینییه‌وه‌ دژایه‌تی ئه‌م بیردۆزه‌ ده‌کرێت و هه‌ندێک جار ده‌ڵێن که‌ بیردۆزه‌که‌ به‌ درۆ خراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌ و هۆکاری دژایه‌تیی کردنه‌که‌یان بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟

محه‌مه‌د: ئیڤه‌لوشن یه‌كێكه‌ له‌و زانستانه‌ی ڕووبه‌ڕووی زۆرترین ڕه‌خنه‌ بۆته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ خۆشتان باشتر بزانن زانست ئیشی بانگخوازێك نیه‌ كه‌ شته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاری ده‌هێنێت، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئێستا چه‌ن بانگخوازێكی دی په‌یدابوون له‌ ئاست ئه‌و به‌ڵگه‌ به‌هێزانه‌ی ئیڤه‌لوشن نه‌یان توانیوه‌ خۆیان ڕابگرن. و دێن ڕێكی ده‌خه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی خۆیاندا به‌لام من حه‌قی ئه‌وه‌م نیه‌ چۆن بێنه‌و برده‌ی پێ ئه‌كه‌ن ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ته‌نها زانست و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كانه‌، هۆكاری دژایه‌تی زانسته‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گڕێنمه‌وه‌
١: لێ تێنه‌گه‌یشتن
٢: پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ دژی عه‌قیده‌كه‌ی ئه‌وانه‌و سیساسه‌تی ئیلحاده‌

ڕۆژەڤ: هه‌ندێکیان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ مرۆڤ ناکرێت له‌ مه‌یموونه‌وه‌ هاتبێت، ئایا ئه‌وه‌ هه‌تا چه‌ند له‌ زانسته‌که‌دا باس کراوه‌؟ یان ده‌ڵێن که‌ داروین پێی وابووه‌ مرۆڤ له‌ مه‌یموونه‌وه‌ په‌ره‌ی سه‌ندبێت؟ پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا بۆچی ئه‌م مه‌یمونانه‌ی ئێستاش نابنه‌ مرۆڤ و هه‌ر به‌ مه‌یموونی ماونه‌ته‌وه‌؟

محه‌مه‌د: وابزانم ئه‌م پرسیاره‌ دووباره‌ترین پرسیاره‌!
به‌ڕاستی شتێكی نا لۆژیكیه‌ بڵێین ئه‌مه‌ له‌ مه‌یموونه‌وه‌ هاتوین و مه‌یموون خۆشی ئێستا ماوه‌ حه‌زده‌كه‌م به‌ چه‌ن خاڵێك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌

١: كاتێك ئێمه‌ ده‌ڵێین مه‌یموون هه‌ڵه‌یه‌، چوونكه‌ مه‌یموونیش جۆره‌كانی یه‌جگار زۆره‌

٢: گۆڕانه‌كانی ئیڤه‌لوشن وه‌ك لقی داره‌كان وایه‌، هۆمۆ سپاینس، واته‌ مرۆڤی خۆمان، له‌گه‌ڵ مه‌یمونی شامپانزیا یه‌ك ڕه‌چه‌ڵه‌كی هه‌یه‌ چوونكه‌ ڕیزبه‌ندی دی ئێن ئه‌ی ئێمه‌و شامپانزی زۆر لێكه‌وه‌ نزۆكه‌

٣: داروین به‌ هیچ جۆرێك باسی گۆرانی مرۆڤی نه‌كردووه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ ناوی ڕه‌چه‌ڵه‌كی جۆره‌كان، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ پڕوو پاگه‌نده‌یو هه‌ڵبه‌ستراوه‌

ڕۆژەڤ: مه‌به‌ستیی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤ و مه‌یموونی شامپازی هه‌ردووکیان نموونه‌ی په‌ره‌سه‌ندووی یه‌ک جۆر بوونه‌وه‌رن؟

محه‌مه‌د: به‌ڵێ ڕێك به‌و جۆره‌یه‌‌، هه‌رچه‌ن ئێستا شامپانزیاش چه‌ن جۆرێكی هه‌یه‌.

ڕۆژەڤ: ئایا بۆیه‌که‌م جار که‌ی په‌ره‌سه‌ندن وه‌کوو بیردۆزێک ناسێندرا؟ رۆڵی داروین چی بووه‌؟

محه‌مه‌د: ئیڤەلوشن پێش داروین بە سادەوساکاری باسکرابوو، بەڵام بڵین وەکو بیردۆزێک کە گرنگی پێدرابێت و بە جیهاندا بڵاو بووبێتەوە لە ساڵی ١٨٥٩دا بوو کاتێک داروین کتێبەکەی بڵاو کردەوە بە ناوی (ڕەچەڵەکی جۆرەکان)، ڕۆڵی داروین لە بیردۆزەکە بەڵگەو کتێبەکەی بوو ، بەڵام لە ئێستادا بەڵگەی زۆر تازەترمان دۆزیوەتەوە لە دوای مردنی داروین بە ڕادەیەک دەڵین ئێستا ئەگەر داروین زیندوو بکەینەوە بیردۆزەکەی خۆی ناناسێتەوە...

ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د ئایا به‌ڵگه‌کان له‌سه‌ر بیردۆزی evolution چین؟ چوونکه‌ وه‌کوو ده‌زانین هه‌موو بیردۆزێکی زانستی پێویستی به‌ به‌ڵگه‌ی زانستیش هه‌یه‌ هه‌تا جێگیر ببێت.


محه‌مه‌د: به‌ڵگه‌كانی ئیڤه‌لوشن یه‌جگار زۆرن، له‌ چه‌ن بوارێكی جیاواز ، ئه‌ویش، كۆرپه‌له‌ناسی، جه‌نه‌تیكس، ته‌شریح، به‌به‌ردبووه‌كان و زۆری تریش ، كه‌ هه‌نێكیم له‌ یه‌كه‌م پرسیار وه‌ڵامم دایه‌وه‌، ئه‌وانی تریش ده‌بێت زۆر به‌ وردی باسی لێوه‌ بكه‌ین.

له‌ بواری جینه‌تكس ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ جیوازیمان هه‌یه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی دی ئێن ئه‌ی و كرۆمۆسۆم ، هه‌ر ئه‌و جیاوازیه‌شه‌ وا ده‌كات هه‌لبژاردنی سروشتیش كاری خۆی بكات، وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كات سیفه‌تێكی نوێ بێنێته‌ كایه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌كتریایه‌ك به‌رینه‌ تاقیگه‌ وه‌ كه‌شێكی تایبه‌تی بۆ دروست بكه‌ین ده‌بینین ئه‌و به‌كتریایه‌ ده‌گۆڕێت و سیفه‌تی تازه‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌مان شتیش به‌سه‌ر زینده‌وه‌رانی سه‌ر زه‌وی هاتووه‌، لە رووی کۆرپەلە ناسی مرۆڤ لە سکی دایکیدا لە هەفتەی دووەم کلکی هەیە، بەڵام دواتر جینەکانی کلک دەکوژێتەوە!! ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ لە پێشینەیەکەوە کە کلکی هەبووە، بە هەمان شێوە ئەمە لە زیندەوارانی تر دووبارە بۆتەوە بۆ نموونە دۆلفین قاچی هەیە لە سکی دایکیدا ئەمەش ئەوە دەرئەخات هێشتا جینی زیندەوەرانی پێشینەی خۆی تێدا ماوە.... زۆری تریش.
وه‌ به‌به‌ردبووه‌كانیش زۆر به‌ جوانی ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ژیان له‌سه‌ر زه‌وی له‌ به‌كتریاكانه‌وه‌ درووست بووه‌ ، وه‌ پاشان له‌ ساده‌وه‌ بۆ ئاڵۆز گۆڕانی به‌سه‌ر هاتووه‌ ، به‌ گشتی زینده‌وه‌ر تاك خانه‌كان بووه‌ (له‌ ناو ئاودا) پاشان فره‌خانه‌كان، دواتر ماسیه‌كان، پاشان وشكاوه‌كی و خشۆكه‌كان دواتر ده‌ینه‌سوڕو و په‌له‌وه‌ره‌كان، دواتر شیرده‌ره‌كان، به‌م شێوه‌یه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌به‌ردبووه‌كان ده‌یسه‌لمێنن.

ڕۆژەڤ: له‌سه‌ر به‌به‌رد بووه‌کان ئایا له‌ رووی مێژووی به‌به‌ردبووه‌کاندا هیچ یه‌ک له‌ پێشینه‌ی مرۆڤه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌به‌رد بووبێت؟ هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ پێشینه‌ی بوونه‌وه‌رێکی دیکه‌یه‌ ده‌بێ له‌ رووی مێژووی به‌به‌رد بووه‌کانه‌وه‌ ئه‌و شته‌ بسه‌لمێندرێت؟
بۆ نموونه‌ ده‌وترێت که‌ دایناسۆره‌کان پێشینه‌ی باڵنده‌کانن؟ ئایا ده‌کرێت به‌ به‌رد بووی باڵنده‌یه‌ک و دایناسۆرێک مێژووه‌که‌یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌مان کات؟


محه‌مه‌د: ٦ هه‌زار به‌به‌ردبووی مرۆڤ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌تاكو ئێستا ١٧ جۆر (هۆمۆ) واته‌ ١٧ جۆر مرۆڤ دۆزراوه‌ته‌وه‌،

كاتێك ئێمه‌ ده‌ڵێین ئێمه‌و شامپانزیه‌كان یه‌ك سه‌رچاوه‌مان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ زۆر كات به‌به‌ردبووكان نایسه‌لمێنن به‌ڵكو ئه‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جینه‌تكس، ئێستا ئێمه‌و شامپانزیه‌كان %٩٨ دی ئێن ئه‌یمان له‌ یه‌ك ده‌چێت ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌مان هه‌یه‌، واته‌ دی ئێن ئه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ ده‌دات..

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ینه‌سوره‌كان، په‌له‌وه‌ره‌كان له‌ جۆرێكی ده‌ینه‌سوڕه‌وه‌ گۆڕانیان به‌سه‌را هاتووه‌، كه‌ به‌م دوایه‌ به‌به‌ردبووه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌ له‌ چین، كه‌ زینده‌وه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ بوو ( زینده‌وه‌ره‌ گوێزه‌ره‌وه‌كان ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ینی دوو جۆردایه‌) به‌ زمانێكی تر بڵێین ئه‌و زینده‌وه‌ره‌ %٥٠ داینه‌سور بوو %٥٠ په‌له‌وه‌ر بوو.


ڕۆژەڤ: هاوڕێیان وشه‌ی به‌به‌رد بوو هاوواتای وشه‌ی فسیل ی فارسیه‌.
ئێوه‌ باستان کرد که‌ کۆرپه‌له‌ی مرۆڤ له‌ روژه‌کانی یه‌که‌مدا کلکی هه‌یه‌ یان کۆرپه‌له‌ی دۆلفین پێی هه‌یه‌؟ ئایا چشتێک هۆکاره‌ که‌ کلکی مرۆڤه‌که‌ یان پێی دۆلفینه‌که‌ دیار نه‌مێنێت؟


محه‌مه‌د: له‌ هه‌فته‌ی ٢-٣ دا نه‌ك یه‌كه‌م ڕۆژ ببورن ئه‌گه‌ر ڕێگام بده‌ن زیاتر ڕوونی بكه‌مه‌وه‌...
دۆلفین کاتێک که‌ ئیمبریۆییه‌ (embryo) سه‌ره‌تای درووستبوونی له‌ سکی دایکیدا ، ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌شی ژێره‌وه‌ی بکه‌ین ئه‌بینین که‌ قاچی هه‌یه‌..!؟ باشه‌ دۆلفین قاچی بۆچییه‌؟

کاتێک که‌ جیناته‌کان ئه‌که‌ونه‌ کار بۆ دروست کردنی کۆرپه‌له‌، هه‌م

ووی به‌یه‌که‌وه‌ کار ناکه‌ن، بۆ نموونه‌ له‌ مرۆڤدا یه‌که‌مجار سپاین به‌ون واتا (بڕڕه‌ی پشت) درووست ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی جینه‌کانی دروست کردنی چاو بکه‌ونه‌ کار.

ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر زۆر گرنگه‌، ئه‌مه‌ پیشانمان ئه‌دات که‌ هه‌ندێک شت له‌لای ئیمبریۆکه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌لای منداله‌که‌ نییه‌..! بۆ نمونه‌::ئیمبریۆی مرۆڤ کاتێک سه‌یری بکه‌ین کلکی هه‌یه‌ به‌ڵام که‌ له‌دایک ئه‌بێت کلکه‌که‌ی نامینیت، دۆلفینیش به‌هه‌مان شێوه‌...

به‌ پێی ئیڤه‌لوشن:- جارێ ئه‌م زینده‌وره‌ هێشا زۆرێک له‌ جیناته‌کانی باپیرانی خۆی تیاماوه‌ته‌وه‌، واتا پێشتر پێش مرۆڤ شتێک بووه‌ کلیکی هه‌بیت، بۆییه‌ ئێمه‌ش ئه‌و جیناته‌مان ماوه‌ته‌وه‌، دۆلفینیش به‌ هه‌مان شێوه‌، واتا پیشتر قاچیان هه‌ببوه‌..! به‌ڵام، ئه‌وجینه‌یی له‌ لاشه‌یی تۆدا هه‌یه‌ کۆده‌که‌ی هه‌ڵنه‌کراوه‌ (کار ناکات)، بۆییه‌ زۆربه‌ی کات مرۆڤ که‌ له‌دایک ئه‌بێت کلکی نییه‌.
دڵنیام پرسیارێک لات درووست ئه‌بیت ئه‌ویش ئه‌وه‌ییه‌::بڵێیت باشه‌ ئه‌گه‌ر کۆدی کلکی مرۆڤ یان کۆدی قاچی دۆلفین، هه‌ڵنه‌کراوه‌ بۆچیی له‌ ئیمبریۆوه‌ کلک یان قاچی دۆلفین دیاره‌؟؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌ییه‌ که‌ هه‌موو جینه‌کان پێکه‌وه‌ هه‌ڵناببن، واتا جینی کلکه‌که‌، که‌ له‌کۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵمانا، هه‌ڵئه‌بێت ئینجا دوایی ئه‌وه‌ جینێک هه‌ڵئه‌بێت که‌ کۆدی ئه‌و کلکه‌ ئه‌کوژێنێته‌وه‌،واتا به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڵنابن له‌یه‌ک کاتدا.

ڕۆژەڤ: وه‌کوو زانیمان پێشینه‌ی مرۆڤ مه‌میمون نه‌بووه‌، به‌ڵام بوونه‌وه‌رێک بووه‌ که‌ کلکی هه‌بووه‌، ئایا ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ چیه‌؟ زۆر جار ناوی لوسی گرێ ده‌دڕێت به‌م بوونه‌وه‌ره‌.

محه‌مه‌د: ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌ ئێمه‌و شامپانزیای لێوه‌ هاتووه‌ جۆرێكی تایبه‌ت بووه‌و ئێستا نه‌ماوه‌ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ش كلكی نه‌بووه‌، وه‌كو وتم ئێمه‌ جۆرێكین له‌ ئیپ ، ئه‌یپیش جۆرێكن له‌ پرایمه‌تیه‌كان، بۆیه‌ جینی كلك له‌ پرایمه‌تیه‌كانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژەڤ: ئایا هم تکاملی coevolution چیه‌؟ روونکرنه‌وه‌یه‌ک بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌؟

محه‌مه‌د: به‌ داوای لێ بووردنه‌وه‌ هه‌رچه‌ن نازانم ئه‌و ناوه‌ واتای چیو چی ده‌گرێته‌وه‌ به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و ئیڤه‌لوشنه‌یه‌ كه‌ لامارك باسی كرد بۆ نموونه‌ لامارك ده‌یوت زه‌ڕافه‌ بۆیه‌ ملی درێژه‌ چوونكه‌ هه‌‌ڵیداوه‌ ملی بگه‌یه‌نێته‌ داره‌ به‌رزه‌كان بۆیه‌ ملی درێژ بووه‌..، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌یه‌و هیچ به‌ڵگه‌و ئه‌سڵ و ئه‌ساشێكی نیه‌، به‌داخیشه‌وه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك وا ده‌زانن داروین وا وتووه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیا ئه‌وه‌ بیر و بۆچوونی لاماركه‌.

ڕۆژەڤ: ئایا مرۆڤ ده‌توانێت په‌ره‌سه‌ندن کۆنترۆڵ بکات؟ بۆ نموونه‌ ئێستا ده‌ستکاری ژێنه‌تیکی رووه‌ک و گیانله‌به‌ران ده‌کرێت به‌مه‌به‌ستی خستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی باشتر، ئه‌مه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د: له‌ ڕاستیدا وه‌كو وتم هه‌ندێك له‌ زانایان ده‌لێن له‌ هه‌ڵبژاردنی سروشتیه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی مرۆی... هه‌ندێك له‌ زانایان ده‌ڵێن به‌ ته‌واوی كۆنتڕۆڵمان كردووه‌، هه‌ندێكیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ڕای من به‌ ته‌واوی كۆنتڕۆڵمان كردووه‌ هی خۆشمانو هی ده‌وروبه‌ریشمان، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بێت (مۆز)یش نابێت چوونكه‌ مۆز نه‌زۆكه‌ مرۆڤ ده‌ستكاری جینه‌كه‌ی كردووه‌، زۆرێك له‌ په‌له‌وه‌ره‌كانیش ئێمه‌ به‌ ده‌سكرد دروستیان ده‌كه‌ین و ده‌ستكاریان ده‌كه‌ین، وه‌ گۆڕانه‌كانی ژینگه‌ش له‌ولاوه‌ بۆستێت و..و..و زۆری تریش

ڕۆژەڤ: کاک محه‌مه‌د که‌مێک له‌ باسی په‌ره‌سه‌ندن دوور ده‌که‌وینه‌وه‌، به‌ڵام زۆرجار گوێبیستی هه‌ندێک هه‌وڵین له‌سه‌ر کۆپیکردنی گیانداران و هه‌تا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ناوه‌نده‌ ئاینییه‌کان رێگه‌بده‌ن مرۆڤیش کۆپی ده‌کرێت؟ ئایا ئه‌م باسه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

محه‌مه‌د: به‌ڵێ زۆر ڕاسته‌ دەتوانیین مرۆڤ (clone) کۆپی بکەین، بەڵام لەبەر بیروبۆچونی کەسەکان ئەو کارە ناکەین
چەند ساڵێک لەمەوپێش لە سەردانێکما بۆ کوردستان، کەسێک جوتێ کڵاشی هەورامی زۆر جوانی پیشاندام. زۆر جوان چنرابوو، زۆر توندوتۆڵ بوو، ئەوەی کە جیاوازبوو سەبارەت بەو کڵاشە ئەوە بوو کە لە هەورامان یاخود سلێیمانی نەچێنرابوو، بەڵکوو لە چین دروست کرابوو!! ئێستا لە هەمان وڵات هەندێ کەس بەتەمان کلۆنی مرۆڤیش بکەن ئەگەر رێگەیان پێبدرێت؛ هەڵبەتە توانای کۆپی کردنی مرۆڤ دەمێکە لە ئارادا هەیە، بەڵام کەس ناوێرێت توخنی بکەوێت لەبەر رەخنە و هەستیاری ئەو کارە لەلای کۆمەڵگاکان. تا ئێستا زۆر لە ئاژەڵەکان کلۆن کراون هەر وەک: ماسی، پشیلە، گا و مانگا، ئاسک، بۆق، مێشی میوە، بزن، ئەسپ، مشک، بەراز، هێستر، کەروێشک، مەیمون، گورگ ....هەموو زاناکان دەزانن کە دەکرێت هەمان کاریش بکرێت بە پەیوەست بە مرۆڤەوە، بەڵام نەک نەیان دەویست ئەو کارە بکەن، بەڵکوو تەنانەت نایاندەویت باسیشی بکەن. ئێستا بنکەی Boyalife Group

لە چین، کە گەورەترین کارخانەی کلۆنی کردنیان داناوە، دەیانەوێت رێژەیەکی یەکجار زۆری ئاژەڵەکان کلۆن بکەن و بازاڕێک دروست بکەن لە زیندەوەرە کلۆنی کراوەکان. گوایە سەرپەرشتیاری ئەو بنکەیە، ئەوەی راگەیاندووە کە تا 2020 بەتەمان نزیکەی یەک ملیۆن مانگا کلۆن بکەن. نەک هەر مانگا، بەڵکوو بەتەمان ئەسپی پێشبڕکێ، سەگی بە توانا لە بۆنکردندا و چەند ئاژەڵێکی تریش بەرهەم بهێنن لەو رێگەیەوە. ئێمە هێشتا نازانیین کاریگەری ئەو کارە چی دەبێت لەسەر ئڤلوشنی ژیان بە گشتی، لەگەڵ ئەوەدا کە دەسکاری کردنی جەنەتیکی روەکەکان و ئاژەڵەکان شتێکی باوە، بەڵام کلۆنی کردن شتێکی جیاوازە.

ڕۆژەڤ: ئایا بوونه‌وه‌ری کلۆن کراو ئه‌گه‌ر ئه‌سڵی بوونه‌وه‌ره‌که‌ له‌ ناوچه‌یه‌ک بێت وه‌کوو عه‌ره‌بستان که‌ ناوچه‌یه‌کی گه‌رمه‌ و کۆپییه‌که‌ی له‌ ناوچه‌یه‌کی وه‌کوو رووسیه‌ له‌ دایک ببێت؟ هه‌مان خوی بوونه‌وه‌ری باوانی ده‌بێت؟ یان ده‌توانێت خۆی له‌ گه‌ڵ ژینگه‌ی دووه‌مدا بگوونجێنێت؟

محه‌مه‌د: هه‌مان خووی باوانی ده‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ خه‌ڵكی عه‌ره‌بستان بێت و ببیه‌ب بۆ ڕوسیا ئه‌وه‌ ژینگه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات ئه‌گه‌ر توانی وه‌چه‌ بخاته‌وه‌و به‌رگه‌ بگرێت ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ (مانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی باشترین ده‌كه‌ن نه‌مانی ئه‌وانه‌ی باشترین ناكه‌ن) ئه‌وه‌ خاڵی یه‌كه‌می ئیڤه‌لوشنه‌.

ڕۆژەڤ: ئایا په‌ره‌سه‌ندن باسی یه‌که‌م زیندوو ده‌کات؟ چۆن یه‌که‌م به‌کتریا بووه‌ بوونه‌وه‌رێکی زیندوو؟

محه‌مه‌د: بێگومان، ئه‌وه‌ چه‌ن ڕایه‌كی له‌سه‌ره‌، وابزام گرنگترینیانم له‌ پرسیاری یه‌كه‌مدا شیم كرده‌وه‌

ڕۆژەڤ: ئایا زینده‌وره‌ گوێزه‌روه‌کان چین؟ که‌مێک روونتر باسیان بکه‌ن؟

محه‌مه‌د: زینده‌وه‌ره‌ گوێزه‌روه‌كان ئه‌و زینده‌وه‌نه‌ن كه‌ ففتی ففین ، بۆ نموونه‌ بە بەردوبی مارێک دۆزراوەتەوە لە بەرازیل بە چوار پەلەکەیەوە.ئەو بەردبووە دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی 113 ملیۆن ساڵ و وا دەردەکەوێت کە دەست و قاچەکانی بۆ رۆشتن بەکار نەهێناوە لەو قۆناغەی گۆرانکاریەکاندا. بەڵکوو زیاتر بۆ گرتنی نێچیرەکانی بەکاری هێناوون.لە بەردبووەکەدا، ئاسەواری خۆگونجادن دەردەکەوێت لەسەر "هەڵکەندنی خاک" وەک لە "مەلە کردن"، ئەمەش ئەو ئەنجامە زیاتر پشتراستر دەکاتەوە کە مار لە ئاژەڵێکی سەر زەوییەوە پەیدا بووە وەک لە ئاژەڵێکی ئاوی.ئەم هەواڵە لە چەند شوێنێکدا وه‌ك بی بی سی.

ڕۆژەڤ: مه‌به‌ستت له‌ زینده‌وره‌گوێزه‌ره‌وه‌کان ئه‌و زینده‌روه‌رانه‌ن که‌ له‌ نێوان دوو وه‌چه‌دا بوونیان هه‌یه‌؟ نیوه‌ی تایبه‌ت مه‌ندییه‌کانی باوانی هه‌یه‌؟ ئایا زینده‌وره‌ی گوێزه‌ره‌وه‌ی پێش مرۆڤیش هه‌بووه‌؟ به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د: به‌ڵێ ڕێك به‌وجۆره‌، زینده‌وه‌ره‌ گوێزه‌ره‌وه‌كان له‌ مرۆڤدا زۆر بوون، وه‌ك پێشتر وتم گۆڕانكاریه‌كانی مرۆڤ زۆر ئاڵۆز و سه‌رسوڕهێنه‌رن، یه‌كه‌م زینده‌وه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ بۆ مرۆڤ (لوسی) بوو پاشان هه‌ر ١٧ جۆره‌ مرۆڤه‌كه‌ی تر، دواتر هۆمۆ سپاینس له‌گه‌ڵ نیندردڵه‌كان یه‌كیان گرت و پێكه‌وه‌ جوت بوون پاشان ئێمه‌ هاتینه‌ كایه‌وه‌ به‌ كه‌مێك گۆڕان كاریه‌وه‌ و به‌هه‌مان ناوه‌وه‌و كه‌ هۆمۆ سپاینسی پێ ده‌لێن.

ڕۆژەڤ: دەستێوەردانانەی مرۆڤ لە نێو سرووشت و ژیانی بوونەوەرەکانی دیکە دا ، ئایا تا چەندە ئەبێتە هۆی ئەوە کە ئیدی ئەو بڕوایەی داروین کە ئەڵێ بژاردەی سرووشتی هۆکاری سەرەکیە لە پەرەسەندنی جۆراوجۆری سرووشت و بوونەوەرەکان ، تێک بچێت ؟
یان ئەو تێک چوونە چ مەترسیێکی هەیە بۆ بەردەوامی ژینگەی هەموو بوونەوەران بە تایبەت خودی مرۆڤ ؟


محه‌مه‌د: زۆر به‌ كورتی به‌ پوختی
ئه‌گه‌ر بمانتوانیایه‌ داروین زیندو بكه‌ینه‌وه‌ له‌م ڕۆژه‌دا، به‌ دڵنیایه‌وه‌ زۆر سه‌رسوڕماو ئه‌بوو به‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌و نیوێكدا هێناومانه‌ته‌ كایه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها توانیومانه‌ هه‌موو سه‌رزه‌وی داگیر بكه‌ین بۆ خۆمان، به‌ڵكو توانیومانه‌ سروشتی هه‌موو ژیان بگۆڕین، ئه‌و یاسایانه‌ی داروین ناساندی چیتر ئه‌وه‌نده‌ كار ناكه‌ن له‌م ڕۆی ژیاندا ئێمه‌ هه‌لومه‌رجێكی وامان هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌ له‌ (هه‌ڵبژاردنی سروشتی) بووه‌ به‌ (هه‌ڵبژاردنی مرۆڤی) ئێمه‌ ئاستی هاتنه‌كایه‌وه‌ی جیاوازیه‌كانمان سنوردار كردووه‌و ده‌ستمان كردووه‌ به‌ پرۆسه‌ی (ده‌ستێوه‌ردانێكی گه‌وره‌ له‌ سروشت) ئێستا ئاینده‌ی ژیان له‌ ده‌ستی ئێمه‌دایه‌.

رۆژه‌ڤ: له‌ کۆتاییدا سپاس بۆ بشداریکردنتان.

محه‌مه‌د: سوپاس بۆ ئێوه‌ش به‌ هیوای سوود بینین