205 هه‌زار زیندانی و ساڵێك 8 میلیۆن په‌روه‌نده‌ی قه‌زایی له ئێران
ئاماده كردنی: شه‌ریف فه‌لاح
( زیندانه‌كانی ئێران، لانیكه‌م شوێنی 80 هه‌زار زیندانیان هه‌یه، به‌ڵام به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی 205 هه‌زار كه‌سیان تێدا به‌ند كردوون و ساڵانه زیاتر له 8 میلیۆن دۆسیه‌ش له دادسه‌را و ناوه‌نده قه‌زایی و بێدادگاكانی ئه‌و رێژیمه دێنه گۆڕێ، ئه‌مه له حاڵێك دایه كه مه‌جلسیی كۆماری ئیسلامی له‌ژێر زه‌خت و گوشاری ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا گه‌ڵاڵه‌ی زیاد كردنی بوودجه‌ی ده‌زگای قه‌زایی ره‌ت كردۆته‌وه.)
حه‌فته‌ی رابردوو پێشنیاری هاوبه‌شی ده‌زگای قه‌زایی و كۆمیسیۆنی قه‌زایی مه‌جلیسی رێژیم بۆ زیاد كردنی بوودجه‌ی ده‌زگای قه‌زایی، له‌ژێر زه‌خت و گوشاری، نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، له كۆمیسیۆنی (تلفیق)ی مه‌جلیسی رێژیم ره‌ت كرایه‌وه.
ناوه‌ندی ئینتێرنێتیی ( ئه‌لف ) كه له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌حمه‌د ته‌وه‌كولی به‌رپرسی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلس دایه، له‌باره‌ی رێژه‌ی زیندانیه‌كان و هه‌روه‌ها ژماره‌ی په‌روه‌نده و دۆسیه‌كان له‌ناو ده‌زگا قه‌زاییه‌كانی رێژیم له بارودۆخی ئێستادا ئامارێكی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی خستۆته روو و ئاشكرای كردووه كه كۆماری ئیسلامی له هه‌لومه‌رجی ئێستادا توانایی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه یاساییه‌كانی خۆی نیه!
205 هه‌زار زیندانی:
به‌پێی ئاماری ماڵپه‌ڕی ئینتێرنێتیی ( ئه‌لف )، زیندانه‌كانی سه‌رانسه‌ری ئێران لانیكه‌م شوێنی راگرتنی 80 هه‌زار كه‌سیان هه‌یه، به‌ڵام له حاڵی حازردا 205 هه‌زار زیندانیان تێدا جێ كردوونه‌ته‌وه، یانی به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی رێژیم رێژه‌ی زیندانیه‌كان دوو به‌رابه‌ر و نیوی زه‌رفیه‌تی زیندانه‌كانه. پێش له بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م ئامار و زانیاریانه، غوڵام‌حوسێن ئیسماعیلی به‌رپرسی رێكخراوی زیندانه‌كانی رێژیم، رایگه‌یاندبوو كه فه‌زا و شوێنی زیندانه‌كان له‌گه‌ڵ رێژه‌ی زیندانیه‌كان گونجاوه و هیچ گرفتێك له گۆڕێ‌دا نیه. ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو كه له ساڵانی به‌رله شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ته‌نیا له سه‌دا 5ی رێژه‌ی زیندانیانی وڵات به بۆنه‌ی ماده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه له زینداندا بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆكه ئه‌م رێژه‌یه گه‌یشتۆته له سه‌دا 50.
به وته‌ی به‌رپرسی رێكخراوی زیندانه‌كانی رێژیم، ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ به ستاندارد كردنی هه‌لومه‌رجی ئێستای زیندانه‌كان، باری ته‌ندروستی و خواردنی زیندانه‌كان بوودجه‌ی پێویست ته‌رخان ناكات و بارودۆخی زیندانه‌كان له‌وپه‌ڕی خراپی دایه.
سه‌ره‌تای ساڵی 1388ی هه‌تاوی، رۆژنامه‌ی ( اعتماد ملی ) له راپۆرتێكدا توانایی راگرتنی زیندانه‌كانی به 60 هه‌زار كه‌س و رێژه‌ی زیندانه‌كانیشی به 168 هه‌زار كه‌س راگه‌یاندبوو، به‌م شێوه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامار و زانیاریانه‌ی كه له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی ( الف )ه‌وه خراونه‌ته روو راست و دروست بن، ده‌رده‌كه‌وێ كه له ماوی یه‌ك ساڵی رابردوودا 37 هه‌زار كه‌س به رێژه‌ی زیندانیه‌كان له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی زیاد كراون.
گیروگرفته قه‌زاییه‌كان له ئێران:
به‌ڕای كارناسان و شاره‌زایانی حقووقی هه‌ر ساڵه 8 میلیۆن په‌روه‌نده‌ی تازه دێنه ناو دادسه‌را و ناوه‌نده قه‌زاییه‌كانی كۆماری ئیسلامیه‌وه كه زۆرێك له‌و په‌روه‌ندانه به‌دواداچوونیان له‌باره‌وه ناكرێ و ره‌وتی یاسایی خۆیان نابڕن، به له‌به‌رچاو گرتنی زیادبوونی په‌روه‌نده‌كانی پێشوو، ده‌زگای قه‌زایی ده‌بێ هه‌ر ساڵه به‌دواداچوون له‌باره‌ی 11 هه‌زار په‌روه‌نده‌وه بكات. ئه‌مه له‌لایه‌ك و ئاڵۆزی و گوم و گۆڕ بوونی په‌ره‌وه‌نده‌ی زۆرێك له تاوانباران و هه‌روه‌ها نه‌بوونی سیستمێكی ئیداریی تۆكمه هێنده‌ی دیكه دۆخه‌كه‌یان ئاڵۆزتر كردووه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خودی رێژیم رێژه‌ی قازییه‌كانی وڵاتی 7 هه‌زار كه‌س راگه‌یاندووه كه 1500 كه‌سیان له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ریدا كار ده‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه هه‌ركام له‌و 5 هه‌زار و 500 قازییه‌كه‌ی دیكه رۆژانه 20 په‌روه‌نده‌یان به‌ر ده‌كه‌وێ. ئه‌گه‌ر بێت و نێونجی قه‌باره‌ی هه‌ر په‌روه‌نده‌یه‌كیش 5 لاپه‌ڕه له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وه به‌و مانایه‌یه كه هه‌ر قازییه‌ك ده‌بێ رۆژانه هه‌زار لاپه‌ڕه په‌روه‌نده بخوێنێته‌وه و له هه‌مان حاڵ‌دا له‌گه‌ڵ تاوانبار و داواكار و پارێزه‌ركانیشیان قسه و راوێژ بكات.
كه‌میی رێژه‌ی قازی و نه‌بوونی بوودجه و هه‌روه‌ها زیاد بوونی خه‌سار و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی ره‌وتی سه‌ركوت، بڕ و بیانووی هێز و داموده‌زگاكانی رێژیم به‌ناوی بردنه سه‌ری ئه‌منیه‌ت و ته‌ناهیی كۆمه‌ڵایه‌تی دۆخێكی وایان خولقاندووه كه رۆژانه به ژماره‌ی په‌روه‌نده و دۆسییه‌كان زیاد ده‌بن. ده‌بینین ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه به جۆرێك تووشی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به تایبه‌ت ماده هۆشبه‌ره‌كان بوون، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كانی رێژیم ده‌مێننه‌وه و ئه‌ویش بۆ خۆی ده‌یان گیروگرفتی هه‌یه‌و پاش ماوه‌یه‌كی زۆر هێشتا چاره‌نووسی نادیاره و دادگایی ناكرێ. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌سبڕ و دزه پسپۆڕه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه له فریو و به تاڵان بردنی ماڵی خه‌ڵكدا شاره‌زان، به‌باشی له بارودۆخی ناو ده‌زگا قه‌زاییه‌كان و ره‌وتی په‌روه‌نده‌كان ئاگان و به جه‌ساره‌ته‌وه ئه‌مه به هه‌ل ده‌زانن و به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاره‌كانی خۆیان.
ئه‌وانه‌ی كه باس كران و ئه‌و ئامارانه سه‌باره‌ت به رێژه‌ی زیندانیه‌كان و هه‌روه‌ها دۆخی په‌روه‌نده‌كان له ئێران، ئاماری خودی ده‌زگاكانی رێژیمن و وه‌كوو هه‌میشه جیا له پێكناكۆكی و جیاوازی، پڕن له چه‌واشه‌كاری و فریودانی بیروڕای گشتی ده‌نا، رێژه‌ی زیندانیه‌كان، ژماره‌ی زیندانه ئاشكرا و نهێنیه‌كان و هه‌روه‌ها دۆخی زیندانه‌كان و ره‌وتی پڕ ئاڵۆزی په‌روه‌نده‌كان له ئێران زۆر له‌وانه خراپترن كه خودی رێژیم ده‌یانخاته روو.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی DW
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ
- وه‌زاره‌تی علووم هه‌واڵی داخوازیی نوێی بۆ بونیاد نانی زانکۆی کچانه‌ی بڵاو کرده‌وه
- ئاگاداری: ماڵپه‌ڕی یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران نوێ کرایه‌وه
- به‌ڕیوه چوونی ریورهسمیك به بۆنه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا
- كاروچالاكی ئه‌ندامانی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز
- اروچالاكی ئه‌ندامانی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز
- ئێران به هۆی پێشێلكاریی مافی مرۆڤه‌وه له ریكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه مه‌حكووم كرا
- بەرپرسی پەیوەندیەکانی کومیتەی باریکەی یەکیەتی لاوان لە ناوچەی شارەزوور سەردانی رێکخراوی ئازادی لاوان سەنتەری هەڵەبجەی تازەی کرد
- هەیئەتێكی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ كۆمیتەی سلێمانی لاوان كۆ بوونەوە
- ئەندامانی كۆمیتەی سلێمانی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی 26ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی كوردستان، رێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد.
- یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ، جه‌وله‌یه‌كی سیاسی _ نیزامی به‌ڕێوه‌برد


