سانسۆری كتێب له ئێران كتێبخانه گشتیهكانیشی گرته‌وه
شه‌ریف فه‌لاح
( به‌پێی بڕیار و بهخشنامهیهكی نێهێنی كه ئیداره‌ی حه‌راسه‌تی وه‌زاره‌تی به‌ناو فه‌رهه‌نگی رێژیم بۆ كتێبخانه‌ی گشتیی پارێزگا و شارستانه‌كانی سه‌رانسه‌ری ئێرانی ناردووه، له‌مه‌و به‌دوا دابین كردنی سه‌رچاوه و كڕینی كتێبی تازه به‌پێی یاسا و رێوشوێنه تازه‌كان ده‌بن و كتێب و به‌رهه‌می زۆر نووسه‌ریش نابێ له كتێبخانه‌كان بمێنن.)
رێژیمه دیكتارتۆر و تۆتالیتێره‌كان، هه‌رچی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر ببێ، زیاتر به‌ناخی سه‌ره‌ڕۆیی، چه‌ق به‌ستوویی و دواكهوتووییدا رۆ ده‌چن و بۆ سه‌پاندنی فكر و ئیدئۆلۆژیی خۆیان و قه‌بزه كردنی بیر و ئه‌ندێشه‌ی سه‌رله‌به‌ری كۆمه‌ڵگا هه‌موو تواناییه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ و په‌ل بۆ هه‌موو كرده‌یه‌كی دژه یاسایی و ناسه‌رده‌میانه ده‌كوتن. ئه‌و بوار و كه‌رته‌ی كه كۆماری ئیسلامی به درێژایی ژیانی زراوی لێ تۆقیوه، بواری خوێندن، زانیاری و زانستی سه‌رده‌م و داهێنانی نوێیه كه هه‌رده‌م به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه. كۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه و كانگای خوێندن و زانیاری و داهێنان، واته زانستگا دژایه‌تی كردووه و له راستای قسه و لێدوانه‌كه‌ی خومهینیندا رێگا ده‌پێوێ كه گوتبووی ئێمه له هێرشی دوژمنان بۆ سه‌ر وڵات ناترسین، به‌ڵكوو له دروست بوونی فكر و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ناو زانستگاكان ده‌ترسین.
به درێژه‌دانی ئه‌م رێچكه دژایه‌تیه‌ی كۆماری ئیسلامی، سانسۆر، به‌ربه‌ست و دژایه‌تی كردنی بیری ئازاد له‌ناو كۆمه‌ڵگا و به تایبه‌تی له بواری رۆژنامه‌نووسی، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و به گشتی مه‌یدانی نوسین و ئه‌فراندنی وڵات بوو به دیارده‌یه‌كی ئاسایی و به داس و ته‌وری نه‌زانی و ئیدئۆلۆژیی سواو به‌ژن و باڵای نه‌مامی ئازادی و هزری نوێیان هه‌ڵپاچی و له جێگای مۆته‌كه‌ی ترس و گومان و دڕدونگی و خورافات و ئامۆژگاری و واعیزهیان دانا. قه‌ڵه‌مه ئازا و بوێره‌كان شكێنران، كتێبه باش و ده‌گمه‌نه‌كان كه پڕ بوون له راستی و واقیعیه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌رد و ئازاری نیشتمانیان ده‌خسته روو، به چه‌قۆی سانسۆر داپاچران و له جێگایان كولتووری به‌سیجی، وه‌لایه‌تمه‌داری، وههم و خه‌یاڵی میتافیزیكی سه‌قامگیر كران. ئه‌و سانسۆره فكریه‌ی كه كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر كتێب و گۆڤار و رۆژنامه و چاپه‌مه‌نیه‌كاندا ده‌یسه‌پێنێ، یه‌ك له‌و گرفت و كێشه سه‌ره‌كیانه‌یه كه‌له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا پێشی به ره‌وتی داهێنان و نووسین گرتووه و بۆته هۆی نائومێدی و وه‌ستان و دڵه‌ڕاوكێی نووسه‌ران. ئه‌م ره‌وته‌ش پاش بشێوییه‌كانی ئێران له ماوه‌ی رابرددوا روو له زیاد بوونه و ئیداره‌ی به‌نا و فه‌رهه‌نگ و ئیرشاد ناوه‌رۆك و وشه به وشه‌ی كتێب و رۆژنامه‌كان ده‌پشكنێ.
ئه‌وه راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره كه له‌گه‌ڵ داسه‌پانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له ساڵی 84ه‌وه وه‌ك سه‌ركۆماری رێژیم پێكهاته و به گشتی سه‌رله‌به‌ری وڵات كرا به نیزامی و هه‌موو قوژبن و كه‌له‌به‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگا پشكێنران و كۆنترۆڵ و چاوه‌دێریی توندی ئه‌منیه‌تی بڕستی له هاووڵاتیان بڕی. یه‌ك له‌و مه‌سه‌له و پرسانه‌ی كه رێژیمی تاران به خێرایی په‌ره‌ی پێداوه، مه‌سه‌له‌ی سانسۆری ده‌وڵه‌تی و پێشگیری له بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می به‌پێز و بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئازادیخوازنه بووه. له راستیدا رێژیم به‌مكاره‌ی داهێنانی خنكاندووه و ده‌یهه‌وێ له‌و رێگایه‌شه‌وه بیر و هزر و ئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵكیش بپشكنێ و نه‌هێڵێ جگه‌له ئیدئۆلۆژی و روانگه و جیهانبینیه‌كانی خۆی خه‌ڵك هیچ بابه‌تێكی گرینگی زانستی و زانیاری بخوێننه‌وه و به‌رده‌وام ده‌یهه‌وێ خه‌ڵك له نهزانپهرستی و بێ ئاگاییدا بهێڵێته‌وه و به‌گشتی سۆنگه و ئاراسته‌ی فكریی كۆمه‌ڵگای ئێران بگۆڕێ و به گشتی ده‌سته‌مۆی بكات. له راستیدا رێژیم پاساوی بۆ سانسۆر و كۆنترۆڵ و چاوه‌دێری به‌سه‌ر گۆڤار و كتێبه‌كان دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانێیه له‌گه‌ڵ به‌ناو (هێرشی فه‌رهه‌نگی)دا. ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كه داتاشراو و هه‌ڵێنجراوی مێشكی سواوی ئاخوندهكانه. ده‌سه‌ڵاتدارانی نیزام له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ر و هه‌وێنی زانستی سه‌رده‌م دژایه‌تیان هه‌یه و ده‌یانهه‌وێ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی جیهانیبوون دژایه‌تی بكه‌ن و له روویان هه‌ڵنایه راسته‌وخۆ ده‌ری ببڕن و ده‌یانهه‌وێ له رێگای سانسۆری فیكری به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ق و نووسراوانه‌ی كه له زمانه بیانییه‌كانه‌وه وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانی فارسی، دژایه‌تیی خۆیان نیشان بده‌ن. كاتێك رێژیمێك له ئاستی زانستگاكاندا له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندن و به تایبه‌ت لقی زانسته مرۆییه‌كان دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانێ ده‌كات، ده‌بێ چ چاوهڕوانیهكت هه‌بێ كه داموده‌زگاكانی دیكه‌ی وه‌ك ئیداره‌ی به‌ناو فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی مۆته‌كه‌ی سانسۆر نه‌خه‌نه‌گه‌ڕ و زمان و كولتوور و زانست و داهێنان ده‌سته‌مۆ نه‌كه‌ن و سه‌ری نه‌بڕن؟ تازه‌ترین هه‌وڵی رێژیم بۆ سانسۆر و پشكنینی بیر و ئه‌ندێشه‌كان جیا له ئیداره‌ی سانسۆر و هه‌وڵه دژه مرۆییه‌كانی، بڕیارنامه‌ی نهێنیی وه‌زاره‌تی به‌ناو فه‌رهه‌نگی رێژیمه كه له به‌خشنامه‌یه‌كدا به هه‌موو كتێبخانه گشتی و فه‌رمیه‌كانی سه‌رانسه‌ری وڵاتی راگه‌یاندووه كه له‌مه‌و به‌دوا ده‌بێ سانسۆری هه‌تاسه‌ر ئێسقان به‌ڕێوه بچێ و به ته‌واوه‌تی كتێبخانه‌كان له بیری بێگانه و رۆژئاوایی پاك بكرێنه‌وه. ئه‌وه‌ی كه له گشت سه‌یرتره ئه‌وه‌یه كه له‌و بریارنامه‌یه‌دا هاتووه كه له‌مه‌و به دوا ده‌بێ به‌پێی بوونی سه‌رچاوه‌ی كتێب له كتێبخانه‌كان رێوشوێنێك بۆ جۆری خوێندنه‌وه‌ی خه‌ڵك دیاری بكرێ كه چ جۆر كتێب و سه‌رچاوه‌یه‌ك بخوێننه‌وه كه ئه‌م ته‌رحه به ناوی ( خوێندنه‌وه‌ی به كه‌ڵك ) ناودێر كراوه. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش كه بڕیاره بكه‌ونه ژێر پیلانی سانسۆره‌وه ئه‌م بوارانه‌ن: ئه‌ده‌بیات ـ ده‌روونناسی ـ فه‌لسه‌فه ـ دینی ـ مێژوو ـ كۆمه‌ڵناسی و زانسته سیاسییه‌كان. به‌پیێ ئه‌و بڕیاره‌ی ریژیم كتێب و به‌رهه‌م و نووسراوه‌ی زۆرێك له نووسره ئێرانی و بیانیه‌كان ده‌بێ له كتێبخانه گشتییه‌كان قه‌ده‌غه بكرێن، كه ئه‌مه ناوی هێندێكیانه: ئیبراهیم نه‌به‌وی ـ سادق هیدایه‌ت ـ رهجهبعهلی ئیعتمادی ـ عه‌بدولكه‌ریم سروش ـ مه‌سعوود بهنود ـ ئه‌كبه‌ر گه‌نجی ـ مونیره مودب پوور ـ پائۆلۆكۆییلۆ ـ ئۆشو و كریشنا مۆرتی. ئامانجی كۆماری ئیسلامی له بواری سانسۆردا ده‌سته‌مۆ كردنی بیروڕای گشتی و سه‌پاندنی ئیدئۆلۆژییه سواو و سه‌ده نێوهڕاستیهكانیهتی كه ده‌یهه‌وێ له رێگای تیۆرییه‌وه سه‌قامگیریان بكات.
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ
- وه‌زاره‌تی علووم هه‌واڵی داخوازیی نوێی بۆ بونیاد نانی زانکۆی کچانه‌ی بڵاو کرده‌وه
- ئاگاداری: ماڵپه‌ڕی یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران نوێ کرایه‌وه
- به‌ڕیوه چوونی ریورهسمیك به بۆنه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا
- كاروچالاكی ئه‌ندامانی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز
- اروچالاكی ئه‌ندامانی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز
- ئێران به هۆی پێشێلكاریی مافی مرۆڤه‌وه له ریكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه مه‌حكووم كرا
- بەرپرسی پەیوەندیەکانی کومیتەی باریکەی یەکیەتی لاوان لە ناوچەی شارەزوور سەردانی رێکخراوی ئازادی لاوان سەنتەری هەڵەبجەی تازەی کرد
- هەیئەتێكی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ كۆمیتەی سلێمانی لاوان كۆ بوونەوە
- ئەندامانی كۆمیتەی سلێمانی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی 26ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی كوردستان، رێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد.
- یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، به بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ، جه‌وله‌یه‌كی سیاسی _ نیزامی به‌ڕێوه‌برد


